ئیسماعیل بەقایی: هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل پێشبڕکێیە بۆ تاوانی زیاتر
وێستگەنیوز-
وەزارەتی دەرەوەی ئێران زنجیرەیەک هەڵوێستی لەبارەی پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکە راگەیاند؛ لە نێویاندا میوانداریکردنی کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنی و سەربازی لەگەڵ سێ وڵاتی گرنگی ناوچەکە، هاوکات رەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی ئەوروپا گرت.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە تاران میوانداریی بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئەمنیی وڵاتانی عەرەبستانی سعودی، پاکستان و تورکیا دەکات، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم کۆبوونەوە چوارقۆڵییە هەنگاوێکی کردارییە بۆ چەسپاندنی ئاسایشی ناوچەکە لەسەر بنەمای توانای خودی وڵاتان و تاوتوێکردنی لێکەوتەکانی فراوانخوازییەکانی ئیسرائیل لە فەلەستین و لوبنان
.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ئیسرائیل، بەقایی رەتیکردەوە پڕۆسەیەکی راستەقینەی هەڵبژاردن لە ئارادابێت و رایگەیاند، گۆڕینی رووخسارەکان سروشتی دەستدرێژیکارانەی ئەو دەسەڵاتە ناگۆڕێت و ئەزموونی 80 ساڵی رابردوو دەریخستووە کە ململانێ سیاسییەکانی ناوخۆی ئیسرائیل تەنیا کێبڕکێیەکن بۆ ئەنجامدانی تاوانی زیاتر و کوشتنی هاوڵاتییانی بێتاوان، جەختیشی کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ئامادەباشی تەواودان بۆ بەرگریکردن لە خاک و سەروەریی وڵاتەکەیان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وتەبێژی دیپلۆماسیی ئێران پرسی چەکی ئەتۆمیی بە درۆیەکی دروستکراوی ئەمریکا و ئیسرائیل لەقەڵەمدا و وتی: "ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمی نەبووە و بە دوای بەدەستهێنانەکەشیدا نەڕۆیشتووە، ئێمە لە ساڵی 2015 رێککەوتنمان واژۆ کرد بەڵام واشنتۆن دوای 3 ساڵ لێی کشایەوە"، هەروەها ئەمریکای بە بەرپرسیاری تێکچوونی ئاسایشی کەنداو، گەرووی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت تۆمەتبار کرد.
بەقایی رەخنەی توندی لە سێ وڵاتە ئەوروپییەکە (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا) گرت بەوەی لە ماوەی 2 ساڵی رابردوودا بەدوای سیاسەتەکانی ئەمریکادا رۆیشتوون و لە جیاتی شەرمەزارکردنی دەستدرێژییەکان بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران، پەنایان بۆ میکانیزمی "ئێسناپ بەک" بردووە، داواشی لێکردن پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانیاندا بکەن.
دەربارەی مەلەفە پەیوەندیدارەکانی دیکەی ناوچەکە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لەم تەوەرانە کرد:
سنوورەکانی پاکستان و عێراق: راوێژەکان لەگەڵ پاکستان بۆ چارەسەری کێشە تەکنیکییە سنوورییەکان بە ئەرێنی بەڕێوەدەچن، لە عێراقیش باڵیۆزخانەی ئێران بەدواداچوون بۆ دۆخی دەروازەی چەزابە دەکات کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە کاریگەری لەسەر دروست بووە.
چارەنووسی فڕۆکەوانە ئێرانییەکان: داوای لە دەوڵەتی قەتەر کرد وەڵامدەرەوە بێت لەسەر چارەنووسی ئەو فڕۆکەوانە ئێرانییانەی لەوێن تا ئەو کاتەی بەڵگەی یەکلاکەرەوە دەستدەکەوێت.
پەیوەندی لەگەڵ رووسیا: ئاماژەی بە سەفەری سەرۆککۆماری ئێران کرد بۆ رووسیا بە مەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەی وڵاتانی هەناردەکاری گاز بە ئامانجی بەهێزکردنی دیپلۆماسیی وزە.
دۆخی لوبنان: دووپاتیکردەوە کە پشتیوانیکردنی تاران لە سەربەخۆیی، سەقامگیری و بەهێزبوونی تواناکانی لوبنان، بەشێکە لە ئەرکە ستراتیژییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران.
PM:12:01:26/10/2026
ئهم بابهته 260
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت