ترەمپ: هیچ شتێک بێ ڕەزامەندیی ئێمە لە گەرووی هورمز تێناپەڕێت
وێستگەنیوز – فیردەوس دڵشاد
دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، واشنتن گەورەترین گەمارۆی مێژوویی بەسەر ئێراندا سەپاندووە و تاران زۆر بەپەرۆشە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا؛ هاوکات جەخت دەکاتەوە کە هێرشە سنووردارەکانیان ئامانجەکانیان پێکاوە.
ئەمرۆ شەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە ویلایەتی فلۆریدا ڕایگەیاند، ئێرانییەکان بنکەیەکی بچووکی بەرگریی ئاسمانییان دروست کردبوو، بەڵام ئێمە لە ماوەی 15 خولەک، یان ڕەنگە 5 خولەکدا بە تەواوەتی وێرانمان کرد.
وتیشی، گەورەترین گەمارۆمان لە مێژوودا سەپاندووە و لە ئێستادا هیچ شتێک بەبێ ڕەزامەندیی ئێمە بە گەرووی هورمزدا تێناپەڕێت.
هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن، هێرشە سنووردارەکانیان لە ئێران ئامانجەکانی خۆیان دەپێکن؛ دەشڵێت، ئێرانییەکان خۆیان زۆر بەپەرۆشن تاوەکو لەگەڵماندا بگەن بە ڕێککەوتن.
لای خۆشیەوە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا سێنتکۆم بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی بەرنامەی "پاداشت لە پێناو دادپەروەری"، ئەمریکا بڕی تا 20 ملیۆن دۆلار پاداشت و دابینکردنی مافی نیشتەجێبوون پێشکەش دەکات بە هەر کەسێک کە زانیاریی هەواڵگری لەسەر دامەزراوە، کەلوپەل و کەسایەتییە زانستییەکانی پەیوەندیدار بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئاشکرا بکات.
دوو بەرپرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئاشکرایان کردووە تاران لە ئێستادا پێداچوونەوە بە کۆمەڵێک پێشنیازی دەوڵەتی قەتەردا دەکات بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ واشنتن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی.
AM:08:29:07/11/2026
ئهم بابهته 344
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت