حوسییەکان بە هاویشتنی موشەکی بالیستی بۆ سەر ئیسرائیل دەچنە ناو جەنگەکەوە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە، 28ی ئازاری 2026، گرووپی "ئەنساروڵڵا"ی حوسییەکان، بە فەرمی چوونە ناو جەنگەکەوە و ئەنجامدانی "یەکەمین ئۆپەراسیۆنی سەربازی" خۆیان دژی داگیرکاری ئیسرائیل" ڕاگەیاند.

ئەم هه‌نگاوه‌ی حوسییه‌كان، دوای دەستپێکردنی ئەو جەنگە دێت کە ئەمریکا و ئیسرائیل، لە 28ی شوباتی ڕابردووەوە، دژ به‌ ئێران هەڵیانگیرساندووە.

یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان، لە بەیاننامەیەکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند: "وەک جێبەجێکردنی ئەوەی لە بەیاننامەی پێشووی هێزە چەکدارەکانی یەمەن، سەبارەت بە دەستێوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ، بۆ پشتگیریکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرەکانی مقاوه‌مه‌ لە لوبنان، عێراق و فەڵەستین هاتبوو، یەکەمین ئۆپەراسیۆنی سەربازی، لە ڕێگەی ژمارەیەک مووشەکی بالیستییەوە ئەنجامدرا. ئەم مووشەکانە ئامانجە سەربازییە هەستیارەکانی دوژمنی ئیسرائیلییان، لە باشووری فەڵەستینی داگیرکراو پێکاوە."

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد ئەم ئۆپەراسیۆنە، هاوکاتە لەگەڵ "ئۆپەراسیۆنە پاڵەوانەکانی برایانی موجاهید، لە ئێران و حزبوڵڵا لە لوبنان، بە سەرکەوتوویی ئامانجەکانی پێکاوە."


هه‌ر ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند لە دوای دەستپێکردنی جەنگ دژی ئێران لە 28ی شوباتەوە، بۆ یەکەمجاره‌، هاویشتنی مووشەکێکی لە یەمەنەوە تۆمار کردووە.

له‌م باره‌یه‌وه‌ سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا وتی: "سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، سەرقاڵی بەرپەرچدانەوەی مەترسییەکەن".

ئەم پەرەسەندنە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دێت کە گرووپی حوسییەکان، ئامادەیی خۆیان نیشان دابوو بۆ دەستێوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ، ئەگەر بێتو گرژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، دژی ئێران و "به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌" بەردەوام بن.

یەحیا سەریع لە بەیاننامەیەکدا، جەختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێئه‌و هه‌وڵه‌ نێوده‌وڵه‌تی و دیپلۆماسیانه‌ جێبه‌جێ بكرێن كه‌ كار بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر ئێران و "وڵاتانی به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌" ده‌كه‌ن.

هه‌روه‌ها یه‌حیا له‌ درێژه‌ی به‌یاننامه‌كه‌یدا، باس له‌وه‌ ده‌كات هێرشەکان "دەستدرێژییەکی بێ پاساون و زیان بە سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەگەیەنێت و هەڕەشە لە ئاشتیی ئابووری جیهانی دەکات".

هەرچەندە سەریع ڕاستەوخۆ بەشداربوونی هەمیشەیی حوسییەکانی لە جەنگەکە ڕانەگەیاند، بەڵام سێ بارودۆخی دیاری کرد کە وادەکات گرووپەکە، دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ بکات.

له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "دەستمان لەسەر پەلەپیتکەیە بۆ دەستێوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ"

به‌ بڕوای حوسییه‌كان ئه‌و سێ حاڵه‌ته‌ی وا ده‌كات ئه‌وان ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی بكه‌ن، بیرتین له‌:

*دروستبوونی هەر هاوپەیمانییەکی تر له‌گه‌ڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، دژی ئێران و به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌.

*بەکارهێنانی دەریای سوور بۆ ئەنجامدانی کردەوەی دوژمنکارانە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، دژی ئێران یان هەر وڵاتێکی تری موسڵمان.

*بەردەوامبوونی گرژییەکان دژی ئێران و به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌، بەو شێوەیەی کە گۆڕەپانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەیخوازێت.


PM:01:36:28/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت