نیویۆرک تایمز: ئەمریکا و ئیسرائیل پلانی هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران دادەڕێژن

‌

وێستگەنیوز-

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی ئاشکرایکرد، واشنتۆن و تەلئەبیب خۆیان بۆ قۆناغێکی نوێی هێرشکردنە سەر ئێران ئامادە دەکەن، لە بەرامبەریشدا ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی تووند و بەئامانجگرتنی کێبڵەکانی ئینتەرنێتی ژێر دەریا دەکات.


رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل سەرقاڵی دانانی پلانێکی نوێن بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.

لەو چوارچێوەیەشدا، هەفتەی رابردوو پیت هیگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیلی کردووە و لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە تاوتوێی هێرشە نوێیەکانیان کردووە.

رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، پێدەچێت لە هێرشە نوێیەکەدا ژێرخانی وزە بنکە ئەتۆمییەکان و کۆگاکانی مووشەک و درۆن لە ناوخۆی ئێران بکرێنە ئامانج.

پێشبینی دەکرێت هێرشەکە بکەوێتە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە سەرەتای تشرینی دووەم، هەرچەندە هەڵبژاردنی 27ـی تشرینی یەکەمی ئیسرائیل دەبێتە ئاستەنگ، بەڵام پێدەچێت نەتەنیاهوو دۆخەکە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی یەکڕیزیی نیشتمانی و مانەوەی لە دەسەڵات بقۆزێتەوە.

نیویۆرک تایمز روونیشیکردووەتەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل پلانیان هەیە بنکە ئەتۆمییە قووڵەکانی ژێر زەوی، لەوانەش چیای قولەنگ بکەنە ئامانج، بۆ ئەم مەبەستەش، دۆناڵد ترەمپ پێشنیازی بەکارهێنانی گەورەترین بۆمبی نائەتۆمیی ئەمریکای کردووە کە بە دایکی هەموو بۆمبەکان ناسراوە.

لە بەرامبەر ئەم هەڕەشانەدا، بەرپرسانی ئێران هۆشدارییان داوە و رایانگەیاندووە، لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکاندا، وەڵامەکەیان زۆر دڕندانەتر دەبێت، هەروەها جەختیان لەوە کردووەتەوە کە وەک کارتێکی فشار، هەمیشە کار بۆ ئەوە دەکەن نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرز بکەنەوە تاوەکو راستەوخۆ زیان بە خەڵکی ئەمریکا بگەیەنن.


AM:08:43:22/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت