دۆناڵد ترەمپ: گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئێران بونیادنەرانەیە و پێش هەڵبژاردنەکان هێرشیان ناکەینە سەر
وێستگەنیوز-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە گفتوگۆی بونیادنەرانەدایە لەگەڵ ئێران و پێش هەڵبژاردنەکان هێرش ناکەنە سەر ئەو وڵاتە، لە بەرامبەریشدا نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئەگەری هێرشێکی نوێ بۆ سەر تاران لەم کۆتایی هەفتەیەدا بەدوور نازانێت.
ئەمڕۆ هەینی 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان گفتوگۆی بونیادنەرانە لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدات، پێش هەڵبژاردنەکان هێرش ناکەنە سەریان.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد: کارێکی زۆر باشمان لە ئێران ئەنجامداوە، دەتوانین بە خێراییەکی زۆر کۆتایی بە پرسەکە بهێنین لەگەڵ تاران، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا دەمانەوێت پرسەکە بەپەلە یەکلایی بکەینەوە یان لێگەڕێین وردە وردە پووکێتەوە؟.
هەروەها وتیشی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئێران لە دۆخی ئیفلیجیی تەواوەتیدا دەهێڵێتەوە، جەختیشیکردەوە کە واشنتۆن توانای کۆنترۆڵکردنی ئەو وڵاتە و دەستبەسەرداگرتنی نەوتەکەی هەیە.
ئەم لێدوانانە هاوکاتن لەگەڵ نوێکردنەوەی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کە بڕیارە لە 3ـی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت.
لەلایەکی دیکەوە، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق، هۆشداری دا لەوەی ڕەنگە لە پشووی کۆتایی ئەم هەفتەیەدا هێرشێکی ئەمریکا بکرێتە سەر ئێران.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەشکرد، ترەمپ لە هەڵوێستەکانیدا زۆر ڕوون بووە و چەندین جار دەرفەتی ڕەخساندووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەڵام تاران گەرووی هورمزی وەک کارتی مامەڵەپێکردن بەکارهێناوە.
لە بەرامبەریشدا تاران هەڕەشەی فراوانکردنی وەڵامەکانی کردووە لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی نوێ، بە جۆرێک کە ئامانجی جۆراوجۆر بپێکێت، هەروەها هەڕەشەی بەئامانجگرتنی کێبڵەکانی ئینتەرنێتیشی لەناو دەریادا کردووە.
PM:08:24:23/10/2026
ئهم بابهته 264
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت