ئێران هێزی دەریایی و ئاسمانیی بەریتانیای خستە لیستی تیرۆرەوە و هەواڵگریی ئەو وڵاتەشی سزادا

‌

وێستگەنیوز-

لە هەنگاوێکی نوێی بەرپەرچدانەوەدا دژ بە لەندەن، وەزارەتی دەرەوەی ئێران زنجیرەیەک رێکاری توندی بەرامبەر بەریتانیا راگەیاند، کە بەپێی بڕیارەکان دەزگای هەواڵگریی دەرەکیی ئەو وڵاتە (ئێم ئای 6) وەک گرووپێکی دژبەر، و هەردوو هێزی دەریایی و ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیاش وەک رێکخراوی تیرۆریستی پۆلێن کران.


ئەم بڕیارەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، کە پاڵپشت بە راسپاردەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە دراوە، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر هەڵوێست و جموجۆڵەکانی ساڵی رابردووی حکومەتی بەریتانیا وەسف کراوە. تاران هۆکاری ئەم هەنگاوەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە لەندەن ئاسانکاری و بنکەی سەربازی و لۆجستیی دابین کردووە و لە چوارچێوەی یاسای هەڕەشە دەوڵەتییەکاندا سوپای پاسدارانی پۆلێن کردووە.

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا هێزەکانی بەریتانیا تۆمەتبار کراون بەوەی لە شەڕەکانی روژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاوکاریی ئەمریکا و ئیسرائیلیان کردووە، هەروەها لە رێگەی بەشداریکردنیان لە ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکان و دابینکردنی بنکە سەربازییەکان، رۆڵیان هەبووە لە بەئامانجگرتنی بەرەی مقاوەمە.

لە چوارچێوەی بڕیارە نوێیەکەدا روونکراوەتەوە، کە لەمەودوا دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا (ئێم ئای 6) بەپێی یاسای توندکردنی سزای سیخوڕی و هاوکاریکردن لەگەڵ نەیاران وەک لایەنێکی دژبەر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، لە هەمان کاتیشدا هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە لەسەر بنەمای یاسای بەرپەرچدانەوەی هاوشێوە، وەک دوو دامەزراوەی تیرۆریستی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، تاران جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم رێکارانە بە تەواوی لە چوارچێوەی بنەما نێودەوڵەتییەکان و لەسەر بنەمای مافی وەڵامدانەوەی هاوشێوە جێبەجێ کراون، هاوکات بەریتانیای بە بەرپرسی یەکەم و سەرەکی لە هەر لێکەوتە و دەرئەنجامێکی ئەم گرژییانە داناوە.


AM:08:34:01/11/2026


ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت