پیاوە بەهێزەکەی پاکستان ئەندازیاری پلانی کۆتاییهێنان بە جەنگ


وێستگەنیوز-

شرۆڤه‌كارێكی سەربازیی بەریتانی ڕایگەیاند، ئەو کەسایەتییە سەرەکییەی لە پشت پێشنیازی ئاگربەستی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوەیە، پیاوێکە ترەمپ متمانەی تەواوی پێیەتی.

به‌گوێره‌ی گوتەی مایکل کلارک، شیکەرەوەی سەربازی لە کەناڵی "سکای نیوز"ی بەریتانی، وا دیاره‌ تەنیا یەک کەس لە پشت ئەو پێشنیازانەی ئاگربەستەوە بێت کە ئاراستەی ئێران و ئەمریکا کراون؛ ئەو کەسایەتییەش بریتییە لە عاسم مونیر، سوپاسالاری سوپای پاکستان.

مونیر له‌ ئێستادا، بە فەرمانڕەوای ڕاستەقینەی پاکستان دادەنرێت و شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیران، تەنیا وەک بوكه‌ڵه‌یه‌كی دەستی ئەو وایە؛ ئێستا پاکستان دووبارە کەوتووەتەوە ژێر کۆنترۆڵی سەربازییەوە.

کلارک دەڵێت: "مونیر لە ترەمپ-ەوە نزیکە، ترەمپ خۆشی دەوێت و متمانەی پێیەتی، هەربۆیە ڕۆڵێکی گەورەی لەم پرسەدا گێڕاوە".

پێده‌چێت پێشنیازەکە بەرهەمی هەوڵێکی هاوبەشی نێوان میسر، تورکیا و پاکستان بێت، کە بە درێژایی شەو، کاریان لەسەر وردەکارییەکانی کردووە.

هه‌روه‌ها کلارک له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "له‌وانه‌یه‌ تا نیوه‌ شه‌و، هه‌مو شتێك هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌وڵه‌كان به‌هێزترده‌بن".

ئه‌و شرۆڤه‌كاره‌ به‌ریتانییه‌ له‌ کۆتاییدا، باس له‌وه‌ ده‌كات: "هیوایەک هەیە ئەم پرۆسەیە سەرکەوتوو بێت، چونکە هیچ گومان له‌وه‌دا نییه‌، دۆناڵد تڕەمپ، بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێت بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە".


PM:06:23:06/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 80 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت