له‌ مێژووی ئه‌وروپا به‌ فرمانی هێتله‌ر یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین شه‌ڕی ئاسمانی كۆتایی پێهات


سەرچاوە: ئه‌لعه‌ربییه‌ نێت
نووسینی: تەها عەبدولناسر رەمەزان
وەرگێڕانی: وێستگەنیوز

لە رۆژی ١٠ی ئایاری ١٩٤٠، هێزەکانی ئەڵمانیا، لە ئۆپەراسیۆنێکی خێرا و غافڵگیردا، چوونه‌ ناو خاكی فه‌ره‌نسا، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌، توانیبوویان فەرەنسییەکان فریوبده‌ن و بە نێو دارستانەکانی ئاردیندا تێپه‌ڕن.


له‌ به‌رواری ٢٥ی حوزەیرانی هەمان ساڵ، ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە، دوای تەسلیمبوونی فەرەنسا و قبوڵکردنی مەرجەکانی ئەڵمانیا، کۆتایی پێهات. لە ئەنجامدا ئەدۆلف هیتلەر، سەرنجی خۆی خسته‌ سه‌ر بەریتانیا و فەرمانیدا یا ئه‌وه‌تا به‌ریتانیا داگیر ده‌كات، یاخود به‌ریتانیا ناچار ده‌كات په‌یمانی ئاشتی له‌گه‌ڵدا ببه‌ستێ، تاكو ئه‌ڵمانیا خۆی بۆ هەڵمەتێکی سەربازی گەورەتر، دژ به‌ یەکێتی سۆڤیەت، یه‌كلابكاته‌وه‌. لێره‌وه‌ ئه‌ڵمانیا بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجه‌، هێرشێكی بۆردومانكردنی چڕ و پڕی لە دژی بەریتانیا دەستپێکرد. لە ١٥ی ئەیلوولی ١٩٤٠، ئاسمانی سەر بەریتانیا، بووه‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕێكی ئاسمانی یه‌كلایكه‌ره‌ كه‌ رێڕه‌وی جه‌نگه‌كه‌ی گۆڕێ.

ڕەتکردنەوەی تەسلیمبوون

هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیا، دوای سه‌ركه‌وتنی به‌وه‌ی توانی فه‌ره‌نسییه‌كان ناچار به‌ ته‌سلیمبوون و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان بكه‌ن. بۆ داگیركردنی به‌ریتانیا و كۆنترۆڵكردنی خاكه‌كه‌ی، پلانی ئۆپەراسیۆنی (شێری دەریا)ی داڕشت.

ئەدۆلف هیتلەر، لە ڕێگەی ئەم پلانەوە، هەوڵیدا تواناكانی بەریتانیا په‌كبخات و لە شەڕ دووری بخاتەوە، بەم شێوەیە ده‌توانێت، خۆی به‌ ته‌واوه‌تی بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر یەکێتی سۆڤیەت لە ڕۆژهەڵاته‌وه‌، ته‌رخان بكات. بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی پلانەکە، ئامانجی ئەڵمانیا لەناوبردنی هێزی ئاسمانی شاهانەی بەریتانیا بوو. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، له‌ سه‌ره‌تای مانگی تەموزی ساڵی١٩٤٠، هێزی ئاسمانی ئەڵمانیا، دەستی کرد بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بارهەڵگرەکان و فڕۆکە جەنگییەکان و فڕۆکەخانەکانی بەریتانیا.

هەروەها فڕۆکەکانی ئەڵمانیا، دوودڵ نه‌بوون له‌ ئه‌نجامدانی چه‌ندین هێرش بۆ سه‌ر دامەزراوە سه‌ربازییه‌كانی به‌ریتانیا، له‌ نمونه‌ی ڕادارەکان و بنكه‌ و باره‌گا سه‌ربازییه‌كان.

به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی هێزی ئاسمانی به‌ریتانیا، هاته‌ ناو شه‌ڕه‌كه‌وه‌ و ده‌ستیكرد به‌ بۆردومانكردنی شارەکانی ئەڵمانیا، ئەڵمانیا ستراتیژی خۆی گۆڕی و ئەدۆلف هیتلەر ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕی و بڕیاریدا، بۆردومانی له‌نده‌ن و شارە گەورەکانی دیکەی به‌ریتان بكرێت، بەو هیوایەی وینستن چەرچڵ ناچار بکات، خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ بدات.

کاتێک ئینگلیزەکان، ئامادە نەبوون خۆیان به‌ده‌سته‌وه‌ بده‌ن، ئەڵمانیا لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ١٩٤٠، هێرشێکی ئاسمانی بەرفراوانی بۆ سه‌ر به‌ریتانیا دەستپێکرد، ئامانج له‌م هێرشه‌، لەناوبردنی هێزی ئاسمانی شاهانە و بەدەستهێنانی باڵادەستی و كۆنترۆڵكردنی ته‌واوی ئاسمانی به‌ریتانیا بوو.

هێرشه‌كه‌ شكستیهێنا

لە نێوان کاتژمێر ١٠:٠٠ بۆ ١١:٠٠ی بەیانی، لە ١٥ی ئەیلوولی ١٩٤٠، فڕۆکەکانی ئەڵمانیا- هاینکل هی١١١/ Heinkel He 111، دۆرنیر دۆ ١٧/ Dornier Do 17، جونکەرس جو ٨٨/ Junkers Ju 88، مێسەرشمیت بی ئێف ١٠٩/ Messerschmitt Bf 109، لە خاکی بەلجیکا و فەرەنساوه‌، بەرەو ئاسمانی بەریتانیا هەڵفڕین. لەکاتی تێپه‌ڕبوونیان فڕۆكه‌ ئه‌ڵمانییه‌كان به‌ كه‌ناڵی (ئه‌لمانش)ی ئینگلیزیدا، لەلایەن ڕاداره‌كانی بەریتانیاوە دەستنیشانکران. فەرماندەیی سەربازی بەریتانیا، دەستبەجێ فەرمانی بۆ پۆلێك له‌ فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ری به‌ریتانی ده‌ركرد، ده‌ست به‌ جووڵه‌ بكه‌ن و به‌ره‌نگاری هێرشه‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا ببنه‌وه‌.

لەو ڕۆژەدا، واته‌ له‌ ١٥ی ئه‌یلوولی ١٩٤٠، شەڕێكی ئاسمانی تووند، لە نێوان فڕۆکەکانی بەریتانیا و ئەڵمانیا، له‌ ئاسمانی ئینگلتەره‌ ڕوویدا. تەنانەت ئەم شەڕه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك گه‌وره‌ بوو، گەیشتە ئاسمانی سه‌ر شاری له‌نده‌ن، به‌ڵام ئەڵمانییەکان بەهۆی ئەوەی له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا، فڕۆکەیەکی زۆریان لەدەستدا، پێیانباشبوو له‌ ئاسمانی بەریتانیا بکشێنەوە و بگەڕێنەوە بۆ بنكه‌ و باره‌گاكانی خۆیان.

لە ئێوارەی هه‌مان رۆژدا، ئەڵمانییەکان شەپۆلی دووەمی بۆردومانیان دەستپێکرد و فڕۆکەکانیان دیسانەوە هەوڵیاندا بگەنه‌وه‌ سه‌ر ئاسمانی لەندەن و شاره‌كه‌ بۆردومان بكه‌ن. بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم هێرشی دووەمە، هێزی ئاسمانی شاهانە، چی فڕۆكه‌ی له‌ وڵاته‌كه‌دا هه‌بوو، هه‌ر هه‌موی خسته‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه‌ و شه‌ڕ له‌ ئاسمانی به‌ریتانیا ده‌ستی پێكرده‌وه‌. وه‌لێ‌ جارێكی دی، ئەڵمانییەکان بەهۆی ئەوەی زیانێکی زۆریان بەرکەوت و زۆرێک لە فڕۆکەکانیان له‌كاركه‌وتن، دیسانه‌وه‌ پێیانباشبوو بکشێنەوە بۆ بنکەکانیان، بەم شێوەیە هێرشەکە، شكستێكی هێجگار گه‌وره‌ی به‌خۆیه‌وه‌ بینی.

زیانی زۆر

لە کاتی هێرشەکەی رۆژی ١٥ی ئەیلولی ١٩٤0، ئەڵمانییەکان زیاتر لە هەزار فڕۆکەی جەنگییان خستبووه‌كار، له‌وانه‌ فڕۆکەی بۆمبهاوێژ و فڕۆكه‌ی ڕێگریكه‌ر. ئه‌مه‌ له‌ لەکاتێکدا بوو، بەریتانییەکان بۆ به‌رگریكردن له‌ خۆیان، پشتیان ته‌نها بە نزیکەی ٧٠٠ فڕۆکەی جەنگی بەستبوو. له‌گه‌ڵ كشانه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا و كۆتایی هاتنی هێرشه‌ ئاسمانییه‌كان. ئەڵمانییەکان ٥٩ فڕۆکەی جەنگییان لەدەستدابوو، دەیان فڕۆکەی دیکەش زیانیان بەرکەوتبوو.

هاوكات لەگەڵ شکستی ئەم بۆردومانەدا، ئەدۆلف هیتلەر، پێی باش بوو پلانی داگیرکردنی بەریتانیا دوابخات، ئه‌مه‌ پێش ئەوەی دواتر ئه‌و پلانه‌ی به‌ ته‌واوه‌تی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، هێزه‌كانی ئه‌ڵمانیا، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ كاتی هه‌ڵمه‌تی بۆردومانی ئاسمانی كه‌ به‌ رۆژ ئه‌نجامیان ده‌دا و زیانی زۆریان به‌رده‌كه‌وت، په‌نایان برده‌ به‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تی بۆردومانی شه‌وانه‌، له‌ پێناو ئه‌وه‌ی چیتر فڕۆكه‌ی زیاتر له‌ده‌ست نه‌ده‌ن.


PM:01:07:09/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت