بۆ یەکەمجار ترەمپ، پوتین و شی جینپینگ بۆ تاوتوێکردنی چەکی ئەتۆمی لە چین کۆدەبنەوە

‌

وێستگەنیوز- بابان عومەر

وەزارەتی دەرەوەی چین ئاشکرای کرد، لە 19ی ئەم مانگەدا یەکەمین لووتکەی سێقۆڵیی نێوان سەرۆکانی چین، رووسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و چاوەڕوان دەکرێت تیشک بخاتە سەر رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و کەمکردنەوەی جبەخانە ئەتۆمییەکان.


رۆژی دووشەممە، وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاند، شاری شێنجێن لە باشووری ئەو وڵاتە، لە رۆژی 19ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)ی ئەم مانگەدا، میوانداریی یەکەمین لووتکەی سێقۆڵیی نێوان شی جینپینگ، سەرۆکی چین و هەردوو هاوتاکەی؛ ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەکات.

لەوبارەیەوە ئاژانسی هەواڵی چین "شینخوا" لە زاری وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەوە بڵاوی کردووەتەوە: "سەرۆکی چین شی جینپینگ لووتکەی چین و رووسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ سەرۆکی رووسیا ڤلادیمێر پوتین و سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، لە شاری شێنجێن لە رۆژی 19ی تشرینی دووەمی ئەم مانگەدا دەبەستێت".

پێشتر و رۆژی هەینیی رابردوو، کۆشکی سپی رایگەیاندبوو کە ترەمپ لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، لە پەراوێزی لووتکەی کۆڕبەندی هاریکاریی ئابووریی وڵاتانی ئاسیا و زەریای هێمن "ئاپێک" لە چین، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ شی و پوتین ئەنجام دەدات، کە بە یەکەمین دیداری سێقۆڵیی لەو جۆرە لە نێوان سەرکردەکانی هەرسێ وڵاتدا دادەنرێت. لە لای خۆشییەوە کرێملین پێشتر بەشداریکردنی ڤلادیمێر پوتینی لە لووتکەکەدا دووپات کردبووەوە.

هاوکات، ئۆلیڤیا وێڵز، وتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە داوە کە ترەمپ بەنیازە ژمارەیەک پرس تاوتوێ بکات، لە نێویاندا کەمکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا. روونیشی کردەوە کە سەرۆکی ئەمریکا پێی وایە بڵاوبوونەوەی ئەو چەکانە مەترسییەکی زۆر گەورە دروست دەکات و باوەڕی وایە رەنگە گفتوگۆکان ببنە هۆی رێککەوتنێکی نوێ لە نێوان گەورەترین وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمیدا.

هەرچەندە بەستنی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی بەو شێوازە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرسێ وڵاتدا بێپێشینەیە، بەڵام سەرکردەکانی چین، رووسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان دیدار و پەیوەندیی پێشوو بەیەکیانەوە دەبەستێتەوە، بەتایبەت شی و پوتین کە لەوەتەی سەرۆکی چین لە ساڵی 2013 سەرۆکایەتیی گرتووەتە دەست چەندین جار کۆبوونەتەوە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیش نزیکبوونەوەیەکی سیاسی و ئابووریی پتەوی بەخۆوە بینیوە.

لە بەرامبەردا، چین جەخت لە پابەندبوونی خۆی بە بێلایەنی لە بەرامبەر جەنگی رووسیا و ئۆکرانیادا دەکاتەوە و خۆی وەک نێوەندگیرێکی ئەگەری بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک دەخاتە روو، ئەوەش لە کاتێکدایە وڵاتانی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی "ناتۆ" پەکین تۆمەتبار دەکەن بە پێشکەشکردنی پاڵپشتی بۆ مۆسکۆ لە رێگەی دابینکردنی کەرەستە و تەکنەلۆژیا کە بەشدارن لە بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانیدا.


AM:10:39:16/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت