سندوقی نێودەوڵەتیی دراو: هێرشەکانی سەر سعوودیە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووریی هەموو جیهان دروست دەکات
وێستگەنیوز-
بەڕێوەبەری گشتیی سندوقی نێودەوڵەتیی دراو هۆشدارییەکی توند دەدات لە لێکەوتەکانی هێرشەکانی سەر خاکی شانشینی سعوودیە و رایدەگەیەنێت، بەهۆی پێگەی ستراتیژیی ئەو وڵاتە لە بازاڕی وزەدا، پەرەسەندنی ململانێکان رەنگە لێکەوتەی نەرێنی بۆ سەرجەم ناوچەکانی جیهان بەدوای خۆیدا بهێنێت.
کریستالینا گیۆرگیڤا، بەڕێوەبەری گشتیی سندوقی نێودەوڵەتیی دراو لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی کۆبوونەوە ساڵانەکانی سندوقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی نێودەوڵەتی لە بانگکۆک رایگەیاند: "ئابووریی سعوودیە بۆ ناوچەکە و جیهان گرنگە، پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەش رەنگە لێکەوتەی نەرێنیی ئەوتۆی لێ بکەوێتەوە کە بگاتە هەموو کەسێک لە هەموو شوێنێکی جیهاندا".
گیۆرگیڤا ئاماژەی بەوەش کرد، رەوتی هەناردەی وزە و گواستنەوەی دەریایی لە ناوچەکەدا رووبەڕووی گوشاری قورس بوونەتەوە، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی وزە کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر چالاکیی بازرگانی دروست دەکات، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە ئابوورییەکەیان پشت بە هاوردەکردنی نەوت و گازی سروشتی دەبەستێت، ناوبراو باسی لەوەش کرد کە خۆڕاگریی ئابووریی جیهان لە بەرانبەر شۆکە بەردەوامەکاندا گەیشتووەتە ئەوپەڕی سنوورەکانی، بۆیە پێویستە پاڵپشتیی ئەو دەوڵەتانە بکرێت کە داهاتیان کەمە تا بتوانن بەرگەی تەنگژەکان بگرن.
هاوکات لە نوێترین راپۆرتی پێشبینییەکانیدا، سندوقی نێودەوڵەتیی دراو تیشکی خستووەتە سەر کاریگەریی ئاڵۆزییەکان و پێشبینی دەکات لە ساڵی 2026دا ئابووریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست بە رێژەی 0.3% پاشەکشە بکات، بەڵام لە ساڵی 2027دا بە رێژەی 6.3% گەشە بکاتەوە.
سەبارەت بە سعوودیەش، سندوقەکە پێشبینیی پاشەکشەی ئابووریی ئەو وڵاتەی بۆ ساڵی 2026 کەمکردووەتەوە بۆ 3.3% بە بەراورد لەگەڵ پێشبینییەکانی مانگی تەممووز کە 5% و مانگی نیسان کە 6.4% بوو. هەروەها بۆ ساڵی 2027 پێشبینیی گەشەکردنی بەرزکردووەتەوە بۆ 7.9%، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی سعوودیە بەپێی بەیاننامەی بەرایی بودجە، پێشبینیی گەشەیەکی باڵاتر دەکات کە بگاتە 12.8%.
لەلایەکی دیکەوە، بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، شانشینی سعوودیە بەهۆی فراوانیی رووبەری خاکەکەیەوە رووبەڕووی ئاستەنگی بووەتەوە لە پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بەرانبەر هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی حو*سییە*کان، بە جۆرێک ناچار بووە سیستەمەکانی بەرگری بگوازێتەوە بۆ پاراستنی کۆشکەکان و ژێرخانی سەرەکیی وزە.
پەرەسەندنی گرژییەکان دوای ئەوە دێت کە لە مانگی رابردووەوە ململانێی ریاز و حو*سییە*کان چووەتە قۆناغی بۆردومانکردنی ناوەندی شارەکان و دامەزراوەکانی وزە؛ حو*سییە*کان لەرێگەی درۆن و مووشەکی بالیستییەوە هەوڵی پەکخستنی فڕۆکەخانەکانی سعوودیەیان داوە، لە بەرانبەریشدا ریاز ژێرخانی سووتەمەنیی سەنعای کردووەتە ئامانج، هاوکات بۆ خۆپاراستن لە رەخنەی نێودەوڵەتی، هەردوولا پەنایان بۆ ستراتیژیی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی هاووڵاتییان بردووە، لە کاتێکدا بازاڕی نەوتی جیهانی بە نیگەرانییەوە چاودێریی هێرشەکانی سەر کۆمپانیای ئارامکۆ و کەرتی نەوتی ناوچەکە دەکات.
لە ئاستی ناوچەییشدا، وڵاتی پاکستان وەک هاوپەیمانێکی نزیکی ریاز پابەندبوونی خۆی بەپێی رێککەوتننامەی مەککە بۆ پاراستنی ئاسایشی سعوودیە دەربڕیوە و هێزی سەربازی رەوانەی ئەو وڵاتە کردووە. لە هەمان کاتدا تورکیا، میسر و پاکستان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا سەرکۆنەی هێرشەکانی حو*سییە*کانیان کرد، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاش رایگەیاند کە ئەنقەرە لە تاوتوێکردنی پێشکەشکردنی هاوکاریی تەکنیکی و ئەلیکترۆنیدایە بۆ ریاز بەبێ ئەوەی بەشداری لە هیچ چالاکییەکی هێرشبەریدا بکات.
PM:12:06:14/10/2026
ئهم بابهته 248
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت