راپۆرتێک ئاشکرای دەکات: زۆربەی جبەخانە موشەکییەکەی ئێران هێشتا سەلامەتە


وێستگەنیوز-

لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بانگەشە بۆ سەرکەوتنێکی سەربازی نزیک و تێکشکاندنی نزیکەی تەواوەتی تواناکانی ئێران دەکات. ئا له‌و كاته‌دا، ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سوپرایزێکی گەورەی تەقاندەوە و دووپاتی کردەوە، واشنتن دوای مانگێکی تەواو لە لێدانە ئاسمانییە توندەکان، تەنها لە تێکشکاندنی نزیکەی سێیەکی جبەخانە موشەکییەکەی کۆماری ئیسلامیدا سەرکەوتوو بووە.

بەپێی پێنج سەرچاوەی ئاگادار لە هەواڵگری ئەمریکا، تاران هێشتا خاوەنی کۆگایەکی زەبەلاحی موشەک و درۆنە کە لە شارەكانی ژێر زه‌ویدا، حشار دراون.

ڕاپۆرتەکە دژایەتییەکی توند، لە هەڵسەنگاندنەکانی ناو ئیدارەی ئەمریکا ئاشکرا دەکات، چونکە لە کاتێکدا ترەمپ ڕۆژی پێنج شەممەی رابردوو، ڕایگەیاند ئێران تەنها ژمارەیەکی زۆر کەم موشەکی ماوە.

بەڵام بەرپرسانی ئەمنی، هۆشدارییان له‌و داوە، دیاریکردنی قەبارەی ڕاستەقینەی جبەخانەکەی ئێران، بەهۆی تۆڕی ئاڵۆزی تونێلەکانەوە، كارێكی ئه‌سته‌مه‌.

ترەمپ له‌م باره‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌ی رونكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند تەنانەت ئەگەر لە سەدا ٩٩ی موشه‌كه‌كانیشمان تێکشکاندبێت، ئەوا ئەو لە سەدا ١ەی کە ماوەته‌وه‌، قبوڵکراو نییە، چونکە ڕەنگە کەشتییەک بپێکێت نرخەکەی ملیارێک دۆلار بێت.

سیت مۆڵتۆنی ئەندامی دیموکراتەکانیش، پشتگیری ئەمەی کرد و وتی ئێران چاوەڕێی کاتی گونجاو دەکات، بۆ بەکارهێنانی ئەوەی لە هێزەکەی ماوەتەوە.

لە ڕووی مەیدانییەوە، ئیسرائیل بە ئامانجگرتنی سەکۆکانی هەڵدانی موشەکی خستووەتە سەرووی کارە لەپێشینەکانی و ڕایگەیاندووە 335 سەکۆی موشه‌ك هەڵدانی لەکار خستووە، ئه‌م ژماره‌یه‌ دەکاتە نزیکەی لە سەدا 70ی کۆی گشتی.

بەڵام گەیشتنی موشەکەکانی ئێران بۆ مەودای دوور، وەک بە ئامانجگرتنی بنکەی دیێگۆ گارسیا لە ئۆقیانووسی هیندی، لە هەفتەی ڕابردوودا، ئەوەی سەلماند تاران خاوەنی توانای بڕینی کیشوەرەکانە و بۆردومانەکان کاریگەرییان نەبووە.

لای خۆیەوە پیت هیگسێت، وەزیری بەرگری ئه‌مریكا، جەختی کردەوە سوپای ئەمریکا، بە شێوەیەکی سیستماتیکی و بڕیاردەرانە، شوێن ئەم جبەخانەیە کەوتووە.

لە هەمان کاتدا دانی بەوەدا نا کە تۆڕی فراوانی تونێلەکان، گەورەترین تەحەددایە له‌به‌رده‌م رێگریكردن، لەوەی جیهان "ژمارەیەکی ورد"ی له‌سه‌ر تواناكانی ئێران ده‌ستبكه‌وێت كه‌ ماونه‌ته‌وه‌.


PM:02:18:31/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 96 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت