سوپای پاسداران: کەشتییەک لە گەرووی هورمز بەمین تەقییەوە

‌

وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە 17ی تشرینی یەکەمی 2026، میدیاکانی ئێران ئاشکرایان کرد، کە کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کاتی تێپەڕبوونیدا بە گەرووی هورمز، بەر مینێکی دەریایی کەوتووە و بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە لە کەشتییەکەدا کەوتووەتەوە.


بەپێی زانیارییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، کە لەلایەن ئاژانسی "تەسنیم"ـەوە بڵاوکراونەتەوە، ئەو کەشتییە بڕی زیاتر لە 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی بارکردووە و بە شێوەیەکی نایاسایی هەوڵیداوە لە رێڕەوێکی رێپێنەدراودا تێپەڕبێت، بەڵام بەر مین کەوتووە و تەقیوەتەوە.

لە پەیامێکیشدا، هێزی دەریایی سەر بە سوپای پاسداران هۆشدارییەکی توندی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "گەرووی هورمز داخراوە، و چارەنووسی هەر کەشتییەک کە پێشێلی یاساکانی ئێران بکات، سووتانە."

رووداوی تێکشکانی ئەم کەشتییە لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی رۆژی هەینی 16ی تشرینی یەکەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی "ئێرنا" لەسەر زاری هێزی دەریایی سوپای ئێران (ئەرتەش) ئاشکرای کردبوو، لە کاتی ئەرکێکی چاودێریدا لە رێڕەوە قەدەغەکراوەکانی نزیک گەرووی هورمز، کەشتییەکی نەوتهەڵگریان بە گڕگرتوویی بینیوەتەوە بەبێ ئەوەی لە سەرەتادا هۆکار و ناسنامەکەی ئاشکرا بکەن.

سەرچاوەکەی ئەرتەش ئەوەشی خستبووە روو، کەشتییەکە بە مەبەستی تێپەڕبوونی نهێنی، سیستەمی چاودێری و شوێنپێهەڵگرتنی کوژاندووەتەوە. هاوکات لایەنی ئێرانی پێداگری لەوە کردووەتەوە کە تەواوی گەرووی هورمز لەژێر کۆنترۆڵی هێزە دەریاییەکانی ئێراندایە و هیچ کەشتییەکی بازرگانی یاخود هێزێکی بیانی ناتوانێت بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی فەرمیی تاران بەو رێڕەوەدا تێپەڕبێت.


AM:08:34:17/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو