کۆشکی سپی تاوتوێی هێرشکردنە سەر ئێران دەکات

‌

وێستگەنیوز-

بەپێی راپۆرتی ژمارەیەک لە میدیا باڵاکانی ئەمریکا، لەناو ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا ناکۆکی لەسەر پرسی هێرشکردنە سەر ئێران هەیە؛ بەجۆرێک بەشێک لە بەرپرسان داوای لێدانی سەربازیی نوێ دەکەن، لە بەرامبەردا دەنگێک هەیە کە داوای راگرتنی تەواوەتیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەکات.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، کۆشکی سپی بە شێوازێکی جددی بیر لە بژاردەی هێرشی سەربازیی نوێ بۆ سەر ئێران دەکاتەوە. هاوکات ماڵپەڕی ئاکسیۆس ئاشکرایکردووە کە سوپای ئەمریکا ئامادەکارییەکانی بەرەو کۆتایی دەبات بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی ئەگەری ئۆپەراسیۆنی بەرفراوان لە ئێران، ئەوەش گومانی لای چاودێران دروستکردووە کە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول هاندەری سەرەکی بێت بۆ ئەوەی ترەمپ بگەڕێتەوە ناو ململانێ لەگەڵ ئێراندا.

لە لایەکی ترەوە، کەناڵی فۆکس نیوز لە سەرچاوەیەکی کۆشکی سپییەوە گواستوویەتییەوە، کە ئەگەر ململانێ و شەڕ لەگەڵ ئێران نەبوایە، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بە شێوازێکی تەواو جیاواز دەبوون، هەروەها دەرکەوتنی ئاسۆی هێرشی نوێی واشنتن بۆ سەر ئێران، لەوانەیە ببێتە رێگر لەبەردەم ئەنجامدانی هەر گۆڕانکارییەک لە سەرکردایەتیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکادا.

سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسی و سزاکانیش، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕیاریدا بە سەپاندنی سزا بەسەر 2 کەس و 1 لایەندا، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئێران لە بەدەستهێنانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی؛ ئامانجی ئەو سزایانەش پچڕاندنی ئەو کەناڵانەیە کە تاران پەنایان بۆ دەبات بۆ نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی جبەخانە سەربازییەکەی.

هەر لە راپۆرتەکەی ئاکسیۆسدا هاتووە، لە گفتوگۆ تایبەتەکاندا جێگری سەرۆکی ئەمریکا ناتانیاهۆی لە سەرجەم پرسەکانی پەیوەست بە ئێران بە هەڵە زانیوە و تۆمەتباری کردووە. پێشتریش جەی دی ڤانس هۆشداری دابوو کە بەرپاکردنی شەڕ لەگەڵ ئێران رووبەڕووی ناڕەزایەتی و دژایەتییەکی بەرفراوان دەبێتەوە و لەوانەیە زیانی گەورە بە کۆمارییەکان بگەیەنێت و ببێتە هۆی شکستیان لە هەڵبژاردنەکاندا.


AM:09:31:05/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت