به‌ده‌مه‌وه‌چوونێكی به‌رفراوان بۆ مانگرتنی گشتی له‌و ناوچانه‌ی ئێران کە زۆرینه‌ی كوردنشینن
وێستگەنیوز-
وەک وەڵامێک بۆ به‌ده‌مه‌وه‌چوونی بانگه‌وازی هاوبەشی حەوت حیزبی کوردی لە کوردستانی ئێران، بۆ مانگرتنی گشتی، له پێناو پشتگیری لە جوڵانەوەی نیشتمانیی ئێرانییەکان، بازرگانان و خاوەن دوکانەکان لە زۆرێک لە شارەکانی کوردستان و ئه‌و ناوچانه‌ی زۆرینه‌یان كوردنشینن، دوکانەکانیان داخست و کارەکانیان وەستاند.
بازرگانانی ده‌یان شاری پارێزگاكانی دیكه‌ی ئێران، هاتنه نێو مانگرتنه‌كه‌وه، له‌وانه ئازربایجانی خۆرهه‌ڵات، ئه‌رده‌بیل، ئه‌سفه‌هان، بوشه‌هر، تاران، كرمان، لرستان، مازنده‌ران، هه‌مه‌دان و زنجان...هتد.
له‌م باره‌یه‌وه به‌رپرسێكی كۆشكی سپی، سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا ده‌رباره‌ی ئه‌و جووڵانه‌وه نیشتیمانییه‌ی ئێرانییه‌كان، به كه‌ناڵێ "ئێران ئینته‌رناسیۆنال"ی راگه‌یاندووه سه‌رۆكی ئه‌مریكا، به ڕوون و راشكاوی رایگه‌یاند ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران خۆپیشانده‌رانی سڤیل بكوژن، ئه‌وا لێدانێكی كه‌مه‌رشكێنی به‌رده‌كه‌وێت.
سینه‌ماكاران ئیدانه‌ی سه‌ركوتكردنه‌كان ده‌كه‌ن
ژماره‌یه‌ك له سینه‌ماكاران له به‌یاننامه‌یه‌كدا، سه‌ركوتكردنی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك، له‌ژێر هه‌ر به‌هانه‌یه‌كدا مه‌حكوم ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: "ناڕه‌زایی ده‌ربڕین مافێكی سروشتی هه‌مو مرۆڤێكه، هیچ ده‌سه‌ڵاتێك مافی ئه‌وه‌ی نییه، خۆی له‌سه‌روی گه‌له‌وه دا‌نێت".
هه‌روه‌ها له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه: "ته‌قه كردن له خه‌ڵكانێك به ده‌ستی خاڵییه‌وه رژاونه‌ته ناو شه‌قامه‌ه‌كان، تاوانێكه دژ به مافی ژیان و هیچ پاساوێكی بۆ نییه".
به‌یاننامه‌كه له به‌شێكی دیكه‌یدا ده‌ڵێت: "بوونی گه‌نده‌ڵی رێكخراو و دزین و تاڵانكردنی سه‌روه‌ت و سامانی گشتی، له‌پاڵ بوونی ئایدۆلۆژیایه‌ك ترس و تۆقاندن بڵاوده‌كاته‌وه، ژیانی خه‌ڵكی به‌ره‌و قووڵایی هه‌ژاری و نائومێدی و كه‌بت بردووه، سامانی نیشتیمانی وڵاته‌كه له ململانێی هه‌رێمایه‌تیدا به‌فێڕۆ دراوه".
رۆژنامه‌یه‌كی ریفۆرمخواز قه‌باره‌ی په‌شێوییه‌كان ده‌رده‌خات
رۆژنامه‌ی "ئعتماد" كه له تاران ده‌رده‌چێت، له راپۆرتێكی مه‌یدانیدا، باس له بڵاوبوونه‌وه‌یه‌كی چڕ و به‌رفراوانی هێزه‌كانی چالاكییه مه‌ده‌نییه‌كان ده‌كات، له ناوچه بازرگانی و سه‌نته‌ره گه‌وره‌كان له ناوه‌ڕاستی تاران، به تایبه‌ت له ده‌وروبه‌ری بازاڕ.
رۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی: "سه‌رجه‌م بازاڕه‌كانی زێڕ و خشڵ له گۆڕه‌پانی سه‌بزه مه‌یدان داخراون. هه‌روه‌ها ده‌رگای هه‌مو فرۆشگاكانی جلوبه‌رگ و كه‌ره‌سته‌ی ناوماڵ، له شه‌قامی ئه‌میر كه‌بیر كۆڵۆمدراون. له‌و ناوچه‌یه‌دا كۆمه‌ڵێك ئۆتۆمۆبێلی ره‌ش كه سه‌ر به هێزه‌كانی نه‌هێشتنی ئاژاوه‌گێڕین، راوه‌ستاون. له سه‌ره‌تای ئه‌و شه‌قامه‌دا، ژماره‌ی ئه‌ندامانی به‌سیج و هێزه‌كانی نه‌هێشتنی ئاژاوه‌گێڕی، ئه‌وه‌نده زۆره، وایكردووه ئاسته‌نگی گه‌وره‌ی بۆ هاتوچۆ دروستكردووه".
راپۆرته‌كه‌ی رۆژنامه‌ی ناوبراو، له به‌شێكی دیكه‌یدا باس له ئاماده‌بوونێكی چڕی هێزه‌كانی پۆلیس ده‌كات له ناوچه‌كه‌دا و ده‌ڵێت: "ژماره‌ی ئه‌ندامانی هێزه‌كانی نه‌هێشتنی ئاژه‌وه‌گێڕی، به خۆیان و جلوبه‌رگی ره‌ش و قه‌ڵغانه روونه‌كه‌ی ده‌ستیانه‌وه، له ده‌روازه‌ی وێستگه‌ی میترۆی 15 خورداد، تا ده‌گاته یه‌كتربڕی شه‌قامی ناسر خه‌سره و گۆڕه‌پانی سه‌بزه مه‌یدان، هێنده زۆره دیوارێكی مرۆییان پێكهێناوه و رێگه به هیچ گردبوونه‌وه‌یه‌ك ناده‌ن، له‌سه‌ر شۆسته‌كانی سه‌بزه مه‌یدان و له‌به‌رده‌م دووكانه داخراوه‌كاندا، هه‌ر گردبوونه‌وه و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی مرۆیی ببینن، راسته‌وخۆ به‌ره‌و روویان ده‌ڕۆن و بڵاوه‌یان پێده‌كه‌ن".
ژماره‌یه‌ك له خاوه‌ن دوكانه‌كانی شه‌قامی لاله‌زار به رۆژنامه‌ی "ئعتماد"یان راگه‌یاندووه له‌به‌ر نه‌بوونی كڕیار، له كاتژمێر سێی دوا نیوه‌ڕۆوه، دوكانه‌كانیان داده‌خه‌ن. ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌شكردووه كۆمپانیاكانی دابه‌شكردن، له رۆژی یه‌كه‌می ناڕه‌زایه‌تییه‌كانه‌وه، فرۆشتن و كاره‌كانیان راگرتووه.
رۆژنامه‌یه‌كی موحافیزكار خۆپیشانده‌ران به تیرۆریست ناوده‌بات
له به‌رامبه‌ردا، رۆژنامه‌ی "كه‌یهان"ی موحافیزكار له چه‌ندین راپۆرتدا، باس له ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئێران ده‌كات و به خۆپیشانده‌ران ده‌ڵێت "هێزه‌كانی داعش" و به "به‌كرێگیراوی مۆساد و وڵاتانی بیانی" له قه‌ڵه‌میان ده‌دات.
رۆژنامه‌كه له راپۆرتێكیدا به ناونیشانی: "كاتێك ماسكی رووخساری ئاژاوه‌گێڕان كه‌وت" ده‌ڵێت: "ئه‌و وێنه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌مماندا ده‌یبینین، سیمای ناڕه‌زایی نییه. به‌ڵكو به‌شێكه له شه‌ڕێكی دووڕه‌گی/ هه‌جینی سه‌رتاپایگر".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئه‌و دیمه‌نانه‌ی تۆماركراون، له سوتاندنی لاشه‌ی ئه‌ندامانی ئاسایش، بۆ به‌كارهێنانی ئاشكرای چه‌كی سپی، سوتاندنی موڵكی گشتی و فرۆشگا و كۆگاكان، به هه‌ر پێوانه‌یه‌ك بێت، ناكرێت به ناڕه‌زایی ناوببرێت. ئه‌وه‌ی ده‌بینین، چاولێگه‌رییه‌كی كرچ و كاڵه بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس و تۆقاند كه داعش و گه‌وره‌كانی، له شه‌قامه‌كانی تاران و شاره‌كانی دیكه‌دا، پشتی پێده‌به‌ستن".
رۆژنامه‌كه پێشبینی ئه‌وه ده‌كات ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و ئه‌منی، رێكاری تووند و یه‌كلایكه‌ره‌وه دژ به دیارده‌ی ئاژاوه‌گێڕی و ئه‌ندامه‌كانی بگرنه‌به‌ر.
رۆژنامه‌ی ناوبراو له راپۆرتێكی دیكه‌یدا به ناونیشانی "بڕینی قووتی خه‌ڵك ئه‌ركی پیاوه‌كانی ئیسرائیله" كه بووه‌ته مانشێتی سه‌ره‌كی رۆژنامه‌كه، خۆپیشانده‌ران به "به‌ڵته‌جی به‌كرێگیراوی ئیسرائیل" داده‌نێت و نووسیوویه‌تی: "به‌ڵگه‌ی زۆر هه‌یه، ده‌یسه‌لمێنێت ئه‌ندامه سه‌ره‌كییه‌كانی كاره ئاژاوه‌گێڕییه‌كان، په‌یوه‌ندییان به ده‌ره‌وه‌وه هه‌یه، ده‌كرێت ئه‌وه له دروشمه‌كانیانه‌وه هه‌ڵهێنجێنین".
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئیندانه‌ی ده‌ستوه‌ردانی ئه‌مریكا ده‌كات
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له به‌یاننامه‌یه‌كیدا ئیدانه‌ی هه‌ر جۆره پاڵپشتییه‌كی به‌رپرسه گه‌وره‌كانی ئه‌مریكا، بۆ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان ده‌كات كه له‌م چه‌ند رۆژه‌ی دوایدا له ئیران روویانداوه و به "ده‌ستتێوه‌ردان و فریوده‌ر" وه‌سفی كردووه و به تووندی سه‌ركۆنه‌ی كردووه.
له به‌یاننامه‌كه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئێران‌دا هاتووه: "ئه‌م جۆره هه‌ڵوێستانه، له په‌رۆشییه‌وه بۆ گه‌لی ئێران سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتووه. به‌ڵكو له سیاقی پیاده‌كردنی سیاسه‌تی ئه‌وپه‌ڕی فشار و هه‌ڕه‌شه و ده‌ستتێوه‌ردان له كاروباری ناوخۆی ئێران‌دا هاتووه. ئامانجی هاندانی تووندوتیژی و تیرۆر و نانه‌وه‌ی په‌شێوی و نه‌بوونی ئه‌من و سه‌قامگیرییه له وڵات‌دا".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی له‌مڕۆدا حكومه‌تی ئه‌مریكا دژ به ئێران ئه‌نجامیده‌دات، ته‌نها شه‌ڕێكی ئابوری نییه، به‌ڵكو تێكه‌ڵێكه له جه‌نگێكی ده‌روونی، هه‌ڵمه‌تی راگه‌یاند، بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی درۆ، هه‌ڕه‌شه‌كردن به ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی و هاندانی تووندوتیژییه".
كوشتنی پۆلیسێك
ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه 8ی كانوونی دووه‌می 2026، به گوێره‌ی میدیا ناوخۆییه‌كانی ئێران، له میانه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی نزیك تارانی پایته‌خت، پۆلیسێكی ئێرانی به چه‌قۆ كوژراوه.
له‌م باره‌یه‌وه ئاژانسی هه‌واڵی "فارس" بڵاویكردووه‌ته‌وه شاهێن ده‌هقان كه پۆلیسی شاری مه‌لارده له خۆرئاوای تاران، له كاتی هه‌وڵدانی بۆ كۆنترۆڵكردنی خۆپیشاندانه‌كان، دراوه‌ته به‌ر چه‌قۆ و كوژراوه. ئه‌مه له كاتێكدایه هه‌وڵه‌كان بۆ دیاریكردنی ناسنامه‌ی ئه‌نجامده‌رانی كوشتنه‌كه به‌رده‌وامه.
پارێزگاری تاران محه‌ممه‌د سادق موعته‌مه‌دیان، هۆشداریدا ئه‌گه‌ر خۆپیشاندانه‌كان بگۆڕدرێت بۆ كاری تێكده‌رانه و زیانگه‌یاندن و له ره‌وتی خۆپیشاندانی یاسایی ده‌رچوو، ئه‌وا پۆلیس سه‌رپشككراوه چه‌ك به‌كاربهێنێت. چونكه به گوێره‌ی موعته‌مه‌دیان پێویسته جیاوازی بكرێت له نێوان خۆپیشاندان و كاری تێكده‌ر و ئاژاوه‌گێڕی.
جێگای بیرهێنانه‌وه‌یه ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئه‌مجاره‌ی ئێران، له 28ی كانوونی یه‌كه‌می 2025 وه ده‌ستی پێكردووه، سه‌ره‌تا بازرگانانی بازاڕی تاران مانیانگرت. له‌و رۆژه‌وه تا هه‌نوكه، له كۆی 31 پارێزگای ئێران، ناڕه‌زایه‌تییه‌كان گه‌شتووه‌ته 25 پارێزگا.
دواجار به گوێره‌ی ئاماره‌كانی رێكخراوی "هه‌نگاو" كه رێكخراوێكی كوردییه بۆ مافه‌كانی مرۆڤ. له ده رۆژی یه‌كه‌می خۆپشاندانه‌كاندا، لانی كه‌م 27 كه‌س كوژراون و زیاد له هه‌زار و 500 كه‌س له ئێران ده‌ستگیركراون و شاره‌كانی خۆرئاوای وڵاته‌كه زۆرترین قوربانییان به‌خۆیانه‌وه بینیوه.
PM:11:25:08/01/2026
ئه‌م بابه‌ته 420
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت