دوایین ئاگادارکردنەوە، سێ سەرۆکی ئەمریکا پێش ترەمپ ئەم کارەیان کردووە


وێستگەنیوز-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوێنێ شەممە 4ی نیسانی 2026، ئەو وادە کۆتایییەی بە بیری ئێران هێنایەوە کە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن، بۆی دیاریكردبوون و بڕیارە تا شەشی نیسان بخایه‌نێت، ئەگەر نا "دەرگاکانی دۆزەخ دەکرێنەوە".


لەکاتێکدا جەنگی نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی ترەوە، دەچێتە شەشەم هەفتەوه‌، نیگه‌رانی و مەترسییە نێودەوڵەتییەکان، لە فراوانبوونی ململانێکە و درێژەکێشانی بۆ چەند هەفتەیەکی تریش، ڕووی لە زیادبوون کردووە.

بەڵام ئەوەی ترەمپ، لە پەیوەندیی نێوان وڵاتاندا، ئەنجامیده‌دا، شتێکی نوێ نییە؛ ئەمە لە زانستی سیاسی و دیپلۆماسیدا بە "دوایین ئاگادارکردنەوە/"Ultimatum دەناسرێت و شێوازێکی کۆنە و لە مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، چەندین جار دووبارە بووەتەوە.

له‌م شێوازه‌دا، تێیدا دەوڵەتێک مەرجی دیاریکراو و وادەیەکی کاتی، بۆ جێبەجێکردنی مه‌رجه‌كانی دادەنێت، ئەگەر جێبەجێ نەکرێن، جێگرەوەکەی پەنابردنە بۆ کاری سەربازی یان هەڵکشانی مەترسیدار.

ئاگادارکردنەوەی بوش بۆ سەدام حسێن

پێشتر سێ سەرۆکی ئەمریکا، هەمان هەنگاویان ناوە. بەر لە هەڵگیرسانی جەنگی دووەمی کەنداو، جورج بوشی باوک، سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا، دواین ئاگادارکردنەوەی ئاراستەی سەدام حسێن کرد، بۆ ئەوەی لە کوێت بکشێتەوە.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، وادەیەکی تا 15ی کانوونی دووەمی 1991 دیاری کرد، بەڵام کاتێک وادەکە کۆتایی هات و سوپای عێراق نەکشایەوە، تەنها دوای دوو ڕۆژ، ئۆپراسیۆنی "گەردەلولی بیابان" دەستیپێکرد.

بوشی کوڕ و تالیبان

هەروەها جورج بوشی کوڕ، دوای هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر، وادەیەکی بۆ بزووتنەوەی تالیبان لە ئەفغانستان دیاری کرد، بۆ ڕادەستکردنی ئۆسامە بن لادنی ڕێبەری ئەو کاتەی قاعیدە. بەڵام تالیبان پێشنیازەکەی ڕەتکردەوە، ئەمەش بووە هۆی دەستپێکردنی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەفغانستان، لە تشرینی یەکەمی 2001دا.

دووبارە سەدام

پێش داگیرکردنی عێراق لە ساڵی 2003، بوشی کوڕ، جارێکی تر 48 کاتژمێر مۆڵەتی دایە سەدام حسێن و کوڕەکانی، بۆ ئەوەی وڵات جێبهێڵن و خۆیان لە جەنگ بەدوور بگرن. سەدام مۆڵەتەکەی ڕەتکردەوە و بە سووکایەتی بۆ سه‌ر سەروەریی وڵات داینا، بەو هۆیەوە جەنگەکە به‌رپابوو. له‌و كاته‌دا، به‌رپابوونی جه‌نگه‌كه‌، به‌ پاساوی ئه‌وه‌ بوو رژێمی به‌عس، خاوه‌نی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژه‌.

کینیدی و یەکێتیی سۆڤیەت

پێش هەموو ئەمانە، لە کاتی ئەوەی بە "قەیرانی موشەکەکانی کوبا" ناسراوە، جۆن کینیدی، سه‌رۆكی ئه‌و رۆژگاره‌ی ئه‌مریكا، به‌ هه‌مان شێوه‌ "دواین ئاگادارکردنەوە"ی ئاراستەی سۆڤیەت کرد، بۆ کێشانەوەی موشەکەکانیان لە کوبا و هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆی کرد. ئەو کات ئەم هەڵکشانە، سەرکەوتوو بوو لە بەدیهێنانی ڕێکەوتنێکی دیپلۆماسی و جیهانی لە جەنگێکی کوشندە ڕزگار کرد.

ئەمڕۆ جیهان چاوەڕێی هەنگاوی داهاتوو ده‌كات، ئه‌م هه‌نگاوه‌ ڕەنگە بەیانی دووشەممە، 6ی نیسانی 2026، ترەمپ دژی ئێران بیگرێتە بەر، دوای هەڕەشەکانی بۆ ئەگەری بۆردومانکردنی دامەزراوەکانی وزە و پردەکان، هاوکات بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە تەلئەبیب، چاوەڕێی گڵۆپی سەوزی واشنتۆنە، بۆ دەستپێکردنی شەپۆلێکی فراوانی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی ئێران و تێکشکاندنیان.


PM:02:01:05/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت