لە ڕیگانەوە بۆ تره‌مپ: یەک هوتێل و دوو سەرۆک و یادەوەرییەک دووبارە دەبێتەوە


هوتێلی "واشنتۆن هێڵتۆن" جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ پێشەوەی دیمەنە سیاسی و ئەمنییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دوای ئەوەی بووە گۆڕەپانی ڕووداوێکی تەقەکردن ودوورخستنەوەی دۆناڵد تره‌مپ سەرۆکی ئەمریکا، لە هۆڵی نانی ئێوارەی ساڵانەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی.

ئەم رووداوه‌، رووداوێكی هاوشێوه‌ی خستووه‌ته‌ بیری هاوڵاتیانی ئه‌مریكا و جیهان كه‌ به‌ر له‌ 45 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له‌ هه‌مان هۆتێل روویداوه‌ و تێیدا هه‌وڵی تیرۆركردنی ڕۆناڵد ڕیگان سەرۆکی ئه‌و كاتی ئه‌مریكا درا.

لە ڕیگانەوە بۆ تره‌مپ

دەیان ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و پێش ئەوەی تره‌مپ بە پەلە، لە هۆڵەکە دوور بخرێتەوە، هوتێلی "واشنتۆن هێڵتۆن" لە 30ی ئازاری 1981دا، چووە ناو مێژووی ئەمریکاوە، کاتێک ڕۆناڵد ڕیگان سەرۆکی ئه‌و كاتی ئه‌مریكا، لە کاتی چوونە دەرەوەی لە هوتێلەکە، ڕووبەڕووی تەقەکردن بووەوە.

بەپێی ئەرشیفی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا (FBI)، جۆن هینکلی کوڕ، شەش فیشەکی لە دەمانچەیەکی عەیارە 22 ملیمه‌وه‌، تەقاندووە، یەکێک لە فیشەکەکانیش بەر ئۆتۆمبێلی سەرۆکایەتی کەوتووە و سنگی ڕیگان-ی برینداركردووه‌.

سەرەتا هه‌ست به‌ برینداربوونی ریگان نه‌كراوه‌، پاشان ڕیگان دەست ده‌كات بە کۆکە و خوێن لە دەمی دێته‌ دەرەوە، ئینجا ده‌زانن بریندار بووه‌ و بە خێرایی ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ نەخۆشخانە و لەوێ چارەسەری بەپەلەی بۆ ده‌كرێت.

ڕیگان پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی، 12 ڕۆژ لە نەخۆشخانە ده‌مێنێته‌وه‌، لەو ڕووداوەدا جەیمس برادی وتەبێژی سەرۆکایەتی و تیمۆسی مەکارتی کارمەندی دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی و تۆماس دیلاهێنتی پۆلیسیش بریندار بوون.

گۆڕانکارییە ئەمنییەکان دوای هەوڵی تیرۆرکردنەکە

هێرشەکەی سەر ڕیگان بووە هۆی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لەناو هوتێلەکەدا، لەوانە دروستکردنی باڵێکی (جناح) تایبەتی سەرۆکایەتی، لە نزیک دەروازەی هاتنه‌ ژووره‌وه‌، بۆ ئاسانکردنی هاتووچۆی خێرا لە کاتی نائاساییدا. هەروەها گەراجێکی پارێزراو بۆ ئۆتۆمبێلی سەرۆکایەتی تەرخانکرا کە بە ئەسانسۆر و پەیژەی تایبەتەوە بەستراوەتەوە و ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو باڵە سەرۆکایەتییەکە.

بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، دوای ڕووداوی تەقەکردنەکەی دوێنێ، تره‌مپ بۆ ماوەیەکی کورت، گواستراوەتەوە بۆ ئەم باڵە تایبەتە، پێش ئەوەی ڕێکارە ئەمنییەکان تەواو بکرێن.

شەوێک بڕیار بوو ئاهه‌نگسازبێت

ڕووداوەکەی شەوی شەممە، 25ی نیسانی 2026، لە ئێوارەی ئه‌و رۆژه‌دا روویداوه‌. له‌و ئێواره‌یه‌دا، بڕیار بوو کەشێکی ئاهه‌نگسازی هەبێت، وا بڕیاربوو له‌و ئاهه‌نگه‌دا، تره‌مپ لە کاتی نانی ئێوارەی ساڵانەی کۆمەڵەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی، له‌ به‌رده‌م رۆژنامه‌نووسان و ئاماده‌بوواندا، وتارێک پێشكه‌ش بكات.

ئەمە یەکەم بەشداریی ئەو بوو، وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مریكا، لەو بۆنەیەدا، بەڵام ئێوارەکە لە چەند چركه‌یه‌كدا گۆڕا، کاتێک كۆمه‌ڵێك دەنگی بەرز لەناو هۆڵەکەدا بیسترا، لەو کاتەی ئامادەبووان خەریکی نانی ئێوارە بوون.

ترس و تۆقین لەناو هۆڵەکەدا

شایەتحاڵەکان دەڵێن کارمەندە ئەمنییە چەکدارەکان، هەڵیانکوتاوەتە ناو هۆڵی ئاهەنگەکە و داوایان لە هەمووان کردووە بچەمێنەوە سەر زەوی، لەو کاتەدا مۆسیقاکە، لەناکاو وەستا و بێدەنگییەکی کورت باڵی بەسەر شوێنەکەدا کێشا، ئه‌مه‌ پێش ئەوەی پرۆسەی چۆڵکردن دەست پێبکات.

دواتر دووبارە بانگه‌وازی وەک "نزم ببنەوە" و "پاڵ بکەون" كه‌وته‌وه‌ به‌ر گوێی ئاماده‌بووان، لە کاتێکدا کارمەندانی ئەمنی لە نێوان مێزەکاندا دەجوڵانەوە، قاپ و کەوچک و چەتاڵەکان، لەناو دۆخێکی شڵەژاوی فراواندا دەکەوتنە سەر زەوی.

تره‌مپ لەسەر سەکۆکە دانیشتبوو، پێش ئەوەی کارمەندانی ئەمنی دەستوەردان بکەن و بە خێرایی بۆ دەرەوەی هۆڵەکە بیگوازنەوە.

گومانلێکراوەکە چۆن گەیشتە ئەوێ؟

دواتر، ئەو تۆمارە ئەمنییانەی تره‌مپ بڵاویکردنەوە، پیاوێکیان نیشان دەدا بەناو ئامێرەکانی پشکنینی کانزادا، ڕادەکات و خاڵەکانی پشکنین دەبەزێنێت، ئەمەش وای لە کارمەندانی ئەمنی کرد چەکەکانیان ده‌ربێنن و ئاراسته‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی بكه‌ن كه‌ به‌ ناو ئامێره‌كانی پشكنیندا راده‌كات. پاشان ناسنامەی گومانلێکراوەکە دیاریکرا، ده‌ركه‌وت ناوی (کۆڵ تۆماس ئەلین)ە، تەمەنی 31 ساڵە و خەڵکی شاری تۆرانسە لە ویلایەتی کالیفۆرنیا.

له‌م باره‌یه‌وه‌، دەسەڵاتداران ڕایانگەیاند تۆمه‌تبار چەکێکی ڕاو و دەمانچە و چەند چەقۆیەکی پێبووە، لێکۆڵینەوەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەری هەیە گومانلێکراوەکە، نیشتەجێی خودی هوتێلەکە بووبێت، ئەمەش ڕەنگە هۆکاری ئەوە بێت کە توانیویەتی بچێتە ناو بیناکە و بگاتە نزیک شوێنی چالاکییەکە.

سیستەمێکی پاراستنی فرەچەشن

ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە هوتێلەکە لە کاتژمێر 2ی پاش نیوەڕۆوە، بەڕووی هاوڵاتیانی گشتیدا داخرابوو، واتە چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی خوانی ئێواره‌ لە کاتژمێر 8ی شەو، هوتێله‌كه‌ به‌ ڕووی هاوڵاتیاندا داخرابوو.

نزیکەی 2 هه‌زار و 300 میوان لەناو هۆڵەکەدا ڕووبەڕووی زنجیرەیەک ڕێکاری ئەمنی بوبوونەوە، لەوانە پشکنینی تکتەکان و پشکنین لە ڕێگەی ئامێرەکانەوە کە لەلایەن دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گواستنەوەوە، سەرپەرشتی دەکران. بەرپرسان ئەو ڕێکارانەیان بە "سیستەمی پاراستنی فرەچەشن" وەسف کرد و جەختیان کردەوە بەپێی ئەو دیزاینەی بۆی دانراوە، کاری کردووە.

شوێنێک یادەوەری جێناهێڵێت

هوتێلی "واشنتۆن هێڵتۆن" لە ماوەی دەیان ساڵدا، میوانداریی چالاکییە سیاسی و میدیاییە گه‌وره‌کانی کردووە، بەڵام ئێستا هه‌ڵگری سیمبولێكی جیاوازه‌ و بووه‌ته‌ ئه‌و شوێنەی، تێیدا دوو ڕووداو روویانداوه‌ و سەرۆکایەتی ئەمریکایان لە دوو سەردەمی جیاوازدا، هەژاندووه‌.

لە نێوان تەقەکردن لە ڕیگان لە ساڵی 1981 و دوورخستنەوەی تره‌مپ لە ساڵی 2026، هوتێلەکە جارێکی دیکە بووەوە سەردێڕی هەواڵەکان، وەک شوێنێک کە سیاسەت، مێژوو، ئەمن، تێدا ئاوێتە دەبن.


PM:02:36:26/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 124 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت