ترەمپ: زۆر بە زوویی ئێرانێکی بێ چەکی ئەتۆمی دەبینین
وێستگەنیوز-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئاشکرای دەکات، شەڕ لە ئێران لە هەر کاتێکدا بێت کۆتایی دێت و بەو هۆیەوە نرخی سووتەمەنی لە جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، هاوکات کەناڵی فۆکس نیوزیش بڵاویکردەوە کە ناوبراو پلانی نوێی لەبارەی بژاردە سەربازییەکانی دژی تاران پێگەیشتووە.
بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی "فۆکس نیوز" کە لە زاری سەرچاوەکانیەوە بڵاویکردووەتەوە، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ و بە بەشداریی پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا، دان کین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش و جەنەراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا بەڕێوەچووە؛ تێیدا نوێترین زانیاری و پلانی هێرشکردنە سەر ئێران خراوەتە بەردەست سەرۆکی ئەمریکا.
لە هەمان کاتدا، دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رادیۆی KCMO رایگەیاند: "ئێرانێکی بێ ئەتۆمی دەبینین و ئەو وڵاتە هەرگیز چەکی ئەتۆمی نابێت، زوو یان درەنگ دۆخەکە زۆر بە خێرایی دەگۆڕێت و شتەکان کۆتاییان دێت". ترەمپ وتیشی: "من شەڕم لەگەڵ ئێران دەستپێنەکرد، بەڵکو ئەوان لە ساڵی 1979ـەوە لەگەڵ ئێمە دەستیان پێکرد و ساڵانێکی زۆرە دڕندە بوون، وەک دەزانن هەمووان دەڵێن 47 ساڵە، بەڵام بۆ ماوەیەکی زۆر و نزیکەی 4 ساڵە بەردەوام دەیانوت ئێستا دەستپێدەکات".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران کرد و وتی: "ئێمە سولەیمانیمان کوشت چونکە ئەو باوکی بۆمبی سەر رێگاکان بوو، سەربازەکانی ئێمەی پێ دەتەقاندەوە و بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر سەربازمان لەدەستدا، ئەوانەشی رزگاریان بوو قۆڵ و قاچیان لەدەستدا، پێویست بوو سەرۆکەکانی دیکەش ئەو هەنگاوە بنێن".
سەبارەت بە لێدانی توانا سەربازییەکانی ئێران، ترەمپ ئاشکرای کرد: "ئەوان 159 کەشتییان هەبوو و ئێستا هەموویان لە بنی دەریادان و یەک کەشتییان نەماوە، هەروەها 268 فڕۆکەیان لەسەر رێڕەوی فڕین تێکشکێنراون و پارچە پارچە بوون؛ رادار و بەرگرییە ئاسمانییەکانیان لەکارکەوتوون و راشکاوانە بڵێم سەرکردەکانیان نەماون، بە جۆرێک ئێستا نازانین لەگەڵ کێ دانوستان بکەین". ترەمپ جەختیشی کردەوە کە ئێران دەیەوێت بگاتە رێککەوتن، بەڵام دەبێت ئەو رێککەوتنە گەرەنتیی ئەوە بدات کە تاران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە ئامادەکارییە سەربازییەکان بۆ هێرشی نوێی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لەم مانگەدا گەیشتوونەتە قۆناغێکی هەستیار؛ رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ بڵاویکردووەتەوە کە واشنتن بەشێک لە دەوڵەتانی کەنداوی ئاگادار کردووەتەوە تا دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول خۆیان بۆ هەڵمەتێکی سەربازیی فرەوان و چڕ دژ بە ئێران ئامادە بکەن.
PM:06:27:30/10/2026
ئهم بابهته 268
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت