ئایا عەلی زەیدی "پیاوی واشنتۆن"ە؟ ئایا 2 ملیۆن دۆلار دراوە بە لایەنەکانی شیعە؟


وێستگەنیوز-

عەلی زەیدی نوێنەرایەتی "پیاوی واشنتۆن" لە بەغداد ناکات، بەڵکو سەرکەوتنی ئەو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران نیشانەی وەرچەرخان لە ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" و دژی تاران نییە. بە پێچەوانەوە، زەیدی لە ناو بازنەی هەژموونی ئێراندایە و لەوێدا کاریکردووە و گەشەی کردووە. هەر بۆیە وەک ماڵپەڕی "ئەمواج"ی بەریتانی دەڵێت: یەکەم تاقیکردنەوەی ئەو لە کەرتی ئەمنیدا دەبێت.

کاندیدێکی چاوەڕواننەکراو

ماڵپەڕە بەریتانییەکە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دەرکەوتنی ئەلزەیدی کتوپڕ بوو و بووە هۆی شۆک بۆ زۆرێک لە چاودێران، چونکە ئەو وەک بازرگانێکی گەنج و لە دەرەوەی نوخبەی سیاسی ناسراو دەبینرا. هەڵبژاردنی ئەو نەک لەبەر ئەوەی بەهێزترین کاندید بێت، بەڵکو لەبەر ئەوە بووە کە تاقە کەس بووە هەموو لایەنە خاوەن بەرژەوەندییەکان بەرگەی بگرن.

هەرچەندە هەندێک کەس پەراوێزخستنی نوری مالیکی وەک سەرکەوتنێک بۆ واشنتۆن دەبینن (دوای ئەوەی ترەمپ لە کانوونی دووەمدا پشتگیری کاندیدکردنی مالیکی نەکرد بەهۆی نزیکیی زۆری لە ئێران)، بەڵام ڕاپۆرتەکە دەڵێت: سەرکەوتنی زەیدی نیشانەی وەرچەرخانی یەکلاکەرەوە دژی تاران نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی "میکانیزمی مانەوە" لای چینە سیاسییەکەیە، کە کەسایەتیی "سازشکار" دەهێننە پێشەوە بۆ بەڕێوەبردنی فشارە دەرەکی و ناوخۆیییەکان.

مێژووی دەستوەردانە دەرەکییەکان

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە کاریگەریی دەرەکی لە دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق شتێکی نوێ نییە:

نوری مالیکی: بە پشتگیری زەلمای خەلیلزاد (باڵیۆزی ئەوکاتی ئەمریکا) هاتە سەرکار.

حەیدەر عەبادی: چارەسەرێکی ناوەندگیر بوو لە نێوان تاران و واشنتۆن.

عادل عەبدولمەهدی: ئاماژەیەک بوو بۆ وەرچەرخان بەرەو تاران بە فشاری قاسم سولەیمانی.

موستەفا کازمی: ڕەنگدانەوەی زیادبوونی هەژموونی تۆڕە هەواڵگرییەکانی ئێران بوو دوای کوژرانی سولەیمانی.

محەمەد شیاع سودانی: وا دەبینرا کە بەهۆی نەبوونی بنکەی سیاسی، نەرم دەبێت بەرامبەر بەرژەوەندییەکانی لایەنە شیعییەکانی نزیک لە ئێران، بە تایبەت قەیس خەزعەلی کە ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە هێنانە سەرکاری.

رۆڵی قەیس خەزعەلی و فایەق زەیدان

سەرچاوەیەکی سیاسی لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت کە قەیس خەزعەلی ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە هەڵبژاردنی زەیدی دا و پەیوەندییەکی مێژوویی لە نێوانیاندا هەیە. هەروەها فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی دەسەڵات دەرکەوتووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە بەهۆی دەستوەرنەدانی ڕاستەوخۆی ئێران لە کێشە ناوخۆیییەکانی ئەم دواییەی چوارچێوەی هەماهەنگی دروست ببوو.

پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن و تاران

زەیدی توانیویەتی تۆڕێکی پەیوەندیی سنووردار بەڵام کارا لەگەڵ کورد، سوننە و شیعە دروست بکات. بۆ یەکەمجار لە مێژووی نوێی عێراقدا، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ڕاستەوخۆی لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە پێگەیشت، لە کاتێکدا کاردانەوەی تاران زۆر سارد و تەنها لە ئاستی وەزیری دەرەوەدا بوو.

بەڵام ڕاپۆرتەکە هۆشداری دەدات: "نابێت ئەمە وەک بەڵگەی ئەوە ببینرێت کە زەیدی پیاوی واشنتۆنە." پەیوەندییەکانی زەیدی لەگەڵ ئێران نە نوێن و نە سەرپێی. ئاماژە بەوە دراوە کە "بانکی ئیسلامی باشوور" (المصرف الجنوب الإسلامي) کە پەیوەندی بە زەیدییەوە هەیە، پێشتر لەلایەن گەنجینەی ئەمریکاوە بە گومانی سپیکردنەوەی پارە بۆ ئێران، مامەڵەکردنی بە دۆلار لێ قەدەغە کراوە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت پشتگیری واشنتۆن بۆ زەیدی هاوشێوەی ئەو هەڵە مێژووییەیە کە لە ساڵی 2006 لەگەڵ مالیکی کردیان؛ کاتێک وایان دەزانی مالیکی دەتوانێت هاوسەنگی بەرامبەر تاران دروست بکات، بەڵام دواتر بووە جێ متمانەترین هاوبەشی ئێران.

لێکدانەوەی ئەم ماڵپەرە بەریتانییە لەکاتێکدایە کە ناسر دۆسەری، چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووی کوەیت زانیاریی نوێ لەبارەی پشتپەردەی ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ دیاریکردنی عەلی زەیدی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرا دەکات، لە سەرووی هەمووشیانەوە قەتەر.

ناسر دۆسەری لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، کاندیدکردنی ناوبراو بە ڕەزامەندی ڕاستەوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی سیاسیی و ئابووریی نێوان قەتەر و هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەنجام دراوە.

بەوتەی دۆسەری دەوڵەتی قەتەر بڕی دوو ملیار دۆلاری وەک سەرانە داوە بە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ تێپەڕاندنی ئەم کاندیدە، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەم بڕە پارەیە "لە پێناو خودادا نەدراوە”، بەڵکو بۆ گەرەنتیکردنی چوار پڕۆژەی ستراتیژیی گەورەیە، کە پێویستە لە خولی سەرۆکایەتیی زەیدیدا پەسەند بکرێن و بچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەو پڕۆژە ستراتیژییانەی کە لەسەری ڕێککەوتوون بریتین لە (پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان: پێکەوەبەستنی بەندەری فاو بە تورکیا و ئەورووپا، ڕاکێشانی هێڵی غازی قەتەر لە ڕێگەی خاکی عێراق و تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا.

هەروەها سپاردنی پڕۆژەی پەرەپێدانی کیڵگەیەکی غازیی گرنگی پارێزگای ئەنبار بە کۆمپانیای قەتەر ئینێرجی و لەهەمان کاتیشدا دروستکردنی دوو هێڵی سەرەکی بۆ گواستنەوەی نەوتی بەسرە و کەرکووک، کە بە خاکی سووریا و ئوردندا تێپەڕ دەبن بەرەو بەندەرەکانی تارتۆس لەسەر دەریای ناوەڕاست و عەقەبە لەسەر دەریای سوور.

ئەم لێدوانانە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەشێکە لە نەخشەیەکی گەورەتر بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی وزە و گواستنەوە لە ناوچەکەدا.

سەرەڕای ئەمەش هاوپەیمانانی تاران لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت، کەرتی ئابووری و ئەمنیدا ڕەگیان داکوتاوە. عەلی زەیدی، هاوشێوەی ئەوانەی پێش خۆی، لە ڕووکەشدا قسە لەسەر "هاوبەشی لەگەڵ واشنتۆن" دەکات، بەڵام لە ناو سیستمێکدا کار دەکات کە ئێران تێیدا "کۆکەرەوەی هاوبەشە". تاران ئەم حکومەتە نوێیە وەک ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان بەکاردەهێنێت.

بۆ واشنتۆن، تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئایا زەیدی دەتوانێت چاکسازی لە کەرتی ئەمنیدا بکات؟ بەڵام ئەزمونە سیاسییەکانی ئێستای عێراق ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەویش وەک کەسانی پێش خۆی، تەنها دەتوانێت "چاکسازیی ڕووکەشی" ئەنجام بدات.



PM:02:07:06/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 168 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت