ترەمپ: ئێران ڕێککەوتنی دەوێت، دەکرێ ئەوە رووبدات

‌

وێستگەنیوز –

دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، بەهۆی نەبوونی ئەگەری جەنگ و ئارەزووی ئێران بۆ ڕێککەوتن نرخی نەوت 10 دۆلار دابەزیوە، لە بەرامبەردا بەرپرسانی سەربازی و سیاسیی تاران هۆشداری لە هەر دەستدرێژییەکی نوێی واشنتن دەدەن و جەخت دەکەنەوە کە تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکادایە بۆ ڕێگریکردن لە جەنگ.


دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند: نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو و تۆمارێکی پێوانەیی نزیکەی 10 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزیوە، چونکە خەڵکی هەست دەکەن شەڕ لەگەڵ ئێران ڕوونادات.

ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران خوازیاری هێورکردنەوەی دۆخەکەیە و وتی: ئێران ڕێککەوتنی دەوێت، دەیەوێت بە زووترین کات ئەوە ڕووبدات، دەکرێت ئەوەش بێتەدی.

هاوکات لەگەڵ لێدوانەکانی ترەمپدا، وتەبێژی سوپای ئێران هۆشداریی توندی دایە واشنتن و ڕایگەیاند: لە بەرامبەر هەر دەستدرێژییەکی نوێی ئەمریکادا، وەڵامێکی زۆر خێرا و یەکلاکەرەوەمان دەبێت.

وتەبێژی سوپای ئێران هۆشداریشی دا کە سنوری جەنگ بەرتەسک نابێت و وتی: ئەگەر جەنگێکی نوێ هەڵگیرسێت، جوگرافیای ڕووبەڕووبوونەوەکە تەنها ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا ناگرێتەوە، بەڵکو فراوانتر دەبێت.

لای خۆشییەوە، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، وەڵامێکی بەهێز و عاقڵانەمان پێشکەشی لایەنی ئەمریکی کردووە.

جەختیشی کردەوە کە لە ئێستادا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکادایە ئەگەر بیانەوێت ڕێگری لە هەڵگیرسانی جەنگ بکەن.


AM:10:28:03/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت