قالیباف: هاوڵاتیانی ئەمریکا لە رێگەی دەنگدانەوە بە جەنگیان گوت "نەخێر"

‌

وێستگەنیوز-

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، دەنگدەرانی ئەمریکا لە رێگەی بەشداریکردنیان لە دەنگداندا دژایەتی خۆیان بۆ جەنگ دەربڕیوە، جەختیش دەکاتەوە کە وڵاتەکەی پاڵپشتی لەو هەڵوێستەی ئەمریکییەکان دەکات.


محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس ئاماژەی بەوە کردووە، هاوڵاتیانی ئەمریکا لە رێگەی دەنگدانەوە بە جەنگیان گوتووە نەخێر، ئەم هەڵوێستەش جێگەی پشتیوانی تارانە، جا هۆکاری ئەم بڕیارە پەیوەست بێت بە بێداربوونەوەی ویژدان یان قورسیی تێچووی بژێوی ژیان.

قالیباف هۆشداریش دەداتە کۆشکی سپی و رایدەگەیەنێت، لە ئەگەری پشتگوێخستنی ئیرادەی گشتی لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە و هەڵسوکەوتکردن لەسەر بنەمای بەرژەوەندی بەڕێوەبەرانی باجگیریی نێودەوڵەتی، ئەوا واشنتن رووبەڕووی دەرئەنجامی نەخوازراو دەبێتەوە و ئەو نەخێرەی دەنگدەران دەبێتە کابووسێکی راستەقینە بۆ دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە.

ئەم لێدوانەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کاتێکدایە، لە 3ی تشرینی دووەمی 2026 هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا بەڕێوەچوو؛ بەپێی دواین داتاکانیش، لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە کۆی 435 کورسی، دیموکراتەکان 190 کورسی و کۆمارییەکان 110 کورسییان بەدەستهێناوە. هاوکات لە ئەنجوومەنی پیرانیش دیموکراتەکان توانیویانە بە بردنەوەی 52 کورسی لە کۆی 100 کورسی زۆرینە مسۆگەر بکەن، لەسەر ئاستی حاکمی ویلایەتەکانیش دیموکراتەکان 24 کورسی و کۆمارییەکان 13 کورسییان بەدەستهێناوە.


AM:09:31:04/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت