قالیباف بۆ ئەمریکا: جەنگ 10 دەرئەنجامی تاڵی بۆتان دەبێت

‌

وێستگەنیوز-

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداری توند دەداتە بەرپرسانی واشنتۆن لە هەڵبژاردنی بژاردەی سەربازی و رایدەگەیەنێت، هەر رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی لەگەڵ تاران بە زیانی ئەمریکا کۆتایی دێت و بەلایەنی کەمەوە 10 لێکەوتەی مەترسیداری بۆ ئەو وڵاتە لێدەکەوێتەوە.

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، ئەگەر ئەمریکییەکان پێیان وایە شەڕ لەگەڵ ئێراندا قازانجیان پێدەگەیەنێت ئەوا لە هەڵەدان، چونکە ئەم هەنگاوە دەرئەنجامی وەک تێکشانی فڕۆکە جەنگییەکان، داڕمانی بازاڕی پشکەکان، کەڵەکەبوونی قەرزەکان، بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و زیادبوونی ژمارەی سەربازە کوژراوەکانیانی بەدوادا دێت.

قالیباف ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرجەم ئەو دەرئەنجامانە بۆ کۆمەڵگەی ئەمریکی رەش دەبن و ئەگەر ئەو بژاردەیە هەڵبژێرن دەبێت بەرگەی لێکەوتەکانیشی بگرن، هاوکات داوای کردووە واشنتۆن ئەم ماتریکسە دەستکردە بشکێنێت و لەم یارییە بێ سوودە بکشێتەوە.

ئەم پەیامەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دوای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت لە پلاتفۆرمی ترووس سۆشیاڵ، کە تێیدا ئێرانی تۆمەتبار کردبوو بەوەی پەنا بۆ دروستکردنی سیناریۆی هێرشی ساختە، چاندنی مین و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دەبات، لە کاتێکدا بە وتەی ناوبراو، لە ئێستادا ئاستی هەناردە و هاتووچۆی نەوت لە گەرووی هورمز لە دۆخی پێش دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکانیش زیاترە.

هەر لەو پەیامەیدا، سەرۆکی ئەمریکا دەسەڵاتی تارانی بە "شەڕەنگێز" ناوبرد و تۆمەتباری کرد بە کوشتنی 75 هەزار خۆپیشاندەر لە ماوەی کەمتر لە 7 مانگدا، هاوکات رەخنەی توندی لە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پارتی دیموکراتی وڵاتەکەی گرت لە ئاست ئەو پرسەدا. لە کۆتاییشدا وەک هێڵێکی سوور جەختی کردەوە کە هەرگیز رێگە نادرێت ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.


AM:09:28:23/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت