ترەمپ: ئۆکرانیا کاول بووە کەچی زێلێنسکی نایەوێت رێککەوتن بکات
وێستگەنیوز-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، سەرقاڵی پرۆسەی دانوستانە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیادا و جەختی کردەوە کە نایەوێت هیچ هەنگاوێکی "نەفامانە" بهاوێژێت کە ببێتە هۆی دوورخستنەوەی مۆسکۆ لەسەر مێزی گفتوگۆ، هاوکات رەخنەی توندی لە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گرت و تۆمەتباری کرد بەوەی نایەوێت ئەم جەنگە بوەستێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە پێشکەوتنی گەورە لە دانوستانەکاندا بەدەستهاتووە لەوانەش پرسی بارمتەکان، روونیشیکردەوە کە واژۆنەکردنی بەڵگەنامەیەک لە ئێستادا تەنها بۆ ئەوەیە رووسیا لە گفتوگۆکان نەکشێتەوە، لە کاتێکدا دەتوانێت هەر کاتێک بیەوێت واژۆی بکات، ناوبراو ئاشکراشی کرد کە مۆسکۆ هاوکارییەکی زۆر کەم پێشکەش بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و ئەو وەک سەرۆک دەیەوێت ئەم دۆخە بەم جۆرە بهێڵێتەوە، مەگەر ئەوەی "کەسانی گەمژە بێنە سەر رێگە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ سەرکۆنەی هێرشەکانی ئۆکرانیای بۆ سەر کەرتی وزەی رووسیا کرد و رایگەیاند: "زێلێنسکی پاڵاوگەکانی دیزڵ لە رووسیا دەکاتە ئامانج، لە کاتێکدا دەزانێت زیانێکی گەورە بە بازاڕی دیزڵی جیهان و نێو ئەمریکاش دەگەیەنێت بەتایبەت بۆ جوتیاران و ئاژەڵداران؛ ئەمەش لەکاتێکدایە رووسیا بە نرخێکی کەم ملیۆنان بەرمیل دیزڵ هەناردەی جیهان دەکات".
سەبارەت بە هۆکاری هەڵوێستی سەرۆکی ئۆکرانیا، سەرۆک ترەمپ باسی لەوە کرد بەهۆی ئەو بڕە پارە زۆرەی لە ئەوروپا و پێشتریش لە جۆ بایدن دەستی کەوتووە، زێلێنسکی نایەوێت شەڕەکە کۆتایی پێبێت و رەنگە هەر لە سەرەتاوە نەیویستبێت، وتیشی: "زێلێنسکی 2 ساڵ لەمەوبەر دەیتوانی رێککەوتنێکی زۆر باشتر بکات لەوەی ئێستا، بەڵام لە ئێستادا وڵاتەکەی کاول بووە، بەشێکی گەورەی خاک و دەریاکانی لەدەستداوە، و ژمارەیەکی زۆری خەڵکەکەی کوژراون و بریندار بوون".
لە کۆتاییشدا دۆناڵد ترەمپ بە پێداگرییەوە رایگەیاند: "من دەمەوێت ئەم جەنگە کۆتایی پێبێت!".
AM:08:57:19/10/2026
ئهم بابهته 288
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت