ترەمپ: دوو ئامانجمان لە ئێران ماوە و لە 10 خوولەکدا تەواوی دەکەین
وێستگەنیوز-
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باسی لە ئەگەری دەستپێکردنی کردەیەکی سەربازیی خێرا دژ بە پێگە ئەتۆمییە ماوەکانی ئێران کرد، هاوکات توانستە سەربازییەکانی دەسەڵاتدارانی تارانیشی بە تەواوی لاواز لەقەڵەم دا.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە کە پێویستە مامەڵە لەگەڵ پێگەی شاخی "الفأس"دا بکرێت کە دامەزراوەی ئەتۆمی لەخۆدەگرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا رەتیکردەوە بە ئاشکرا و لەبەردەم میدیاکاندا باسی وردەکاریی دەستپێکردنەوەی لێدانە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران بکات.
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی تارانیان بە توندی لاواز کردووە و لە ئێستادا تەنیا چەند پێگەیەکی ئەتۆمیی کەم لە ئێران ماونەتەوە کە پێویستیان بە مامەڵەکردنە، هەروەها پەردەی لەسەر ئەوەش لادا، کە دوو ئامانجیان لە ئێران ماوە و ئەگەری هەیە لە رێگەی هێرشێکی سەربازیی زۆر خێراوە و تەنیا لە ماوەی 10 خولەکدا، تەواوی ئەو بنکە ئەتۆمییانەی ماوان بکرێنە ئامانج.
ئەم پەرەسەندنە نوێیەی لێدوانەکانی واشنتۆن لە کاتێکدایە، کە دوێنێ شەممە، ئایەتوڵڵا موجتەبا خامنەیی رێبەری باڵای ئێران رێنمایی دایە تەواوی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بۆ ئەوەی ئامادەی رووبەڕووبوونەوەی هەر ئاستێک لە هەڕەشە بن، بەو پێیەی بەرزکردنەوەی ئامادەباشیی جەنگی بە فاکتەرێکی بنەڕەتی بۆ بەدیهێنانی بەرپەرچدانەوە دانا.
رێبەری باڵای ئێران لە میانی دیدارێکیدا لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپای وڵاتەکەی رایگەیاند، لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەر پەلامارێکی سەربازی یان کردەوەیەکی تیرۆریستی لەلایەن "دوژمنان"ـەوە، ئەوا لە کۆتاییدا هێزە چەکدارەکان و خودی گەلی ئێران دەبن کە کاتی کۆتاییهاتنی شەڕەکە دیاری دەکەن.
AM:08:43:01/11/2026
ئهم بابهته 168
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت