نرخی نەوت دابەزینێکی نوێی تۆمارکرد

‌

وێستگەنیوز-


نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزینێکی نوێی تۆمارکرد، ئەمەش لە کاتێکدایە وەبەرهێنەران بە وردییەوە چاودێریی لێکەوتەی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکا، وە دۆڕانی پارتی کۆمارییەکان و ئاسۆی دیپلۆماسیی جەنگەکانی ناوچەکە دەکەن.

لە دوا مامەڵەکاندا، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت سێ دۆلار 70 سەنت دابەزی و گەیشتە 100 دۆلار و 50 سەنت، هاوکات نەوتی خاوی رۆژئاوای تەکساسی ئەمریکیش دوو دۆلار و 90 سەنت دابەزی و رووی لە دابەزین کرد و گەیشتە 93 دۆلار و 19 سەنت بۆ هەر بەرمیلێک.

ئەم دابەزینە نوێیە لە کاتێکدایە کە چاوی وەبەرهێنەران لەسەر چارەنووسی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێرانە، بەتایبەت دوای دۆڕانی پارتی کۆمارییەکانی سەر بە دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکاندا، سەرەڕای ئەوەی کۆگا نەوتییەکانی ئەمریکا زیاتر لەوەی پێشبینی دەکرا کەمبوونەتەوە و لە دانیشتنی پێشتریشدا نرخەکان لە نزمترین ئاستی چوار هەفتەی رابردوودا بوون، بەڵام هاوکات بوونی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکانی ئۆکرانیا و ئێران کاریگەری لەسەر ئاڕاستەی بازاڕی وزە دروست کردووە.


PM:06:05:04/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت