سوپای پاسداران: ئەگەری هێرشی ئەمریکا لە ئارادایە و چەکی زۆر پێشکەوتووترمان بەدەستهێناوە
وێستگەنیوز-
وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی بە تەواوی لە ئارادایە و هۆشداریش دەدات کە دوای "جەنگە 40 رۆژەییەکە"، تاران چەکی زۆر پێشکەوتووتری بەدەستهێناوە و هەر هەڵەیەکی واشنتۆن رووبەڕووی وەڵامێکی زۆر بەئازارتر دەبێتەوە.
عەمید حوسێن موحەبی، وتەبێژی سوپای پاسداران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "تاران تایمز" ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە هەڵگیرساندنی جەنگێکی نوێ دژی تاران بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان کارێکی نالۆژیکی و ناژیرانەیە، بەڵام ئەگەری روودانی بەدوور نازانرێت، چونکە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول پێویستی بە بەدەستهێنانی دەستکەوت و سەرکەوتنێکی سەربازی هەیە.
موحەبی ئاشکرای کرد: "لە میانی جەنگە 40 رۆژەییەکەدا، ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە نەوە کۆنەکانی چەک بەستبوو، بەڵام لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا چەندین سیستەمی چەکی زۆر پێشکەوتووتر بەدەستهاتوون کە لە ئەگەری هەر پەلامارێکی نوێدا بەکاردەهێنرێن، بۆیە ئێران لە هەموو کاتێک زیاتر ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوە".
هاوکات، وتەبێژی سوپای پاسداران رەخنەی توندی لە میدیا سەرەکییەکانی ئەمریکا گرت و بەوە تۆمەتباری کردن کە راستیی جەنگە دەرەکییەکان و زیان و شکستەکانی واشنتۆن لە رای گشتیی وڵاتەکەیان دەشارنەوە. سەبارەت بەو دەنگۆیانەشی باسیان لە بوونی دووبەرەکی و ناکۆکی لە نێوان سەرکردەکانی ئێراندا دەکرد، ناوبراو ئەو دەنگۆیانەی بە "تەواو دوور لە راستی و درۆ" ناوبرد و جەختی کردەوە بەرپرسانی ئەمریکا ئەو قسانە بۆ داپۆشینی شکستەکانیان لە جەنگدا بڵاودەکەنەوە.
شایانی باسە، جەنگە 40 رۆژەییەکەی نێوان واشنتۆن و تاران لە کۆتایی مانگی 2ی 2026دا هەڵگیرسا، کە تێیدا ئەمریکا و ئیسرائیل چەندین دامەزراوەی سەربازی و ئەتۆمیی ئێرانیان بۆردومان کرد و تارانیش بە درۆن و مووشەک وەڵامی دایەوە؛ دوابەدوای ئاگربەستێکی کاتی لە وەرزی هاویندا، ئێستا بە نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس جارێکی دیکە هۆشدارییەکان لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان روویان لە زیادبوون کردووە.
PM:01:46:14/10/2026
ئهم بابهته 376
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت