ئەمڕۆ لە ئیستەنبووڵ 7 وڵات کۆدەبنەوە و پرسی گەرووی هورمز تاوتوێ دەکەن

‌

وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ هەینی، شاری ئیستەنبووڵی تورکیا میوانداریی کۆبوونەوەیەکی فراوانی وەزیرانی دەرەوەی 7 دەوڵەت دەکات، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی ئاسایشی دەریاوانی لە گەرووی هورمز و تاوتوێکردنی قەیرانە بەردەوامەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


بەپێی وتەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بەڕێوەدەچێت، تێیدا وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی (بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، سعودیە، پاکستان، میسر و تورکیا) بەشدارن، ئەمەش یەکەم جارە کۆبوونەوەیەک بەم پێکهاتەیە لە نێوان ئەم دەوڵەتانەدا ساز بکرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا، جیا لە دۆسیەی ئاسایشی گەرووی هورمز، باس لە چەندین پرسی گرنگی هەرێمی و نێودەوڵەتی دەکرێت، لەوانەش: پێشهاتەکانی فەلەستین، دۆخی یەمەن، هەروەها هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا.

لە لایەکی دیکەوە، نووسینگەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کردووە، شاندی وڵاتەکەیان لە چوارچێوەی ئەم کۆبوونەوەیەدا، تیشکی سەرەکی دەخەنە سەر ئاسایشی گەرووی هورمز و پرسی بارودۆخی تایبەت بە شانشینی عەرەبیی سعودیە.


AM:10:39:23/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت