له‌ گەمارۆی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران 10 هەزار سەرباز و دەیان فڕۆکە بەشدارن


وێستگەنیوز-

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا سێنتکۆم، رایگه‌یاند ‌ زیاد لە 10 هەزار سەرباز، لە هێزەکانی مارێنز و هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی، لەگەڵ زیاتر لە 12 کەشتی جەنگی و دەیان فڕۆکە، به‌شدارن بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی سەپاندنی گەمارۆی دەریایی، بەسەر ئەو کەشتییانەی ڕوو لە بەندەرەکانی ئێران دەکەن یان لێی دەردەچن.

سێنتکۆم ڕوونی کردەوە پرۆسەکە لە 24 کاتژمێری یەکەمدا، بووەتە هۆی ڕێگریکردن لە هەر کەشتییەک کە بیەوێت بەربەستی گەمارۆکە ببڕێت، لەو ماوەیەدا 6 کەشتی بازرگانی، پابەندی ڕێنماییەکانی هێزە ئەمریکییەکان بوون و گەڕاونەتەوە بۆ یەکێک لە بەندەرەکانی ئێران لە دەریای عومان.

هەروەها جەختی له‌وه‌ کردەوە گەمارۆکە بە شێوەیەکی بێلایەنانە، بەسەر کەشتیی هەموو ئەو وڵاتانەدا جێبەجێ دەکرێت کە دەچنە ناو بەندەر و ناوچە کەناراوەکانی ئێران یان لێی دەردەچن، بە بەندەرەکانی ئێران لە کەنداوی عەرەبی و دەریای عومانیشەوە.

لە بەرانبەردا فەرماندەییەکە ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، هێزە ئەمریکییەکان، بەردەوامن لە پشتگیریکردنی ئازادی هاتوچۆی دەریایی، بۆ ئەو کەشتییانەی لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕ دەبن، بۆ بەندەرە نائێرانییەکان یان لێیانەوە دێن.

له‌ یلایه‌كی دیكه‌وه‌، گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، چووە دووەم ڕۆژیەوە و هەندێک خەمڵاندن ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە ڕۆژانە، نزیکەی 435 ملیۆن دۆلار زیان لە دەسەڵاتدارانی ئێران بکەوێت، لەوانەش 276 ملیۆن دۆلار زیان لە هەناردەکردن کە زۆربەیان نەوتی خاو و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانن.

درێژەکێشانی گەمارۆکە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی داهاتی هەناردەکردنی ئێران، بە بڕی 100 ملیار دۆلار لە ساڵێکدا، ئه‌م بڕه‌ یەکسانە بە چارەکی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی و دەبێتە هۆی کەمیی دراوی بیانی، ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی شێتانە، لە نرخی ئاڵوگۆڕ و زیادبوونی کورتهێنانی بودجەی لێ دەکەوێتەوە.

سوپای ئەمریکا دوێنێ دووشەممە، ڕوونی کردەوە گەمارۆکەی بۆ گەرووی هورمز، بەرەو ڕۆژهەڵات بۆ دەریای عومان و دەریای عەرەب درێژ دەبێتەوە و داتاکانی شوێنکەوتنی کەشتییەکانیش، دەریانخستووە دوو کەشتی لە گەرووەکەدا، گەڕاونەتەوە دواوە، ئه‌مه‌ هاوکات بووه‌ لەگەڵ چوونە بواری جێبەجێکردنی گەمارۆکە.

لە لایەکی ترەوە ئێران، دوای تێکچوونی دانوستانەکانی نێوان هەردوولا، لە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لە ئیسلام ئاباد کە ئامانجیان گەیشتن بوو بە چارەسەرێک بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی لە 28ی شوباتی ڕابردوو دەستی پێ کرد و 40 ڕۆژی خایاند، هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی بەندەرەکانی وڵاتانی کەناراوەکانی کەنداو کرد.


PM:09:53:14/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت