رژێمی سیاسی له ئێران چۆن كارده‌كات و كێ ده‌سه‌ڵات جێبه‌جێ ده‌كات؟
وێستگەنیوز-
له سیستمی سیاسی ئێران‌دا، ده‌سه‌ڵاتی پیاوانی ئاینی و حوكمی دیموكراسی، پێكه‌وه كۆبوونه‌ته‌وه. له‌م سیستمه‌دا، تۆڕێك له دامه‌زراوه‌ی نا هه‌ڵبژێردراو كه له‌لایه‌ن رێبه‌ری باڵاوه به‌ڕێوه‌ده‌برێن، هاوشان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و په‌رله‌مانێكی هه‌ڵبژێردراو له‌لایه‌ن گه‌له‌وه، پێكه‌وه وڵاته‌كه به‌ڕێوه‌ده‌بن، له‌م راپۆرته‌دا، گرنگترین ئه‌و كه‌س و دامه‌زراوانه ده‌خه‌ینه‌ڕوو كه رۆڵی سه‌ره‌كییان له به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌دا هه‌یه.
رابه‌ری باڵا
به به‌هێزترین كه‌سایه‌تی ئێران داده‌نرێت، له كاتی به‌رپابوونی شۆڕشی ئیسلامی له ساڵی 1979وه، ته‌نها دوو كه‌س ئه‌و پۆسته‌یان وه‌رگرتووه كه بریتین له ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی (دامه‌زرێنه‌ری كۆماری ئیسلامی)، جێنشینه‌كه‌ی عه‌لی خامنه‌یی.
خومه‌ینی دوای رووخانی رژێمی پاشایه‌تی محه‌مه‌د ره‌زا په‌هله‌وی، ئه‌م پۆسته‌ی له لووتكه‌ی پێكهاته‌ی سیاسی ئێران دانا. رابه‌ری باڵا فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی ئێرانه، هه‌مو دامه‌زراوه ئه‌منییه‌كانی له‌ژێر ده‌ستدایه، سه‌رۆك ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و نیوه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی ده‌ستور كه ده‌سه‌ڵاتێكی فراوانیان هه‌یه، داده‌مه‌زرێنێت. هه‌روه‌ها گوتاربێژانی نوێژی هه‌ینی و سه‌رۆكی تۆڕه‌كانی ته‌له‌فزیۆن و رادیۆ حكومییه‌كان داده‌مه‌زرێنێت.
جگه له‌وه كۆنترۆڵی بنكه و رێكخراوه خێرخوازییه‌كانی له‌ژێر ده‌ستدایه كه به‌هاكه‌یان به ملیارات دۆلار داده‌نرێت و كاریگه‌رییه‌كی فراوانی له‌سه‌ر ئابوری ئێران هه‌یه.
دوای مردنی خومه‌ینی له ساڵی 1989، ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامنه‌یی، بووه‌ته رابه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، به چنگێكی پۆڵاین ده‌ستی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا گرتووه و رووبه‌ڕووی هه‌مو ئه‌و ئاله‌نگاریانه بووه‌ته‌وه كه دووچاری رژێمی فه‌رمانڕه‌وا بوونه‌ته‌وه.
سه‌رۆك كۆمار
سه‌رۆك كۆمار به‌رزترین به‌رپرسی هه‌ڵبژێردراوه و دوای رابه‌ری باڵا، دووه‌م پۆستی گرنگه. سه‌رۆك كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر سیاسه‌تی ناوخۆ و كاروباری ده‌ره‌وه هه‌یه. به‌ڵام رابه‌ری باڵا له‌سه‌رجه‌م كاروباره‌كانی ده‌وڵه‌ت، خاوه‌نی قسه‌ی كۆتاییه.
سه‌رۆك كۆمار له ئێران، هه‌ر 4 ساڵ جارێك هه‌ڵده‌بژێردرێت و ته‌نها بۆی هه‌یه دوو خولی یه‌ك له دوای یه‌ك سه‌رۆكی وڵات بێت. به گوێره‌ی ده‌ستور، سه‌رۆكی وڵات، دووه‌م به‌رپرسی باڵای وڵاته، سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكاره، به‌رپرسی جێبه‌جێكردنی ده‌ستوره.
وه‌زاره‌تی ناوخۆ سه‌ر به سه‌رۆك كۆماره، ئیداره‌ی هێزه‌كانی پۆلیسی نیشتیمانی، له‌ژێر ده‌ستدایه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پۆلیس، له‌لایه‌ن رابه‌ری باڵاوه داده‌مه‌زرێت و راسته‌وخۆ له‌به‌رده‌می رابه‌ردا به‌رپرسه، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بۆ دامه‌زراندنی فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران و هێزه‌كانی به‌سیجیش هه‌ر به‌و جۆره‌یه.
په‌رله‌مان بۆی هه‌یه، به ده‌ركردنی یاسای نوێ، چاودێری ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆك كۆمار بكات. ساڵی 2024 دوای ئه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆماری ئه‌و كات ئیبراهیم ره‌ئیسی، خۆی و هاوه‌ڵه‌كانی له روودای كه‌وتنه خواره‌وه‌ی هه‌لیكۆپته‌ره‌كه‌یان، كۆچی دوایی كرد. ئێرانییه‌كان بۆ شوێنگروه‌ی ره‌ئیسی، مه‌سعود پزشكیان-یان هه‌ڵبژاد.
په‌رله‌مان
هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان "ئه‌نجومه‌نی شورا" كه ژماره‌یان 290 ئه‌ندامه، هه‌ر 4 ساڵ جارێك، له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی جه‌ماوه‌رییه‌وه ده‌ستنیشان ده‌كرێن. په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانی هه‌یه، ده‌توانێت بودجه‌ی ساڵانه ره‌تبكاته‌وه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌توانێت بانگهێشتی سه‌رۆك كۆمار و وه‌زیره‌كان بكات و دووریان بخاته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، پێویسته ئه‌نجومه‌نی پاراستنی ده‌ستور، ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر هه‌مو ئه‌و بڕیارانه بدات كه له په‌رله‌مانه‌وه ده‌رده‌چن.
ئه‌نجومه‌نی پاراستنی ده‌ستور
ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه، ده‌سه‌ڵاتێكی فراوانیان له ئێران‌دا هه‌یه، هه‌مو ئه‌و پرۆژه یاسایانه‌ی له په‌رله‌مانه‌وه ده‌رده‌چن، ده‌بێت ئه‌م ئه‌نجومه‌نه ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ریان بدات و ده‌سه‌ڵاتی رهتكردنهوهیانی هه‌یه. هه‌روه‌ها ده‌توانێت كاندیده‌كان، له خۆكاندیكردن بۆ په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌نجومه‌نی شاره‌زایان، بێبه‌ش بكات.
ئه‌م ئه‌نجومه‌نه له ئێستادا، له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د جه‌نه‌تی سكرتێری ئه‌نجومه‌نی پاراستنی ده‌ستور له ئێران، به‌ڕێوه‌ده‌برێت. ئه‌نجومه‌نه‌كه له شه‌ش زانای ئاینی پێكهاتووه كه رابه‌ری باڵا دایانده‌مه‌زرێنێت، له‌گه‌ڵ شه‌ش فوقه‌های یاسایی كه ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كاندیدیان ده‌كات و په‌رله‌مان ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ریان ده‌دات. ئه‌ندامانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه بۆ شه‌ش ساڵ و له‌سه‌ر بنه‌مای قۆناغهبهندی هه‌ڵده‌بژێردرێن، واته نیوه‌ی ئه‌ندامان هه‌ر سێ ساڵ جارێك ده‌گۆڕدرێن.
ئه‌نجومه‌نی شاره‌زایان
ئه‌م ئه‌نجومه‌نه له 88 زانای ئاینی و پیاوی ئاینی پێكدێت، به‌رپرسه له ده‌ستنیشانكردنی رابه‌ری باڵا و چاودێریكردنی كاره‌كانی. ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت رابه‌ری باڵا ناتوانێت ئه‌ركه‌كه‌ی وه‌ك پێویست جێبه‌جێ بكات، ئه‌م ئه‌نجومه‌نه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه دووریبخاته‌وه.
ئه‌گه‌ر رابه‌ری باڵا كۆچی دوایی بكات یان چیتر نه‌توانێت ئه‌ركه‌كانی به‌ڕیوه‌به‌رێت، ئه‌نجومه‌ن ده‌نگدانێك نهێنی رێكده‌خات و تێیدا به زۆرینه‌ی ئاسایی، جێنشینی رابه‌ر ده‌ستنیان ده‌كرێت. هه‌ر هه‌شت ساڵ جارێك، هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌ندامانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه ده‌كرێت.
دواین هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی شاره‌زایان، ساڵی 2024 بوو، راپۆرته‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، رێژه‌ی به‌شداری له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا، كه‌مترین رێژه بووه. له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ساڵی 2016، ریفۆرمخوازه‌كان نزیكه‌ی له سه‌دا 60% كورسییه‌كانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌یان به‌ده‌ستهێنا، ئه‌مه دوای ئه‌وه بوو له هه‌ڵبژاردنی پێشتردا ته‌نها له سه‌دا 25% كورسییه‌كانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یان به‌ده‌ستهێنابوو.
ئه‌نجومه‌نی دیاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی رژێم
ئه‌م ئه‌نجومه‌نه، مشورهت و راوێژ پێشكه‌ش به رابه‌ری باڵا ده‌كات، ده‌سه‌ڵاتی كۆتایی هه‌یه بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناكۆكییه یاساییانه‌ی له نێوان په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی پاراستنی ده‌ستور هه‌یه.
ده‌نگده‌ران بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه، له كاتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماردا، ده‌نگ بۆ ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ش ده‌ده‌ن. هه‌میشه خامنه‌یی داوا ده‌كات به چڕی به‌شداری له ده‌نگدانه‌كه‌دا بكه‌ن.
رابه‌ری باڵا 45 ئه‌ندامی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه ده‌ستنیشان ده‌كات كه بریتین له كه‌سایه‌تییه ئاین و كۆمه‌ڵایه‌تییه دیاره‌كان. سه‌رۆكی ئێستای ئه‌نجومه‌نه‌كه بریتییه له ئایه‌توڵڵا سادق لاریجانی كه پێشتر سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی بوو.
سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری
سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له‌لایه‌ن رابه‌ری باڵای ئێرانه‌وه ده‌ستنیشان ده‌كرێت، ئه‌م سه‌رۆكه ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری وڵاته‌كه به‌ڕێوه‌ده‌بات و راپۆرته دادوه‌ریی و دادگاییه‌كان و جێبه‌جێكردنی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی، بۆ ئه‌م به‌رز ده‌كرێنه‌وه. هه‌نووكه پۆستی سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئێران، له‌لایه‌ن غولام حسێم موحسن ئیجانی به‌ڕێوه‌ده‌برێت.
هێزه چه‌كداره‌كان
هێزه چه‌كداره‌كان، له سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و سوپای فه‌رمی پێكدێت. سوپای پاسداران دوای سه‌ركه‌وتنی شۆرش دامه‌زرا، تاكو به‌رگری له رژێمی ئیسلامی بكات و هاوسه‌نگی هێز له‌به‌رامبه‌ر سوپادا بپارێزێت.
له‌و كاته‌وه، سوپای پاسداران، بووه‌ته هێزێكی سه‌ربازی و سیاسی و ئابوری بنچینه‌یی له ئێران. سوپای پاسداران په‌یوه‌ندییه‌كی تووندوتۆڵ و متمانه پێكراوی له‌گه‌ڵ رابه‌ری باڵادا هه‌یه.
سوپای پاسداران، هێزی زه‌مینی و ده‌ریایی و ئاسمانی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، سه‌رپه‌رشتی چه‌كه ستراتیژه‌كانی ئێران ده‌كات. هه‌روه‌ها كۆنترۆڵی هێزی نیمچه سه‌ربازی به‌سیج ده‌كات كه به‌شداری له سه‌ركوتكردنی ناڕه‌زایه‌تی و ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆدا ده‌كات.
سه‌رجه‌م فه‌رمانده گه‌وره‌كانی سوپای پاسداران و فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی سوپای نیزامی، له‌لایه‌ن رابه‌ری باڵاوه ده‌ستنیشان ده‌كرێن، ئه‌و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانه، ئه‌وان له‌به‌رده‌می رابه‌ردا به‌رپرسیارن.
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران
ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران یان حكومه‌ت، له‌لایه‌ن سه‌رۆك كۆماره‌وه ده‌ستنیان ده‌كرێن و پێویسته په‌رله‌مان ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدات. په‌رله‌مان ده‌توانێت وه‌زیره‌كان دووربخاته‌وه. سه‌رۆك كۆمار یان جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆك كۆمار، سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كه‌ن.
پۆلیسی ئه‌خلاق
پۆلیسی ئه‌خلاق به‌شێكه له پۆلیسی نیشتیمانی، ئه‌م هێزه له ساڵی 2005 دامه‌زراوه، تاكو پارێزگاری له ئه‌خلاقی ئیسلامی و ئه‌و یاسایانه بكات كه په‌یوه‌ستن به جلوبه‌رگی "شیاو"، ئه‌و جلوبه‌رگه‌ی دوای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 هێنرایه ئێران و په‌یڕه‌وی لێده‌كرێت.
ئه‌م هێزه نزیكه‌ی 7 هه‌زار پۆلیسی نێر و مێ له‌خۆده‌گرێت، ده‌سه‌ڵاتی ده‌ركردنی هۆشداری یان سه‌پاندنی غه‌رامه یاخود ده‌ستگیركردنی كه‌سانی گومان لێكراویان هه‌یه.
بۆ یارمه‌تیدانی پۆلیسی ئه‌خلاق و چاودێریكردنی ئه‌و ژنانه‌ی له‌چك ناكه‌ن، كامێرای چاو‌دێر به‌كارده‌هێنرێت و سزای زیندانی به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌دا ده‌سه‌پێنرێت كه یاساكانی حیجاب له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، پێشێل ده‌كه‌ن.
سوپای پاسداران
سوپای پاسداران، هێزه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئێرانه بۆ پاراستنی ئه‌من و ئاسایشی ناوخۆ. ئه‌م هێزه له ئێستادا هێزێكی سه‌ربازی و سیاسی و ئابوری سه‌ره‌كییه له وڵاته‌كه‌دا و زیاد له 150 هه‌زار كه‌س له‌خۆده‌گرێت.
سوپای پاسداران، سه‌رپه‌رشتی و چاودێری چه‌كه ستراتیژه‌كانی ئێران ده‌كات، هێزی زه‌مینی و ده‌ریایی و ئاسمانی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. هه‌روه‌ها ئه‌م هێزه، باڵێكی ده‌ره‌كی به ناوی فه‌یله‌قی قودس هه‌یه. جگه له‌وه كۆنترۆڵی هێزه‌كانی به‌سیج، له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی سوپای پاسداراندایه.
هێزه‌كانی به‌سیج
هێزی مقاوه‌مه‌ی به‌سیج كه ناوه فه‌رمییه‌كه‌ی بریتییه له رێكخراوی كۆكردنه‌وه‌ی سته‌ملێكراوان، ساڵی 1979، وه‌ك رێكخراوێكی نیمچه سه‌ربازی خۆبه‌خش دامه‌زرا. به‌سیج له هه‌مو پارێزگایه‌ك و شارێكی ئێران و له ناو ژماره‌یه‌كی زۆری دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانی وڵات‌دا، لقی هه‌یه.
ئه‌ندامانی هێزه‌كانی به‌سیج، له نێر و مێ پێكهاتوون، ملكه‌چی بڕیاره‌كانی سوپای پاسدارانی ئێرانن. له كاتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ساڵی 2009، هێزه‌كانی به‌سیج رۆڵێكی گه‌وره‌یان له‌سه‌ركوتكردنی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌دا هه‌بوو كه له‌و ساڵه‌دا دژ به حكومه‌ت له‌ئارادابوو.
PM:06:41:14/01/2026
ئه‌م بابه‌ته 108
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت