کەشناسیی تورکیا لە ئەستەنبوڵ و چوار پارێزگای تر هۆشداریی پرتەقاڵی راگەیاند

‌

وێستگەنیوز-


کەشناسیی تورکیا، ئەمڕۆ هەینی، بەهۆی پێشبینیی بارانبارینی بەخوڕەوە کە بڕیارە لە سبەینێ شەممەوە دەست پێ بکات، هۆشداریی پرتەقاڵی لە پێنج پارێزگای باکووری رۆژئاوای وڵاتەکە، لە سەرووی هەموویانەوە ئەستەنبوڵ راگەیاند، ئەمەش لە کاتێکدایە کە چەند رۆژێک پێش ئێستا لافاوێکی وێرانکەر ناوچەکەی گرتەوە.

دەشڵێت، هۆشدارییە پرتەقاڵییەکە کە دووەم بەرزترین ئاستی مەترسیی کەشوهەوایە و تەنها لە پشت هۆشداریی سوورەوەیە جگە لە ئەستەنبوڵ، هەریەکە لە پارێزگاکانی کۆجایلی، ساکاریا، یالوفا و بۆرسە دەگرێتەوە، هاوکات ئاستی مەترسیی زەردی لە 36 پارێزگای تری وڵاتەکەدا، لەوانە ئەنقەرە، ئیزمیر، ئەدەنە و ئەنتاڵیا، راگەیاند.

ئەم پێشبینییە نوێیانەی کەشناسی لە کاتێکدا دێن، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لافاوێکی گەورە ئەستەنبوڵ و ناوچەکانی دەوروبەری گرتەوە، بەو هۆیەوە چوار کەس گیانیان لە دەستدا و سێ کەسی تریش بێسەروشوێن بوون کە گەڕان بەدوایانیدا هێشتا بەردەوامە.

بەهۆی بارانبارینی توندی رابردووەوە (کە بە گوتەی داوود غوڵ، پارێزگاری ئەستەنبوڵ، بڕەکەی گەیشتووەتە نزیکەی 261ملم بۆ هەر مەتر چوارگۆشەیەک، کە بەرزترین ئاستە لە ماوەی 84ساڵی ڕابردوودا)، نزیکەی 1300 خانوو ژێر ئاو کەوتن، ڕێڕەوە ژێرزەمینییەکان پڕ بوون لە ئاو، و چڕی و قەرەباڵغیی هاتووچۆ لە کاتی لووتکەدا گەیشتە نزیکەی 89%.


PM:07:44:16/10/2026


ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو