بەرهەم ساڵح: زیاتر لە 117 ملیۆن کەس ئاوارەن و هاوکاریی مرۆیی ناتوانێت جێگەی چارەسەری سیاسی بگرێتەوە

‌

وێستگەنیوز-

د. بەرهەم ساڵح، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، لە یەکەم وتاری فەرمی و پێشکەشکردنی راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەبەردەم لیژنەی سێیەمی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا، کە زیاتر لە 117 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەهۆی توندوتیژییەوە ئاوارە بوون و جەختی کردەوە کە هەوڵە مرۆییەکان ناتوانن بۆ هەمیشە قەرەبووی جەنگە چارەسەرنەکراوەکان بکەنەوە.


د. بەرهەم ساڵح لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، دەستبەکاربوونی لەم پۆستەدا هاوکاتە لەگەڵ قۆناغێکی سەختی سیستەمی نێودەوڵەتی، چونکە شەڕەکان درێژخایەنتر بوون، سەرچاوە مرۆییەکان کەمبوونەتەوە و لەبری قەیرانی کاتی، ملیۆنان کەس بۆ ماوەی چەندین نەوەیە ئاوارەن. هەروەها تیشکی خستە سەر راستییەکی سیاسی کە شکستهێنانی ئاشتی دەبێتە هۆی کۆچکردن، وەک چۆن لە سوودان ملیۆنان کەس دەربەدەر بوون، لە ئۆکرانیا شەڕ بەردەوامە لە وێرانکاری، و لە یەمەنیش سەرهەڵدانەوەی ململانێکان سەدان هەزار کەسی دیکەی ئاوارە کردووە.

کۆمیسیاری باڵای پەنابەران جەختی لەوە کردەوە، هەرچەندە رێکخراوە مرۆییەکان توانای پاراستنی ئاوارەکان و هاوکاریکردنی خێزانەکانیان هەیە بۆ رزگاربوون، بەڵام کاری مرۆیی هەرگیز ناتوانێت جێگەی چارەسەری سیاسی بگرێتەوە، بەڵکو کۆتاییهێنان بە شەڕ پێویستی بە دیپلۆماسی و سەرکردایەتیی دەوڵەتان و نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە دۆخی نالەباری پەنابەران کرد و روونیکردەوە، ملیۆنان پەنابەر ساڵانێکی درێژە لە مەنفادا دەژین و بێبەشن لە مافی کارکردنی یاسایی، ئازادیی هاتوچۆ و دەستگەیشتن بە سیستەمی پەروەردە و تەندروستی، کە ئەمەش ژیانێکی ناسەقامگیری بۆ دروستکردوون.

بۆ چارەسەری ئەم دۆخەش، د. بەرهەم ساڵح کارنامەیەکی نوێی راگەیاند بە ئامانجی کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو پەنابەرانەی بۆ بژێوییان پشت بە هاوکاریی مرۆیی دەبەستن بۆ نیوە تا ساڵی 2035، ئەوەش لە رێگەی رەخساندنی دەرفەتی کار و سەربەخۆیی ئابووری. هاوکات داوای لە دەوڵەتان، کەرتی تایبەت و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان کرد کە لە وڵاتانی میوانداردا وەبەرهێنانی گەشەپێدان بکەن تا بتوانرێت قەیرانی ئاوارەیی کەمبکرێتەوە.


PM:12:21:06/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت