بەقایی: کاتمان لە رێککەوتننامەی ئیسلامئاباد دا بەفیڕۆدا
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2026، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا، نوێترین هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی دانوستانەکان و هەڕەشەکانی ئەمریکا راگەیاند و ئاشکرای کرد کە "رێککەوتننامەی ئیسلامئاباد بەفیڕۆدانی کات بووە" و واشنتۆن لە هەوڵە دیپلۆماسییەکاندا خاوەنی هیچ دەستپێشخەرییەک نەبووە.
بەقایی روونیکردەوە کە ئەمریکا لەبری پەرەپێدانی ئاشتی، بەردەوام هەوڵی تێوەگلانی زیاتری ناوچەکە لە شەڕ و ئاڵۆزی دەدات، سەبارەت بە پرسی گەرووی هورمز و رێککەوتنی نوێش وتی: "پێوەری سەرەکیی تاران تەنیا هەنگاوی پراکتیکییە نەک ئەدەبیاتی نامەنووسین. هیچ رێککەوتنێک ئەنجام نادرێت و گەرووی هورمز بە هیچ شێوەیەک ناکرێتەوە یان پارێزراو نابێت مەگەر ئەوەی ئەمریکا کۆتایی بە گەمارۆی دەریایی بهێنێت و داواکارییە رەواکانی ئێران جێبەجێ بکات، چونکە کۆماری ئیسلامی مەرج و بڕیاری تاکلایەنە بە تەواوی رەتدەکاتەوە".
لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دیپلۆماسی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد کە بەڕێوەبردنی گشتیی رەوتی دیپلۆماسی لە ئەستۆی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییە بە سەرۆکایەتیی سەرۆک کۆمار، هاوکات محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران سەرۆکایەتیی تیمی دانوستانکاری وڵاتەکەی دەکات. وتیشی، ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لەگەڵ ئەمریکا لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامە و سەردانی بەڕێز غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوە بۆ دەوحەی پایتەختی قەتەریش هەر لەو چوارچێوەیەدا بووە.
بەقایی باسی لەوەش کرد کە بنەمای وتووێژە ناڕاستەوخۆکان پڕۆژەیەکی پێشنیازکراوی ئێرانە کە ئێستا بە تەواوی ئامادەیە و "دەرفەتی جێبەجێکردنی لە ماوەی 2 رۆژدا هەیە"، ئەمەش وەک نیشاندانی نەرمی و نیەتپاکی لەلایەن ئێرانەوە، بەڵام بڕیاردان لەسەر چۆنیەتیی وەڵامدانەوەی نامەکەی واشنتۆن لە دەسەڵاتی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیدایە و تۆپەکە لە یاریگای ئەمریکادایە.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، بەقایی هۆشداریی توندی دا لە لێکەوتەی هەڕەشەکانی ئەمریکا دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەی و باسکردنی بەکارهێنانی چەکی تایبەت، کە وەک هاندانی لایەنەکان بۆ پێشێلکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و تێکدانی سەقامگیریی جیهان لە قەڵەمی دا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رەخنەی توندی لە بێدەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی ئاسایش و ئەنجومەنی بڕیاربەدەستانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم گرت بەرانبەر ئەم هەڕەشانە، و راشیگەیاند سەرەڕای ئەوەی سەرجەم پێشێلکارییەکان بەڵگەدار دەکەن، بەڵام ئەزموون دەریخستووە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان تەنیا لە ئاستی دروشمدا ماونەتەوە، جەختیشی کردەوە کە ئەم جۆرە فشارانە هەرگیز ئیرادەی نیشتمانیی تاران ناشکێنن، بەڵکو بڕیاری ئێران بۆ پتەوکردنی ژێرخان و تواناکانی بەرگری پێداگرانەتر دەکەن.
AM:11:40:02/11/2026
ئهم بابهته 192
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت