رکابەرێکی حزبەکەی ناتانیاهۆ بە سەرۆکی پەرلەمانی ئیسرائیل هەڵبژێردرا

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

پەرلەمانتارانی ئیسرائیل سەرۆکێکی نوێیان لە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی بنیامین ناتانیاهۆ بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەیان (کنێست) هەڵبژارد، ئەمەش وەک یەکەم هەنگاو بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ناتانیاهۆ دادەنرێت، وێڕای هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا.


بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی وتەبێژی کنێست، مەتان کەهانە بە دەنگی 66 پەرلەمانتار وەک سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵبژێردراوە و لە بەرانبەردا کاندیدە رکابەرەکەی 52 دەنگی بەدەستهێناوە. دەنگەکانی کەهانە لەلایەن ئەو پارتانەوە دراون کە پشتیوانی لە گادی ئایزنکۆت، رکابەری سەرەکیی ناتانیاهۆ لە هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمدا دەکەن.

مەتان کەهانە ئەندامی پارتی "یاشار"ـی راستڕەوی میانڕەوە کە ئایزنکۆت سەرۆکایەتی دەکات و لەم پۆستەدا شوێنی ئامیر ئۆهانا، ئەندامی پارتی لیکۆد بە سەرۆکایەتیی ناتانیاهۆ دەگرێتەوە. کەهانە لە وتاری دەستبەکاربوونیدا رایگەیاند: "کنێستی ئیسرائیل ماڵی هەموو هاووڵاتییانی ئیسرائیلە، بەنیازم ببمە سەرۆکی هەمووان."

دوای ئەم شکستە لە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەماندا، بنیامین ناتانیاهۆ لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەنجامی هەڵبژاردنەکە ئەوە نەبووە کە خۆی و ئەوانی دیکەیش دەیانویست، بەڵام ئەمە ویستی خەڵک و ئەو پەیامەیە کە لەم هەڵبژاردنەدا پێیان داون. جەختی لەوەش کردەوە کە خەڵک یەکگرتوویی دەوێت و خوازیارن ئەوان یەکبگرن.

کنێست کە پەرلەمانێکی تاکژووری ئیسرائیلە، 120 کورسی لەخۆدەگرێت و سەرۆکەکەی پێگەیەکی بەهێز و هەژموونێکی زۆری هەیە، لەوانە دیاریکردنی ئەو یاسایانەی دەخرێنە دەنگدانەوە. هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ، 9 جێگری کاتی بۆ سەرۆکی کنێست دیاریکران کە ئەحمەد تیبی و وەلید تەها لە نێویاندان، هەروەها ئەندامانی بەرەکەی ئایزنکۆت بۆ سەرۆکایەتیکردنی چەندین لیژنەی سەرەکیی پەرلەمان دەستنیشان کران.

بەم هەنگاوە، سەرۆکی نوێی کنێست دەتوانێت رێگە بۆ تێپەڕاندنی ئەو پرۆژەیاسایانە خۆش بکات کە لای هاوپەیمانییەکەی ئایزنکۆت و پارتە هاوپەیمانەکانی لە پێشینەن، لە کاتێکدا ئەو جەنەراڵەی پێشوو هەوڵی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران دەدات. دیارترین ئەو پرۆژەیاسایانە بریتین لە:

پێکهێنانی لیژنەیەکی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ی بزووتنەوەی حەماس، کە ناتانیاهۆ دژایەتی دەکات.

دانانی سنوور بۆ ماوەی ویلایەتی سەرۆکوەزیران.

هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی حکوومەتەکەی پێشووی ناتانیاهۆ دەریکردبوون، کە رەخنەگران پێیانوایە دەسەڵاتەکانی دەسەڵاتی دادوەرییان سنووردار کردووە.

لە کاردانەوەیەکی دیکەدا، پارتی لیکۆد بە سەرۆکایەتیی ناتانیاهۆ رەخنەی لە دەنگدانەکە گرت و رایگەیاند، پەرلەمانتاران کەهانەیان "بە دەنگی لایەنگرانی تیرۆر" هەڵبژاردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە ناتانیاهۆ بە درێژایی بانگەشەی هەڵبژاردن هێرشی دەکردە سەر ئەو پارتانەی عەرەبەکانی ئیسرائیل سەرۆکایەتییان دەکەن و بە "هەڕەشەی وجوودی بۆ سەر ئیسرائیل" ناوی دەبردن، کە لە بەرانبەردا ئەو پارتانە لێدوانەکانیان بە "رەگەزپەرستانە و جیاکاری" وەسف کردووە.

پەرلەمانی نوێی ئیسرائیل لە 10ـی تشرینی دووەمدا سوێندی یاسایی خواردبوو بێ ئەوەی حکوومەتی نوێ پێکبهێنرێت، ئەوەش دوای هەڵبژاردنە گشتییە یەکلانەکەرەوەکەی 27ـی تشرینی یەکەم کە ناتانیاهۆی لە زۆرینە بێبەش کرد، بەڵام رێگەیەکی روونیشی بۆ رکابەرە سەرەکییەکانی نەکردەوە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات.


AM:09:05:18/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت