سوپای پاسداران: بە 6 درۆن راداری بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکامان لە بەحرێن کردە ئامانج

‌

وێستگەنیوز- فیردەوس دڵشاد

سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە ڕێگەی 6 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی هێزەکانی
ئەمریکا لە بەحرێن و سیستمی ڕاداری بەرگریی ئاسمانیی بنکەکەیان کردووەتە ئامانج.


ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هێزەکانی سەر بە یەکەی هەوافەزای سوپاکەیان لە چوارچێوەی ئەوەی بە قۆناغی دووەمی وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا ناوی بردووە، بە 6 درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی هێلیکۆپتەریی ڕیفاع لە وڵاتی بەحرێن.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە ، ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشە درۆنییە سیستمی ڕاداری بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا بووە لە نێو بنکە سەربازییەکەدا، بەڵام هیچ زانیارییەکیان لەبارەی قەبارەی زیانە ماددی و مرۆییەکانەوە بڵاونەکردووەتەوە.

هەروەها جەختیان لەوە کردووەتەوە، گەرووی هورمز بە داخراوی ماوەتەوە و هەر هێرشێکی دیکەی ئەمریکا وەڵامێکی توندتری بەدوادا دێت.

لە لایەکی دیکەوە، پێش بڵاوبوونەوەی ڕاگەیەندراوەکەی ئێران، وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن دوو جار هۆشداریی ئەمنیی لەبارەی بوونی مەترسی بڵاوکردەوە و زەنگی ئاگادارکردنەوە لەو وڵاتە لێدرا.

تا ئێستا دەسەڵاتدارانی بەحرێن و فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) هیچ پشتڕاستکردنەوە یان ڕوونکردنەوەیەکی فەرمییان لەسەر ئەنجامی هێرشەکەی ئەمڕۆ بڵاونەکردووەتەوە.


AM:09:43:15/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت