وردەکاریی کوژرانی 4 سەربازی ئیسرائیلی لە باشووری لوبنان
وێستگەنیوز-
ئهمڕۆ سێ شهممه، 31ی
ئازاری 2026، سوپای ئیسرائیل، ڕایگەیاند ئەفسەرێک و سێ سەرباز، لە یەکەی "سایێرت
ناحال"ی سەر بە لیوای ناحال، دوێنێ دووشەممە لە کاتی شەڕ و پێکدادان، لەگەڵ ئەندامانی
حزبوڵڵای لوبنانی، لە نزیک گوندی "بیت لیف، قەزای بنت جبیل" لە کەرتی ڕۆژئاوای
باشووری لوبنان کوژراون.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی
بەوەش کردووە سێ سەربازی تریش لە هەمان شەڕدا بریندار بوون؛ یەکێکیان برینەکەی سەختە
و دووەمیان مامناوەند، جگە لە سەربازێکی یەدەگ ئەویش برینەکەی مامناوەندە و هەموویان
بۆ چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
تیمی شەڕکەری سەر بە لیوای
ناحال، لە ژێر فەرماندەیی فیرقەی 1 لە کەرتی ڕۆژئاوا کار دەکات، ئەمەش لە چوارچێوەی
هێرشێکدا بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی ئۆپەراسیۆنەکان لە باشووری لوبنان و بە بیانووی
شەڕی دژ بە حزبوڵڵا، کە لە 2 ئازاری ئەم مانگەوە، چوونە ناو شەڕەکەوە لەپاڵ ئێراندا.
بەپێی ئەو وردەکارییانەی
لە میدیا عیبرییەکاندا بڵاوبووهتهوه، دەوروبەری کاتژمێر 6:30 ئێوارەی دووشەممە،
لە کاتی کێوماڵکردنی ناوچەی گوندی "بیت لیف"، هێزەکان ڕووبەڕووی چەکدارانی
حزبوڵڵا بوونەتەوە و شەڕە تەقەیەکی سەخت دروست بووە.
بەپێی گێڕانەوەی ئیسرائیل،
لە کاتی پێکدادانەکەدا هێزەکانی ئیسرائیل چەند ئەندامێکی حزبوڵڵایان کوشتووە و
ژمارەیەکی تریشیان بریندار کردووە.
هاوکات لەگەڵ گواستنەوەی
سەربازە بریندارەکان بەرەو شوێنی نیشتنەوەی فڕۆکە، چەکدارانی حزبوڵڵا، موشەکێکی دژە
تانک (کۆرنێت)یان ئاراستەی هێزەکان کردووە، بەبێ ئەوەی زیانی گیانی لێ بکەوێتەوە.
هێزەکانی داگیرکەریش بە تەقە، تۆپبارانی تانک و هێرشی ئاسمانی وەڵامیان داوەتەوە.
لە لایەکی ترەوە، حزبوڵڵا
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی دژ بە هێزە داگیرکەرەکان، دوێنێ دووشەممە ڕایگەیاند
هێزێکی ئیسرائیلییان لە ناو ماڵێکدا لە ناوچەی "خەلەت ئەلجەوار" لە شارۆچکەی
بیت لیف، بە موشەکێکی ئاراستەکراو کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی
ئەندامانی هێزەکە.
هەروەها تانکێکی
"میرکەڤا"یان لە هەمان شارۆچکە بە گولههاوەنی "تاندوم" پێکاوە.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە ئاستی شەڕ و پێکدادانەکان لە باشووری لوبنان، لە چەند
ڕۆژی ڕابردوودا بەرزبووەتەوە؛ سوپای ئیسرائیل بە فەرمی ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای
مانگی ئازارەوە تا ئێستا 9 سەربازی لە لوبنان کوژراون، جگە لە سەربازێکی تر کە هێشتا
ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە و بە کۆی گشتی دەبنە 10 کوژراو.
PM:02:35:31/03/2026
ئهم بابهته 68
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت