تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە کارەساتی مرۆیی و تەندروستی لە غەززە دەدات
وێستگەنیوز- ئارام عەلی
رێکخراوی
تەندروستیی جیهانی، ئەمڕۆ هەینی، هۆشداریدا لە خراپتربوونی دۆخی تەندروستی و مرۆیی
لە کەرتی غەززە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستاندا، ئاشکراشی کرد، کە نزیکەی 950 هەزار ئاوارە لەو ناوچانەدا دەژین کە مەترسیی لافاو لەسەرە.
راینهێڵدە
ڤان دی ڤێردت، نوێنەری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە خاکی فەڵەستین، لە
کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سیستەمی تەندروستی لە غەززە لە سەرووی توانای
خۆیەوە کار دەکات، ئەمەش لە سایەی کەمبوونەوەی توندی سووتەمەنی و پێداویستییە
پزیشکییەکان و بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە تەندروستییەکان.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆی ئەو 950هەزار ئاوارەیەی لە ناوچەکانی مەترسیی لافاودا دەژین، 400هەزاریان لە ناوچە زۆر مەترسیدارەکاندان و تێکەڵبوونی ئاوی زێراب و پاشماوەکان
لەگەڵ ئاوی باران لە ناو کەمپەکاندا مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان زیاتر
دەکات.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوەکە، حاڵەتەکانی هەوکردنی توندی
کۆئەندامی هەناسەدان بە رێژەی 33 هەزار حاڵەت بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو
زیادیکردووە، هاوکات بارانبارین زیانی بە نۆ دامەزراوەی تەندروستی گەیاندووە و رێگریشی
لە گەیشتنی کارمەندان و نەخۆشەکان بە بنکە تەندروستییەکان کردووە.
لە کۆتاییدا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوای بەپەلەی
کرد بۆ رێگەدان بە هێنانی خێمە، پلاستیک، پێداویستییەکانی پاککردنەوەی ئاو، ئامێری
پزیشکی، مۆلیدە و سووتەمەنی، چونکە زستانی چوارەم لە غەززە دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی
زۆر سەخت بۆ کەرتی تەندروستی.
PM:08:10:13/11/2026
ئهم بابهته 104
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت