وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە پانێڵێکدا لە لوتکەی تەندروستیی هەڵەبجە: بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لە هەرێم کەمی کردووە


وێستگەنیوز-

لە چوارچێوەی کۆنفڕانسی لوتکەی تەندروستی لە پارێزگای هەڵەبجە پانێڵێکی تایبەت بە مادە هۆشبەرەکان بەڕێوەچوو، وتەبێژی دەزگاى ئاسايشی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات، بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لەهەرێمی کوردستان کەمی کردووە.


ئاسۆ عەبدوللەتیف، توێژەر و رۆژنامەنووس، وەک بەڕێوەبەری پانێڵی مادە هۆشبەرەکان و چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی وەک دیاردەو دەرکەوتی مەترسیداری جەستەیی و دەرونی و کارتێکەرە هۆشی و عەقڵیەکان، لە دووەم رۆژی کۆنفڕانسی لوتکەی تەندروستی لە پارێزگای هەڵەبجە، بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەڵەبجەو بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجەو بۆردی لوتکەی تەندروستی و بەڕێوەبەران و نوێنەرانی دامودەزگا و خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوەو میدیاکاران.

گرنگترین پرس و رەهەندی یاسایی و پەروەردەیی و دەروونی و ئەمنی و راسپاردەو میکانیزمی بەرەنگاری مادە هۆشبەرەکانی خستە ناو گفتوگۆیەکی گەرمی زانستی پسپۆڕان و توێژەران و ئامادەبووانی کۆنفرانسەکەوە.

ئاماژەی بەوەکرد، "نزیکەی ٢٣٠٠ ساڵ پێش ئێستا، فەیلەسوفی کۆنی یۆنانی ئیپیکوروس ئاگاداری قوتابیەکانی کردەوە کە رەنگە هەوڵی لە ڕادەبەدەر بۆ بەدەستهێنانی خۆشبەختی، لەباتی ئەوەی دڵخۆشیان بکات بێتەهۆی خەمباربوونیان، ڕێک ئەوەی کە ئێستا مرۆڤایەتی و کۆمەڵگە پێشکەوتوەکان دوچاری بوونەتەوە، دوو سەدە پێش ئەوە، بودا ئەوەی بە قوتابیەکانی وت هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی هەستە شادیهێنەکان بنەمای راستەقینەی ئازارە، کتێبی هۆمۆدیۆس، یوڤاڵ نوح هەراری".

ئاسۆ عەبدوللەتیف رایگەیاند، "جیهان لە جەنگێکی مەترسیداردا دەژی بۆ زاڵبوون بەسەر خەمۆکی و پەستان و گەشتن بە چێژی کاتی لەڕێگەی مادە هۆشبەرەکان، بۆ ئەمڕۆی لوتکەکەش گرنگ بوو بەرپرسان و وەزیری تەندروستی و جێگرەکەی و بەشێک لە بەرپرسانی تایبەتمەند و لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵیەکان لێرە ئامادەبوونایە بۆ گفتووگۆ و باسکردن لە هەمواری بەشێک لەبڕگەو مادەکانی یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٠".

پاشان ئاسۆ عەبدولـلەتیف ئاماژەی بەدیدی یۆڤاڵ نوح هەراریکرد لەم پرسەدا، کە دوانزە لەسەدی سەربازانی ئەمریکی لە عێراق و حەڤدە لەسەدی سەربازانی ئەمریکی، یان حەبی خەو بەکاردەهێنن یان دژە خەمۆکی تا تابتوانن چارەسەری هەموو ئەو پەستان و دڵەڕاوکێیانە بکەن کە دوچاری بوون، هەوڵدان بۆ خۆشبەختی لە رێگەی مەوادی بایۆکیمیاییەوە یەکەمین هۆکاری تاوانە لە جیهاندا، نیوەی بەندیەکان لە بەندیخانە فیدڕاڵیەکانی ئەمریکادا لەساڵی ٢٠٠٩ تا ئێستا بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە بەندکراون، ٣٨ لەسەدی بەندیە ئیتاڵیەکان تاوانی پەیوەست بە مادەی هۆشبەریان کردوە، ٥٥ لەسەدی بەندیەکان لە بەریتانیا باسیان لەوەکردبوو کە تاوانی بازرگانیان بە ماددەی هۆشبەرەوە کردبوو. ٦٢ لەسەدی تاوانباران لە ئوسترالیا لەژێر کاریگەریەکانی ماددەی هۆشبەردا بوون، بۆیە حەشیش دەکێشێت تا هەست بە ئارامی بکات، کۆکاین و مەریوانا و مێتاڤیتامین و هیرۆین و جامایکاو تریاک و کیتامین و گراس و شادانە و کریستاڵ و حەبی بیتوو تراماو میتادۆن و کاپتاگۆن ودیازپام بەکاردەهێنێت تابیری تیژبێت و باوەڕبەخۆی پەیدا بکات کە بەخەیاڵ دەتبات بۆ ئاسمان بۆ ئاهەنگی مرواریەکان.

پانێڵیستەکانی مادەی هۆشبەر لە لوتکەی تەندروستی ئەمرۆی پارێزگای هەڵەبجە بریتی بوون لە:

حاکم بیشوان، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی و وانەبێژ لە زانکۆی ئەمریکی، باسی لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر و رێکارە دادوەرییەکان و داتای گرنگ کرد و چەندین رێکارو یاساو کەیسی هەستیاری خستەبەرباس و بەوردی شیکاری بۆ حاڵەت و دیاردەکان و ڕێگریەکان کرد لەم بارەیەوە.

د.بەرزان محەمەد عەلی دارتاش، بەڕێوەبەری پەیمانگای پزیشکی دادوەری سلێمانی و پزیشکی پسپۆڕی ڕاوێژکاری دادوەری یەکێکیتر بوو لە پانێڵیستەکان و حاڵەتەکانی شیکردەوە بۆ ئامادەبوان لەڕووی دادی پزیشکی و کەیس و چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەکەو جۆرەکانی مادەو حاڵەتەکانی دەستنیشانکرد.

عەقیدی مافپەروەر كارزان شێرکۆ سادق، ماستەر لە ياساى تاوانكاریی و وتەبێژی دەزگاى ئاسايشی هەرێمی کوردستان، داتاو زانیاریەکانی وەک خۆی باسکرد وەک دیاردە نەک حاڵەت و بەوردی و دیقەتەوە ئاماژەی بەحاڵەتەکان و داتاکان و بڕو جۆری مادەکانی هۆشبەرکردو خۆشبەختانە رایگەیاند، "بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لەهەرێمی کوردستان کەمی کردووە و گرنگی کردنەوەی سەنتەرێکی شیاندنەوەی بۆ ئالودەبوان پێشنیارکرد لەناو پارێزگای هەڵەبجە".

د. زامدار حەمە ڕەسوڵ، وەک ماموستاى زانكۆی سلێمانى، پزيشكى پسپۆڕی دەروونى، لێپرسراوى لقى سلێمانى كۆمەڵەى پزيشكى دەرونى كوردستان زۆر بەوردی و جوانی تیشکی خستە سەر هۆکارو دەرەنجام و چارەسەریەکانی کەسانی ئالودەبووی مادەکان لەڕەهەندی پزیشکی دەرونیەوە وەک پسپۆڕی چارەسەرکاری دەرونی و قاڵبووی ناو کەیس و حاڵەتەکان.

توانا ئەمین، ماستەر لە کلینیکەڵ سایکۆڵۆژی، ڕاهێندراوی دامەزراوەی حەمەدی پزیشکی لە وڵاتی قەتەڕ، باوەڕپێکراو لە پەیمانگای BECK بۆ چارەسەری ئاڵوودەبوون و وەک بەڕێوبەری پڕۆژەی هەڵمەتی نیشتیمانی ڕووبەڕوبونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان لە دەزگای خێرخوازی بارزانی. چارەسەرکاری دەروونی خۆی خستە ڕوو، لەگەڵ پێشکەشکردنی باسێکی تێروتەسەل و ئەزموونکاری خۆی لەبارەی قەبارەو جۆری مادەکان و گرنگی سەنتەرێکی شیانەوەی زانستی لە پارێزگای هەڵەبجە، تەواوی وزەی پەیمانگاکەشی بۆ ساڵی نوێ خستە خزمەتی هەڵەبجەو پرۆژەی هەڵەبجە ١٩ لەلایەن لوتکەی تەندروستیەوە.

مامۆستا محەمەد خانی، وەک پەروەرشیار و شارەزای دەروونشیکاریی ئاینی و پەروەردەیی و پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی پەیامی نووری کرماشان و زانکۆی سلێمانی و خاوەن ماستەرو دکتۆرا لە دەروونناسی پەروەردە، بەجوانی و پەروەردەیی و هاوسەنگ تیشکی خستە سەربرینەکەو ڕێگریەکان و بەرەنگاریە پێویستەکان، ماڵێکی ئارام و فێنک و بێگرفتی وەک پێشنیارێکی پەروردەیی دروست بۆ خێزانەکان خستەڕوو لەگەڵ گرنگی پەروەردەیەکی ئەخلاقی و ئایینی بۆ کۆمەڵگە و دووربوون لەهەر مادەیەکی هۆشبەر.


PM:08:35:21/11/2025














ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت