وەزارەتی رۆشنبیری لەسەر بەکارهێنانی دیزاینی "فەرەنجی" سکاڵا لەسەر کۆمپانیای لویس ڤیتن تۆمار دەکات

‌

وێستگەنیوز-

وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی رێکخستنی سکاڵایەکی یاساییە دژ بە کۆمپانیای بەناوبانگی جیهانیی "لویس ڤیتن"، بەهۆی بەکارهێنانی دیزاینی پۆشاکی کلتووریی کوردی (فەرەنجی) لە نمایشێکی جلوبەرگدا بەبێ مۆڵەت و بەبێ ئاماژەدان بە ناسنامەی کوردستانییەکەی.


بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی رۆشنبیری، چەند رۆژێک لەمەوبەر کۆمپانیای لویس ڤیتن لە میانی نمایشێکی جلوبەرگدا لە فەرەنسا پۆشاکێکی نمایش کردووە کە تەواوی شێوەکەی لە فەرەنجی دەچێت و لەو پۆشاکە کلتوورییەوە وەرگیراوە؛ بەو هۆیەشەوە چەندین بەڕێوەبەرایەتی و رێکخراو لە هەرێمی کوردستان نوسراوی فەرمییان ئاراستەی وەزارەت کردووە و داوای گرتنەبەری رێکاری یاسایی و تۆمارکردنی سکاڵایان لە دژی ئەو کۆمپانیایە کردووە.

لەوبارەیەوە نامیق هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "پارێزەرانی وەزارەت لەسەر هێڵن و سەرقاڵی ئامادەکردنی سکاڵایەکن لەسەر کۆمپانیای لویس ڤیتن بە مەبەستی راستکردنەوەی ئەو هەڵەیە، بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا سکاڵاکە بە تەواوی ئامادە بێت".

وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری ئاماژەی بە ناوەڕۆکی داواکارییەکانیان کرد و وتی: "لە سکاڵاکەدا بە فەرمی داوا دەکەین کۆمپانیای لویس ڤیتن ئەو دیزاینەی کە بە تەواوەتی لە فەرەنجی کوردییەوە وەرگیراوە رابگرێت و نەیخاتە نێو بازاڕەکانەوە، یان رونکردنەوە بدات و بە فەرمی ئاماژە بە ناوی کوردستان بکات".

هاوکات وەزارەتی رۆشنبیری روونی کردەوە، کە لە پاڵ هەوڵە یاساییەکاندا، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راسپێردراوە تاوەکو لەگەڵ حکومەتی فەرەنسا لە پەیوەندیدا بێت، بە ئامانجی چارەسەرکردن و راستکردنەوەی ئەو هەڵەیەی لە نمایشەکەدا روویداوە.


PM:03:46:26/09/2026


ئه‌م بابه‌ته 184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت