42 ساڵ بەسەر ژیانئاوایی یەڵماز گیونەی، باوکی سینەمای کوردیدا تێدەپەڕێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی ئەیلوولی 2026، 42 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی یەڵماز گیونەی، دەرهێنەری گەورەی کورد و ناسراو بە "باوکی سینەمای کوردی" تێدەپەڕێت، کە لە میانی کاروانە پڕ لە بەرهەمەکەیدا رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ و زیندانیکردن بووەوە بەڵام توانی ناوی خۆی بگەیەنێتە بەرزترین لووتکەی خەڵاتە نێودەوڵەتییەکان.
گیونەی لە 1ی نیسانی 1937 لە خێزانێکی کوردی زازا لە شاری ئەدەنە لەدایکبووە، لە سەرەتای تەمەنیدا لە دەروازەی چیرۆکنووسینەوە دەستی بە کاری ئەدەبی کرد، بەڵام هەر بەهۆی ناوەڕۆکی نووسینەکانییەوە راکێشرایە بەردەم دادگا، تا لە ساڵی 1961دا بە تۆمەتی نووسینی رۆمانێکی "کۆمۆنیستانە" خرایە گرتووخانەوە و بۆ ماوەی 18 مانگ زیندانی کرا.
ئەم سینەماکارە کە بە باوکی سینەمای کوردی پێناسە دەکرێت، لە ئاستی جیهانیدا دەستکەوتی گەورەی بۆ تۆمار کرا و توانی لە ساڵی 1982 گرنگترین خەڵاتی سینەمایی بەدەستبهێنێت کە خەڵاتی "چڵەخورمای زێڕین"ی فێستیڤاڵی کان بوو، بەهۆی هەلومەرج و گوشارە سیاسییەکان، ناچار بوو فیلمەکانی بە زمانی تورکی بەرهەمبهێنێت، سەرەڕای ئەوەش بەشێکی دوای هەڵاتن و راکردنی لە زیندان، گیونەی رووی لە وڵاتی فەڕەنسا کرد و لەوێ نیشتەجێ بوو.
لە ساڵی 1983 لەگەڵ هەریەکە لە هەژار موکریانی و جگەرخوێن و ژمارەیەک لە نووسەرانی دیکە، بەردی بناغەی ئینستیتیوتی کوردیی پاریسیان دانا، لە کۆتاییشدا لە ساڵی 1984، ئەم سینەماکارە ناودارە لە شاری پاریس بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
AM:10:41:09/09/2026
ئهم بابهته 356
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت