ترەمپ هەڕەشەی لێدانی ئێران دەکات؛ تاران وەڵامی دەداتەوە

‌

وێستگەنیوز-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەگەری دەستپێکردنی هێرشی نوێی سەربازی بۆ سەر پێگەکانی ئێران بەدوور نازانێت و رایدەگەیەنێت کە "هەموو ئەگەرێک لە ئارادایە"، هاوکات بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری هەیە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە مانگی نۆڤەمبەردا هەنگاوی کرداری بنرێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە رەنگە لە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان پەنا بۆ کردەی سەربازی دژ بە ئێران بەرن، لە میانی کۆبوونەوەیەکی بانگەشەشدا لە ویلایەتی میسیسیپی، ترەمپ باسی لەو لێکگەیشتن و ئاگربەستە کورتخایەنە کرد کە ئیدارەکەی لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا لە ئیسلامئاباد لەگەڵ ئێران رێککەوتنی لەسەر کردبوو و وتی: "پێم وابوو جۆرێک بوو لە کات بەفیڕۆدان، هەرچەندە پێشتر بە دەستپێکی سەردەمێکی زێڕین و رۆژێکی مەزن بۆ ئاشتیی جیهانیم لەقەڵەم دابوو، بەڵام باشترە گوێ لە پسپۆڕان بگیرێت".

لە بەرانبەردا، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" وەڵامی لێدوانەکانی ترەمپی دایەوە و رایگەیاند، دانپێدانانی ترەمپ بەوەی باوەڕی بە لێکگەیشتنی ئیسلامئاباد نەبووە، سەلمێنەری نادروستی و بێمتمانەیی بەڵێنە دیپلۆماسییەکانی واشنتۆنە، بەقایی رەخنەی لە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی ئەمریکاش گرت و جەختی کردەوە کە واشنتۆن مێژوویەکی درێژی لە پاشگەزبوونەوە لە بەڵێنەکانی هەیە و ناتوانرێت یاسای نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی هەڵبژاردەیی جێبەجێ بکرێت.

هاوکات لەگەڵ ئاشکرابوونی زانیاریی چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی کە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان دوای هەڵبژاردنەکانی 3ی نۆڤەمبەر نزیک بووەتەوە، تاران هۆشدارییەکی توندی بڵاوکردەوە و رایگەیاند هەر هێرشێکی ئەمریکی یان ئیسرائیلی بە وەڵامێکی "چاوەڕواننەکراو" رووبەڕوو دەبێتەوە؛ هەروەها تاران ئاماژەی بەوە کردووە کە بازنەی ئامانجەکانی فراوان دەکات بۆ لێدانی بنکە و بەرژەوەندییە نوێیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و کێبڵە دەریاییەکانی ئینتەرنێتیش دەگرێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانە رۆژنامەوانییەکانیدا، ترەمپ تیشکی خستە سەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئیسرائیل و رایگەیاند، پاڵپشتییە بەردەوامەکانی ئەو بووەتە هۆی گۆڕینی هاوکێشەکان و نەتەنیاهۆی لە شکستێکی گەورە رزگارکردووە و سەرکەوتنێکی بەهێزی پێبەخشیوە؛ ئەوەش لە کاتێکدایە بەپێی دوایین ئامارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل، بەرەکەی نەتەنیاهۆ 57 کورسی و بەرەی ئایزنکۆت 47 کورسییان لە کۆی 120 کورسیی کنێست مسۆگەر کردووە.

سەبارەت بە دۆسیەی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیاش، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە بوونی پێشکەوتن لەو پرسەدا کرد و هیوای خواست لە ئایندەیەکی نزیکدا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کۆبوونەوە ئەنجام بدات.


AM:09:18:28/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت