ئاسایشی کۆبانێ زیاتر لە 100 خێزانی کوردی لە گرێ سپی رزگار کرد و گواستنییەوە بۆ شوێنێکی ئارام

‌

وێستگەنیوز-

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کۆبانێ ئێوارەی ئەمڕۆ زیاتر لە 100 خێزانی کوردی گەمارۆدراویان لە ناو بینای ئیدارەی قەزای گرێ سپییەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو گواستەوە، پاش ئەوەی لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان لەلایەن کۆمەڵێک لە عەرەبە هاوردەکانی ناوچەکەوە هێرشیان کرایە سەر و زیانی مادیی زۆریان بە ئۆتۆمبێلەکانیان گەیەندرا.

لە کاردانەوەی ئەم رووداوەدا، ئیلهام ئەحمەد، سیاسەتمەداری رۆژئاوای کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی (هاوار نیوز) بە توندیی سەرکۆنەی هێرش و دەستدرێژی و سووتاندنی موڵک و ماڵی هاووڵاتیانی کوردی لە شاری گرێ سپی کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشانە بڵاوکردنەوەی ترس و هەڕەشەکردنە لە سەقامگیری و ئاشتیی کۆمەڵایەتی.

هەروەها بەرپرسیارێتیی سەلامەتیی هاووڵاتیان و پاراستنی موڵک و ماڵیان خستە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەکە و هێزە ئەمنییەکان، هاوکات داواشی کرد، دەستبەجێ رێگری لە دەستدرێژییەکان بگرێت و لێپرسینەوە لە تاوانباران بکەن.

جەختیشی کردەوە، مافی دانیشتووانی شارەکە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵییان و پاراستنی ئاسایشیان مافێکی بنەڕەتییە و قابیلی سازشکردن نییە، و پشتیوانیی بەردەوامی خۆی بۆ هاووڵاتیان دووپات کردەوە لە دەستگرتن بە خاک و ژیانی شکۆمەندانەیان.


PM:09:34:26/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت