لە سلێمانی گفتوگۆی رەخنەیی لەسەر شانۆ نمایشکراوەکان دەستپێدەکات؛ کۆڕێک دەربارەی نمایشی "ئێکسۆدۆس" سازدەکرێت

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

لە درێژەی کار و چالاکییەکانی "کارگەی شانۆ" بۆ بوژانەوەی کەرتی رۆشنبیری و رەخساندنی کەشێکی رەخنەیی لە دوای نمایشە هونەرییەکان، بڕیارە رۆژی دووشەممە 2/11/2026، دانیشتنێکی تایبەت بە گفتوگۆ دەربارەی نمایشی شانۆیی "ئێکسۆدۆس" لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت.


دانیشتنەکە لە کاتژمێر 3:30ی پاشنیوەڕۆ لە هۆڵی "کارگەی کولتوور - هۆبەی کەشکۆڵ-باڵندە" سازدەکرێت، تێیدا شانۆکار راهۆز کامەران خوێندنەوەیەک بە ناونیشانی "ئێکسۆدۆس، تێپەڕین بەناو فۆڕمدا بەرەو مانا" پێشکەش دەکات، هاوکات لەگەڵ بەشداری و ئامادەبوونی راڤیار نەوزاد، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە.

سەبارەت بە رێکخستنی ئەم جۆرە کۆڕ و دیالۆگانە دوای تەواوبوونی نمایشەکان، ئاراس عەبدوڵا شانۆکار و ئەندام لە کارگەی شانۆ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ وێستگەنیوز رایگەیاند، لە ساڵانی رابردوودا شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان بە گشتی رووبەڕووی سستییەکی بەرچاو بووەوە لە بواری کولتوور بە تایبەتی لە کەرتی شانۆدا، هەر بۆیە وەک کۆمەڵێک تیپ و هونەرمەندی جیاواز کۆبوونەتەوە و جوڵانەوەی "کارگەی شانۆ"یان بۆ چالاککردنەوەی ناوەندەکان دروستکردووە.

ئاراس عەبدوڵا ئاماژەی بەوە کرد، لە پاڵ کەمبوونەوەی نمایش، کۆڕ و دانیشتنە رەخنەییەکانیش بە تەواوی سست و بێدەنگ ببوون؛ بۆیە دەستپێشخەریی (سازگەی گفتوگۆی شانۆ)یان راگەیاندووە تاوەکو کۆڕ و سیمینار لەسەر بابەتە تیۆرییەکان، ئەزموونی هونەرمەندان و بە تایبەتیش گفتوگۆی رەخنەیی لە دوای تەواوبوونی نمایشە شانۆییەکان سازبکەن.

ئەو شانۆکارە جەختی لەوەش کردەوە، ئەم کۆڕانە بۆ نمایشێکی دیاریکراو نییە بەڵکو هەوڵ دەدەن لە دوای سەرجەم نمایشەکان دیالۆگی رەخنەیی دروستبکەن، هاوکات خاوەنی دیدگەیەکی روونن بۆ بنیاتنانی ژێرخان و مۆدێلێکی بەڕێوەبردنی کارا تاوەکو پێشکەشی ئەو لایەنانەی بکەن کە توانای پشتگیریی دارایی و مەعنەوییان هەیە، بە ئامانجی بردنەپێشەوەی زیاتری کەرتی شانۆ لە قۆناغەکانی داهاتوودا.


AM:11:54:01/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو