حکومەتەکەی شەرع ژنێکی درووزی وەک راوێژکاری ئاشتی دادەمەزرێنێت

‌

وێستگەنیوز-

میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە کە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و کۆچبەرانی سووریا، بڕیارێکی دەرکردووە بۆ دەستنیشانکردنی راگەیاندنکار و دەرهێنەر "موزنا مەمدوح ئەترەش" وەک راوێژکاری وەزارەتی دەرەوە بۆ کاروباری ئاشتی.


موزنا ئەترەش سەر بە پێکهاتەی درووزە و لەدایکبووی ساڵی 1987ـی پارێزگای سوەیدایە (تەمەن 39 ساڵ)، پێشتر وەک چالاکوان و رۆژنامەنووس کاری کردووە. لە رووی بڕوانامەوە، دەرچووی پەیمانگای باڵای هونەرە شانۆیییەکانە لە بەشی رەخنەی شانۆیی، خاوەنی بڕوانامەی دبلۆمە لە زانستە سینەمایییەکان و هەڵگری بڕوانامەیە لە بەشی راگەیاندنی زانکۆی ئەلحەیات ئەلجەدیدە، هاوکات راهێنانی تایبەتی لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی کارەساتەکان، فریاگوزاریی سەرەتایی و یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی بینیوە.

لە کارە مەدەنی و پیشەییەکانیدا، ئەترەش ئەندامی ئەنجومەنی راوێژکاریی ژنانی سووریایە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی رێکخراوی "ئەلموزن"ە بۆ گەشەپێدان و هۆشیاری، ئەندامی یەکێتیی رۆژنامەنووسانی عەرەب و سەندیکای هونەرمەندانی سووریایە و وەک خۆبەخشێکیش لە مانگی سووری سووریدا کاری کردووە، هەروەها پێشتر بە راسپاردەی مەشیەخەی عەقل لە سووریا، بەڕێوەبردنی نووسینگەی درووزە یەکتاپەرستەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئەستۆ بووە.

دامەزراندنی ئەم راوێژکارە درووزە لە کاتێکدایە کە لە چەند مانگی رابردوودا درووزەکانی سووریا رووبەڕووی پەلاماردانی توندی گرووپە چەکدارەکان و خێڵە عەرەبییەکان بوونەتەوە و بەهۆیەوە سەدان کەسیان لێ کوژراوە، لە کاتێکدا بەردەوام دەسەڵاتدارانی دیمەشق درووزەکان بە نزیکبوون لە ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن.


PM:02:34:02/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت