ترەمپ: پرسی ئێران کۆتایی پێ دەهێنین

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دەدات لەوەی بەمزووانە پرسی ئێران کۆتایی پێ دەهێنێت، هاوکات راپۆرتێکی رۆژنامەوانیش ئاشکرای دەکات کە ئیسرائیل فشار بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی ئاسمانیی هاوبەش دژی ئێران دەخاتە سەر واشنتۆن.


ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "فۆکس نیوز" ئاماژەی بەوە کردووە کە خوازیاری رێککەوتنێکی بنەڕەتی و هەمیشەییە لەگەڵ ئێران بە جۆرێک لە داهاتوودا هەڵنەوەشێتەوە، و رایگەیاندووە: "دەمەوێت رێککەوتنێک هەبێت کە بەردەوام و جێگیر بێت ئەگەر سەرۆکێکی خراپ یان لاواز بێتە سەر کار، دەمەوێت رێککەوتنێک بێت دەسەڵاتەکانی سەرۆک تێپەڕێنێت و بە کارایی بمێنێتەوە، بێ گوێدان بەوەی کێ پۆستەکە دەگرێتە دەست."

سەرۆکی ئەمریکا جەختیشی کردووەتەوە و وتوویەتی: "بەمزووانە پرسی ئێران کۆتایی پێ دەهێنم، بە هەر شێوەیەک بێت کۆتایی پێ دەهێنین."

لە لایەکی دیکەوە، رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، بنیامین ناتانیاهۆ فشار دەخاتە سەر ترەمپ بۆ ئەوەی لە رێگەی هەڵمەتێکی ئاسمانیی چڕ و هاوبەشەوە کە ماوەکەی 4 بۆ 7 رۆژ بخایەنێت، هێرش بکەنە سەر ئێران.

بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکا و ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا ترەمپ بڕیاری کۆتایی نەداوە، بەڵام بە جددی تاوتوێی ئەنجامدانی هێرشەکە دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی راپۆرتە هەواڵگرییەکان دەریانخستووە کە ئێران جبەخانەی مووشەک و درۆنەکانی بونیاد ناوەتەوە و پەرە بە بەرنامەی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی دەدات.


AM:09:35:19/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت