کارەساتێکی گەورەی هێڵی ئاسنین لە ئیسپانیا؛ 50 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکە بریندارن

‌

وێستگەنیوز-

لە رووداوێکی سەختی پێکدادانی دوو شەمەندەفەری خێرادا لە ناوەڕاستی وڵاتی ئیسپانیا، دەیان کەس بوونە قوربانی و بەهۆیەوە هاتوچۆی هێڵی ئاسنین لە نێوان پایتەخت و باشووری ئەو وڵاتە بە تەواوی پەکی کەوت.


بەپێی راگەیەندراوی بەرپرسانی خۆجێیی، رووداوەکە لە نزیک ناوچەی تۆلیدۆ لە هەرێمی کاستیا لا مانچا (150 کیلۆمەتر لە باشووری مەدرید) روویداوە؛ لە نوێترین ئاماردا پشتڕاستکراوەتەوە کە 50 کەس گیانیان لەدەستداوە و 179 کەسی دیکەش بریندار بوون، هاوکات دەسەڵاتدارانی هەرێمەکە هۆشدارییان داوە لەوەی ئەگەری هەیە ژمارەی گیانلەدەستدان زیاتر بەرزببێتەوە.

لە کاردانەوەی بەرامبەر بەم کارەساتە، پێدرۆ سانشێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، تەواوی تیمەکانی فریاگوزاری رەوانەی مەیدانەکە کراون بۆ بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان، هاوکات پشتیوانی و هاوخەمیی خۆی بۆ بنەماڵەی قوربانییەکان دووپاتکردەوە.

لای خۆیەوە، مانوێل گالان، سەرۆکی شارەوانیی ئۆردا لە لێدوانێکدا بۆ تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی روودانی پێکدادانەکەی پشتڕاستکردەوە. هاوکات وتەبێژی خزمەتگوزارییەکانی فریاگوزاریی ئیسپانیا ئاشکرای کرد کە پێکدادانەکە لە کاتەکانی بەیانیدا روویداوە و سەرجەم تواناکان خراونەتە خزمەت رزگارکردنی قوربانییان، لەوانەش چەندین تیمی ئاگرکوژێنەوە، 3 هێلیکۆپتەر و 2 یەکەی گواستنەوەی فریاگوزاریی چڕ.

بەهۆی کاریگەریی رووداوەکەوە، کۆمپانیای ئادێف (بەرپرسی بەڕێوەبردنی ژێرخانی هێڵی ئاسنینی ئیسپانیا) رایگەیاند، هاتوچۆی شەمەندەفەرە خێراکان لەو هێڵەی کە مەدریدی پایتەخت بە ناوچەکانی باشووری وڵاتەوە دەبەستێتەوە راگیراوە.

ئەم کارەساتە لە کاتێکدایە کە کەمتر لە ساڵێک لەمەوبەر، رووداوێکی هاوشێوەی پێکدادانی دوو شەمەندەفەر لە شارۆچکەی ئاداموس لە باشووری ئیسپانیا روویدابوو، کە لەو رووداوەشدا 46 کەس گیانیان لەدەستدابوو.


PM:01:57:28/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت