ترەمپ زۆربەی سزا نوێکانی سەر رووسیای هەڵپەسارد

‌

وێستگەنیوز-

تەنها چەند رۆژێک پێش وادەی دیاریکراوی جێبەجێکردنیان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی مەرسوومێکی سەرۆکایەتییەوە، زۆربەی ئەو سزا نوێیانەی لەسەر رووسیا هەڵپەسارد کە بڕیار بوو لە رۆژی یەکشەممە 18ی تشرینی یەکەمی 2026 بکەونە بواری کارپێکردنەوە.


ترەمپ لە بڕیارەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەڵپەساردنی بەشێک لەو سزایانە لەپێناو دابینکردن و خزمەتکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمریکادایە، سزاکان بە شێوەیەکی سەرەکی کەرتی فرۆشتنی سووتەمەنیی بەردینی رووسیایان دەکردە ئامانج، کە بەپێی پڕۆژەیاساکە، باجێکی گومرکی بە رێژەی تا 100% بەسەر سەرجەم کاڵا هەناردەکراوەکانی رووسیا بۆ ئەمریکا دەسەپێندرا، بەتایبەت نەوتی خاو و گاز.

هاوکات لە رێوشوێنەکاندا هاتبوو کە واشنتۆن سزای توند دەخاتە سەر هەر وڵاتێک کە پاش 30 رۆژ لە دەرچوونی یاساکە، بە ئاگادارییەوە نەوت و گاز لە رووسیا بکڕێت، یان هاوکاریی مۆسکۆ بکات بۆ دەربازبوون لە سزاکان، بە جۆرێک باجی 100% دەخرایە سەر کاڵای ئەو وڵاتانەش کە هاوردەکاری سەرەکیی وزەی رووسیان، ئەم بڕیارەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو رایگەیاندبوو لەپێناو دابەزاندنی نرخەکانی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا، واشنتۆن رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر کڕینی گازوایل لە رووسیا.

دەرکردنی ئەم مەرسوومە نوێیە لە کاتێکدایە کە ترەمپ رێبازێکی هاوسەنگتری لە بەرامبەر مۆسکۆ گرتووەتەبەر؛ هاوکات لەم دواییانەدا بە ئاشکرا رەخنەی لە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا گرتووە و پشتیوانیی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ لەو وڵاتە راگەیاندووە. بڕیاری هەڵپەساردنی سزاکان لەلایەن بەرپرسانی رووسیاوە پێشوازیی لێکرا، بەڵام لە ناوخۆی واشنتندا ناڕەزایەتی لێکەوتەوە و یاسادانەرانی ئەمریکا لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات بە توندی بڕیارەکەی ترەمپیان سەرکۆنە کرد.


AM:09:58:17/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت