چی دەربارەی فڕۆکەی "ڕۆژی قیامه‌ت" دژی هێرشە ئەتۆمییەکان ده‌زانیت؟


وێستگەنیوز-

فڕۆکەی "ڕۆژی قیامه‌ت" فڕۆکەیەکی بۆینگه‌ لە جۆری E-4B، بۆ ئه‌وه‌ ئامادەکراوە، لە کاتە هەرە نائاسایی و مەترسیدارەکاندا، وەک هێرشی ئەتۆمی و کارەساتە ترسناکەکانی دیکە، ببێتە ناوەندێکی فەرماندەیی.


ئەمەش بۆ ئەوەی سەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بتوانێت لە کارەکانی بەردەوام بێت و کاروباری وڵات بەڕێوە ببات بۆ دەرچوون لە قەیرانەکان.

ئه‌م فڕۆكه‌یه‌ ساڵی 1974 و له‌ گه‌رمه‌ی جه‌نگی سارد دا، ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد، ئامانج لە ئامادەکردنی، دابینکردنی ناوەندێکی فەرماندەیی ئاسمانییە، لە ئەگەری لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ لە ناوخۆی ئەمریکا و پەککەوتنی ناوەندەکانی فەرماندەیی و نه‌مانی کۆنتڕۆڵی سەر زەوی.

ئەم فڕۆکەیە بۆ کاتی جەنگ دیزاین کراوە، وەک ناوەندێکی ئاسمانی بۆ فەرماندەیی کار دەکات و لەلایەن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان، وەزیری بەرگری، سەرۆک ئەرکانی سوپا، لە کاتی قەیران و بارودۆخە زۆر نائاساییەکاندا بەکاردێت. ئه‌مه‌ش بۆ کۆنتڕۆڵكردنی دۆخەکە و پەیوەندیکردن لەگەڵ دامودەزگاکانی تری دەوڵەت.

فڕۆکەی "ڕۆژی قیامه‌ت" دەتوانێت بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ، بە بەردەوامی و بێ وەستان بفڕێت، هەروەها دەتوانێت لە کۆمەڵە فڕۆکەیەکی جەنگیش باڵادەستتر بێت. ئەم فڕۆکەیە بە توانایەکی یەکجار زۆر تەیار کراوە کە ڕێگەی پێدەدات، لە کاتی هێرشە ئەتۆمییەکان و لە ناو جەرگەی لەرەلەرە کارۆموگناتیسییەکاندا، بفڕێت.

ئه‌وه‌ی ئه‌م فڕۆكه‌یه‌ له‌وانی دیكه‌ جیاده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كۆمه‌ڵێك توانای هه‌یه‌ له‌ هیچ فڕۆكه‌یه‌كی دیكه‌دا نییه‌، له‌وانه‌ ده‌توانێت به‌رگه‌ی هێرشی ئەتۆمی، هێرشی ئه‌لیكترۆنی، کاریگەرییە کارۆموگناتیسییەکان بگرێت، سەرەڕای توانای هاویشتنی مووشەک.

هەروەها ئەم فڕۆکەیە توانایەکی بێوێنەی پەیوەندیکردنی هەیە، چونکە 67 سەتەلایتی پەیوەندیکردنی (ئەنتێن) تێدایە کە دەکرێت بۆ پەیوەندیکردن، بە هەر کەسێک، لە هەر شوێنێک بێت، بەکاربهێنرێت. جگە لەوەی بە قەڵغانی گەرمی و ئەتۆمی پارێزراوە. فڕۆکەکە لە ئاسماندا بە چوار بزوێنەر کار دەکات و باڵەکانی بە شێوەی لار دیزاین کراون، لەگەڵ توانای سووتەمەنی وەرگرتن لە کاتی فڕیندا.

ویلایەتە یەکگرتووەکان فڕۆکەی ڕۆژی قیامه‌ت، لە جۆری Boeing E-4A کە تا کۆتایی ساڵی 1974 لە خزمەتدا بوو، نوێکردەوە بۆ جۆری E-4B. هێزی ئاسمانی ئەمریکا یەکەم فڕۆکەی جۆری B لە ساڵی 1980 وەرگرت و تا ساڵی 1985 تەواوی ژماره‌ی فڕۆکەکانی ڕۆژی قیامه‌تی بۆ جۆری B نوێکرانەوە.

بەگوێرەی هێزی ئاسمانی ئەمریکا، ئه‌م فڕۆكه‌یه‌، لە کاتی ڕوودانی باری نائاسایی نیشتمانی یان تێکشکانی ناوەندەکانی فەرماندەیی سەر زەوی بەکاردێت، بۆ ئەوەی ناوەندێکی فەرماندەیی، کۆنتڕۆڵ و پەیوەندییەکان بۆ سەرکردایەتی ئەمریکا دابین بکات کە بە کاراییەکی بەرز کار بکات، له‌ پێناو ئاراستەکردنی هێزەکانی ئەمریکا و دەرکردنی ڕێنمایی بۆیان. فڕۆکەکە پەیوەندی لەگەڵ ناوەندەکانی فەرماندەیی کەرتە جیاوازەکان دابین دەکات لە دوای کارەساتە سروشتییەکانی وەک گەردەلوول و بوومەلەرزە.
تایبەتمەندییەکانی چین؟

-دەتوانێت بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ بە بەردەوامی و بێ وەستان بفڕێت.

-تاقمی فەرماندەیی و ئەوانەی لەسەر فڕۆکەکەن، دەتوانن لە کاتی فڕیندا پەیوەندی بە زەوییەوە بکەن، لە هەر شوێنێکی جیهان بێت.

-هێزەکەی لە تەواوی پۆلی هێزەکانی بەرگری ئاسمانی ئەمریکا باڵاترە.

-بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە پارێزراو بێت بەرامبەر هێرشی ئەتۆمی، نەیزەک، ئەستێرەی گەڕۆک و هەر هێزێکی تری ئاسمانی.

-بزوێنەرەکەی 24 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا و 365 ڕۆژ لە ساڵێکدا کار دەکات، واتە لە کارکردن ناوەستێت و لە هەر ساتێکدا ئامادەی فڕینە ئەگەر پێویستییەکی بەپەلە هەبێت.

-نرخی فڕۆکەکە 223 ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.

-تاکە وڵات لە دوای ویلایەتە یەکگرتووەکان، خاوەنی فڕۆکەی لەم شێوەیە بێت، ڕووسیایە.

-بەهۆی ئەوەی بە هۆکاری پاراستن لە تیشکدانەوە تەیار کراوە، دەتوانێت تەنها لە ماوەی چەند خولەکێکدا، دوای ڕوودانی هێرش بفڕێت.
-لە سێ نهۆم پێکهاتووە و ئامێری زۆر پێشکەوتووی تێدایە کە بەرگەی لەرەلەرە کارۆموگناتیسییەکان دەگرێت.

-ئەفسەری فەرماندەی فڕۆکەکە، دەتوانێت لە ڕێگەی شاشەکانی ناو فڕۆکەکەوە، شوێنی سەرۆکی ئەمریکا، جێگرەکەی، وەزیرانی بەرگری و دەرەوە و داواکاری گشتی بزانێت.

-ئەو ژێردەریاییانەی لە قووڵایی زەریاکاندا شاراونەتەوە، دەتوانن فەرمانە سەربازییەکان لەم فڕۆکەیەوە لە هەر شوێنێکی زەریاکە بن وەربگرن.
-ئه‌م فڕۆكه‌یه‌ جیاوازە لە فڕۆکەی "Air Force One" کە تایبەتە بە سەردانە ئاساییەکانی سەرۆکی ئەمریکا.

گەشتەکانی فڕۆكه‌ی رۆژی قیامه‌ت


فڕۆکەی "ڕۆژی قیامه‌ت" سەرۆکی ئەمریکا، وەزیری بەرگری و سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا، لە کاتی قەیرانەکاندا دەگوازێتەوە. ئەم فڕۆکەیە، یان باشتر بڵێین پۆلی فڕۆکەکانی ڕۆژی قیامه‌ت، گەشتی خولیی ڕێکخراو ئەنجام دەدەن، بۆ دڵنیابوون لە ئامادەباشی کارپێکردن و سەربازییان و دڵنیابوونەوە لەوەی هەموو تواناکان بە کارایی کار دەکەن.

سەرنجی میدیاکان بۆ سەر ئەم فڕۆکەیە کە خاوەنی توانا و تایبەتمەندی بێوێنەیە، لەگەڵ دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا دەستی پێکرد، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ توندبوونی جەنگی لێدوانەکان، لە نێوان ئەو و کیم جۆنگ ئون ڕابەری کۆریای باکوور.

جەنگی زارەکی نێوان هەردوو ڕێبەر، لە کانوونی دووەمی 2018 توندبووەوە، کاتێک ڕابەری کۆریای باکوور وتی "دوگمەی بۆمبە ئەتۆمییەکە، هەمیشە لەسەر مێزەکەمە، تاوەکو ویلایەتە یەکگرتووەکان نەتوانێت جەنگ دەستپێبکات".

دوای ئەوە، ئەم فڕۆکە زەبەلاحە، لە کاتی ئەنجامدانی گەشتێک بەرەو واشنتۆن لە حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو بینرا، هەروەها دەرکەوتنی لە کانوونی دووەمی ئەمساڵیشدا دووبارە بووەوە.


PM:12:26:08/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت