چیرۆكه مێژووییهكان/ چیرۆكی (چوارده)/ پێش 80 ساڵ لهمهوبهر ئەمریکا تۆڵەی لەو ژەنهڕاڵە کردەوە کە هەزاران سەربازی ئهمریكی كوشتبوو
نووسینی: تهها عهبدولناسر
رهمهزان
وهرگێڕانی: وێستگه نیوز
ساڵی 1898، جیهان هەڵگیرسانی
جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسپانیای بهخۆیهوه بینی، ئەمه دوای ڕووداوی نوقمبوونی
کەشتیی ئەمریکی "یو ئێس ئێس ماین/USS Maine" هات.
لەم جەنگەدا، ئیسپانیا زیانی سەربازیی زۆر قورسی بەرکەوت و نەیتوانی بە شێوەیەکی
گونجاو، بەرگری لە ناوچه كۆڵۆنیكراوهكانی لە باکووری کیشوەری ئەمریکا و ئەوپەڕی ڕۆژهەڵاتی
ئاسیا بکات.
لە هەمان ساڵدا،
واشنتن و مەدرید، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگهكه، ڕێکەوتننامەی پاریسیان واژۆ کرد. بەپێی
ڕێکەوتننامەکە، ئیسپانیا ناوچه كۆڵۆنیكراوهكانی له فلیپین، لە بەرامبەر بڕی 20
ملیۆن دۆلار، ڕادەستی ئەمریکییەکان کرد.
لهو سهردهمهدا، فلیپین
بۆ چەندین دەیە، وەک مستەعمرەیەکی ئەمریکی مایەوە، ئهمه پێش ئەوەی بکەوێتە دەست
ژاپۆنییەکان. دوای هێرشی "پێرڵ هاربەر" لە 7ی کانوونی یەکەمی 1941، ژاپۆنییەکان
فلیپینیان داگیر کرد و سوودیان لە باڵادەستیی سەربازیی خۆیان لە ناوچەکەدا وەرگرت.
خۆبەدەستەوەدان لە فلیپین
دوای هێرشی پێرڵ هاربەر،
کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە دوو هەزار ئەمریکی و فراوانبوونی جەنگی دووهمی جیهانیی
بەرەو زەریای هێمن، هێزەکانی ژاپۆن لە 8ی کانوونی یەکەمی 1941، هێرشیان کردە سەر
مستەعمرەیهكی ئەمریکا لە فلیپین. ژاپۆن لە ڕێگەی ئەم هێرشەوە، هەوڵی دەدا کۆنتڕۆڵی
خاکی فلیپین بکات کە پڕبوو لە سەرچاوە سروشتییەکان. هاوکات ژاپۆن دهیویست له میانهی
ئهم هێرشهوه، ئەمریکییەکان لە ناوچەکە دووربخاتهوه، له پێناو پاراستنی ڕێڕەوە
بازرگانییە دەریاییەکان کە تۆکیۆ دەیویست بۆ دابینکردن و گواستنهوهی سەرچاوە
سروشتییهكان، بەکاریان بهێنێت.
لە بەرامبەر پێشڕەوییەکانی
ژاپۆندا، هێزە ئەمریکییەکانی ناو فلیپین، پاشەکشەیان کرد و لە ناوچەی "باتان/Bataan" و دوورگەی "کۆریجیدۆر/Corregidor" جێگیر بوون و لهوێدا خۆیان قایمكرد. هێزە ئەمریکییەکان،
له میانهی ئهم پلانهوه، باوهڕیان وابوو، دەتوانن تا گهیشتنی كۆمهك و
هاوكارییهكان، بەردەوام بن لە شەڕ و به خۆڕاگری بمێننهوه. بەڵام بەهۆی نەگەیشتنی
هاوکاری و باڵادەستیی بێوێنەی ژمارەیی و تەکنیکیی ژاپۆنییەکان، ژەنهڕاڵی ئەمریکی
"ئێدوارد کینگ/Edward P
King"، دوای چەندین
مانگ لە شەڕکردن، بڕیاریدا خۆی و هێزەکانی کە بەهۆی ماندوێتی و برسییەتییەوە، شەکەت
ببوون، ڕادەستی ژاپۆنییەکان بکات. بەهۆی ئەمەوە، نزیکەی 70 هەزار کەس لە ئەمریکی و
فلیپینییەکان، کەوتنە دەست هێزەکانی ژاپۆن.
ڕێپێوانی مەرگ
لێرهوه، ژاپۆنییەکان پێشبینییان نەدەکرد، به یهكجار،
ئەم ژمارە زۆرە لە هێزەکان، بەدیل بگرن. لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، ژاپۆنییەکان پرۆسەی
گواستنەوەی دیلەکانی جەنگیان، لە ناوچەکانی "باگاک/ Bagac" و "ماریڤیلیس/Mariveles" بەرەو "کامپ ئۆدۆنێڵ/Camp O'Donnell" ڕێکخست کە بە ناوچهی باتاندا تێدەپەڕی. لە چوارچێوەی ئەوەی
بە "ڕێپێوانی مەرگی باتان" ناوزەد کرا، ئەم ژمارە زۆرەی دیلەکان، ناچار
کران زیاتر لە 105 کیلۆمەتر بە پێ بڕۆن و بەرگەی سەختی کەشوهەوا و بارودۆخی سهخت
و خراپی دهستگیركردنهكهیان بگرن.
به گوێرهی سەرچاوەکانی
ئەو سەردەمە، ڕێپێوانی باتان، لە 9ی نیسانی 1942 دەستی پێکرد. لەم ماوەیەدا، دیلە
ئهمریكی و فیلیپینییهكان كه دیلی جهنگ بوون، ناچار کران مەودایەکی زۆر بە پێ
ببڕن، بەبێ ئەوەی ئاو و خواردنیان پێ بدرێت. هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا، ژاپۆنییەکان
دوودڵ نەبوون، لە كوشتن و لەسێدارەدانی، هەموو ئەو کەسانەی، بەهۆی شهكهتبوون و
توندیی ماندوێتییەوە، توانای بەردەوامبوونیان لە ڕۆیشتندا نەبوو. هەروەها له رێگاكهدا،
سوکایەتی و ئەشکەنجەی ژمارەیەکی زۆری دیلەکانیان دەدا. لە ئەنجامی ڕێپێوانی مەرگی
باتان، زیاتر لە 10 هەزار دیلی جەنگی ئەمریکی و فلیپینی، گیانیان لەدەستدا. کاتێکیش
گەیشتنە ئۆردوگای دەستبەسەرکردن و كاری تاقهتپڕوكێنی زۆرهملێ، ڕزگاربووەکان لە ژێر
بارودۆخێکی سەختدا، ناچار کران لە پڕۆژەکانی کردنەوە و دروستکردنی ڕێگاوبان و هەڵکەندنی
سەنگەرەکاندا کار بکەن.
ڕاوەدوونانی بەرپرسە
ژاپۆنییەکان
لەگەڵ کۆتاییهاتنی جەنگی دووهمی جیهانی و خۆبەدەستەوەدانی
ژاپۆن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دهستیكرد به گهڕان و ڕاوەدوونان و
دادگاییکردنی ئەو کەسانەی تۆمەتبار بوون بە ئهنجامدانی "ڕێپێوانی مەرگی
باتان". لهم بارهیهوه، ژەنراڵ "ماساهارۆ هۆما/ Masaharu Homma"، فەرماندەی هێزەکانی ژاپۆن لە فلیپین، زیاتر لە 30 تۆمەتی ئاڕاستە
کرا، تۆمهتهكان پەیوەندییان بە تاوانەکانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتییەوە هەبوو.
ههرچهنده ئهم ژهنهڕاڵه،
ئاگاداری زۆربەی ئەو تاوانانە نەبوو کە هێزەکانی ئەنجامیان دابوو. بەڵام لهگهڵ
ئهوهشدا، ژهنهڕاڵ ماساهارۆ هۆما، تۆمەتبار کرا بهوهی چاوپۆشی له کارەکانی
ژمارەیەک لەو ئەفسەرانە كردووه كه لە ژێر فەرمانی ئەودا بوون و کەمتەرخەمی لە ئەنجامدانی
ئەرکە مرۆییەکانیدا كردووه؛ بەو هۆیەوە سزای لەسێدارەدانی بە گوله بۆ دەرکرا. بهم
شێوهیه ژهنهڕاڵ ماساهارۆ لەگەڵ دوو لە یاریدەدەرەکانی، لە 3ی نیسانی 1646، سزای
لهسێدارهكانی بەسەردا جێبەجێ کرا.
لە بەرامبەردا، ئەفسەر
"ماسانۆبو تسوجی/Masanobu Tsuji
" کە ڕاستەوخۆ تێوەگلابوو
لە لەسێدارەدانی دیلەکانی جەنگ، توانی لە دەست دادپەروەری رزگاری ببێت و بهرهو
تایلهند ههڵهات، لهوێشهوه ڕۆشت بۆ چین، ئیدی لهوێ وندهبێت و هیچ شوێنهوارێكی
نادۆزرێتهوه.
سهرچاوه
العربییه نیت، 3ی نیسانی
2026
PM:01:26:04/04/2026
ئهم بابهته 84
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت