دەنگۆی زۆری دیداری نوێی ترەمپ و کیم جۆنگ ئون هەیە
وێستگەنیوز-
دەنگۆی ئەگەری سازدانی دیدارێکی نوێ لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور لە پەراوێزی لوتکەی داهاتووی ئاپیک (APEC) لە چین رووی لە زیادبوون کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە واشنتۆن، سیئۆل و تۆکیۆ جەخت لە داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە پیۆنگیانگ دەکەنەوە.
ترەمپ پێشتر کۆریای باکووری وەک "جۆرێک لە دەسەڵاتی ئەتۆمی" ناوبردووە و نیگەرانییەکانی لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە کەمکردووەتەوە، هەروەها رایگەیاندووە کە 100% کراوەیە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ کیم جۆنگ ئون؛ هاوکات شیکارییە هەواڵگرییەکانی کۆریای باشوور ئاماژە بەوە دەکەن کە کیم لە سەردانەکەیدا بۆ شاری داندۆنگی سەر سنووری چین، پەیام و هەڵوێستی خۆی لەبارەی دانوستان لەگەڵ ترەمپ گەیاندووەتە پەکین تا لە لوتکەی ئاپیکدا باسی لێوە بکرێت.
لە پەراوێزی ئەم پێشهاتانەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە کە مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانی کۆبوونەوەی گرووپی 20 (G20) لە شاری ئەتلانتای ویلایەتی جۆرجیا، لەگەڵ چۆ هیون، وەزیری دەرەوەی کۆریای باشوور و تۆشیمیتسۆ مۆتێگی، وەزیری دەرەوەی ژاپۆن کۆبووەتەوە و هەر سێ وڵات پێداگرییان لەسەر "داماڵینی تەواوەتیی چەکی ئەتۆمی" لە کۆریای باکوور و جێبەجێکردنی سزاکان کردووەتەوە.
لە بەرانبەردا، کۆریای باکوور بەیاننامەی وڵاتانی چاودێری سزاکانی بە توندی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند سزاکانی رۆژئاوا کاریگەری لەسەر پێگەی وەک دەوڵەتێکی ئەتۆمی نابێت. پیۆنگیانگ بە پاڵپشتیی ڤیتۆی رووسیا و چین، پێگەی چەکە ئەتۆمییەکانی لە دەستووردا بە نەگەڕاوە چەسپاندووە و دەستبەرداربوونی لێیان بە "مەحاڵ" دەزانێت.
لە لایەکی دیکەشەوە، لی جای میۆنگ، سەرۆکی کۆریای باشوور پێشتر پێشنیازی کردبوو کە لەبری لەناوبردنی دەستبەجێ، کار لەسەر سڕکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکە بکرێت لە بەرامبەر سووککردنی سزاکاندا، بەڵام رەخنەگران هۆشداری دەدەن کە ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی داننان بە پیۆنگیانگ وەک دەوڵەتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، پەیوەندییەکانی ترەمپ و کیم پێشینەیەکی لەم جۆرەیان هەیە؛ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا سێ دیدار لەنێوان هەردوو سەرکردەدا لە سینگاپوور، هانۆی و ناوچەی سنووری ئەنجامدرا، بەڵام لووتکەی هانۆی لە ساڵی 2019 بەهۆی ناکۆکی لەسەر چۆنیەتیی هەڵگرتنی سزاکان بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی بنکە ئەتۆمییەکان بە بێ ئەنجام کۆتایی پێهاتبوو.
PM:01:27:31/10/2026
ئهم بابهته 224
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت