دوای 33 ساڵ؛ بۆ یەکەمجار کەسێکی مەدەنی دەبێتە وەزیری بەرگریی ئێران
وێستگەنیوز-
لە دانیشتنێکی ئاشکرای پەرلەمانی ئێراندا بە سەرۆکایەتیی محەمەد باقر قالیباف، نوێنەرانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی بە زۆرینەی رەها دەنگی متمانەیان بە میهرداد ئەخلاقی کتابچی بەخشی، وەک پازدەهەمین وەزیری بەرگری و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە.
لە پرۆسەی دەنگدانەکەدا لە کۆی 277 دەنگ، ئەخلاقی توانی بە بەدەستهێنانی 237 دەنگی بەڵێ، بەرانبەر بە 15 دەنگی نەخێر و بەبێ بوونی هیچ دەنگێکی بێلایەن، متمانەی پەرلەمان بەدەستبهێنێت.
ئەمەش دوای ئەوەی کۆمیسیۆنەکانی ئاسایشی نەتەوەیی و پیشەسازی و کانزاکان پەسەندیان کرد و مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێرانیش لە وتارێکدا بەرگری لە بەرنامە و شیاوێتیی ناوبراو کرد.
دەستبەکاربوونی میهرداد ئەخلاقی وەک وەزیری بەرگری لە کاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا سەرلەشکر ئەمیر عەزیز نەسیریزادە، وەزیری پێشووی بەرگری لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران گیانی لەدەستدا، پاشان وەزارەتەکە لەلایەن مەجید ئیبنورەزاوە وەک سەرپەرشتیار بەڕێوەدەبرا، تاوەکو سەرئەنجام سەرۆک کۆمار لە 13ی رەزبەردا ئەخلاقی وەک بژاردەی کۆتایی پێشکەشی پەرلەمان کرد.
هەڵبژاردنی میهرداد ئەخلاقی لە پێکهاتەی سەربازی و ئەمنیی ئێراندا بە وەرچەرخان دادەنرێت، چونکە دوای 33 ساڵ دەبێتە یەکەمین وەزیری بەرگریی مەدەنی لە وڵاتەکەدا؛ لە دوای ئەکبەر تورکان کە لە کابینەی یەکەمی هاشمی رەفسەنجانی وەزیری بەرگری بوو، سەرجەم وەزیرەکانی بەرگری لە نێوان فەرماندە و پلەدارە باڵاکانی ئەرتەش و سوپای پاسداران هەڵدەبژێردران.
ئەخلاقی کە لە وێنەکان و کۆبوونەوە فەرمییەکاندا بە جلوبەرگی مەدەنی دەردەکەوێت و هیچ نازناوێکی سەربازیی هەڵنەگرتووە و بە "ئەندازیار ئەخلاقی" ناوی دەبرێت، لە بەڕێوەبەرە باڵاکانی پیشەسازیی بەرگرییە و پێشتر پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی پیشەسازیی هەوافەزای سەر بە وەزارەتی بەرگری لە کارنامەی کارکردنیدا هەبووە.
AM:11:48:18/10/2026
ئهم بابهته 388
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت