لە دوو ڕووداوی جیاوازدا لە دەریای ئیجە 12 کۆچبەر خنکان

‌

وێستگەنیوز –

لە دەریای ئیجە و لە کاتی هەوڵدانیان بۆ پەڕینەوە بەرەو ئەوروپا، 12 کۆچبەر لە دوو ڕووداوی جیاوازدا گیانیان لەدەستدا کە ژن و منداڵیان تێدایە.


ئەمڕۆ دووشەممە 19ـەی تشرینی یەکەمی 2026، بەرپرسانی یۆنان ڕایانگەیاند: 12 کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە دەریای ئیجە گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیە تەرمی شەش کەسیان دوای ئەوە دۆزراوەتەوە کە بەلەمەکەیان خۆی کێشاوە بە کەشتییەکی پۆلیسدا.

پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو شەش کەسەی لە نزیک دوورگەی لێسبۆ" بەهۆی پێکدادانەکەوە گیانیان لەدەستداوە، منداڵێکی ساوا و چوار ژنیان تێدایە.

زانیارییەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، شەش کۆچبەرەکەی دیکە لەناو بەلەمێکی بچووکدا بوون و لە نزیک دوورگەی سامۆس بەلەمەکەیان نوقم بووە و خنکاون.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، لانی کەم هەزار و 209 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.



AM:10:22:19/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت